ڕۆشنگەریی و بوێری: بازرگانی ترس

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە سەدەی هەژدە، پیاوێکی ڕەبەنی بێزار بە ناوی ئیمانوئێل، لە شارێک  بە ناوی کوینسبێرگ، بە کورتی وەڵامی پرسیارێک دەداتەوە، کە لە لایەن سەرنوسەری گۆڤاری بەرلینە مۆناتشرفت، یان مانگانەی بەرلین پێشنیار کرابوو.  پرسیارەکە بە سادەیی ئەمە بوو، ئایا ڕۆشنگەریی چیە؟ وەڵامەکەی هەتا ئەمڕۆ تەتەڵەی دەکەین.

کاری من نیە قسە لە سەر ئەم میراتە گەورەیە بکەم، چونکە هێندە گەورەیە فۆکۆ بە ساتەوەختی دەستپێکی فەلسەفەی مۆدێرن دەستنیشانی دەکات. من یەک دەربڕینی گرنگ لەو وەڵامەوە وەردەگرم، کە لە ڕاستیدا کانتیش لە شاعیرێکی ڕۆمانی وەردەگرێت بە ناوی هۆراش، ئەویش سەپێرە ئاودی  Sapere Aude

سەپێرە ئاودی، لە دەقە شیعرییە ڕۆمانییەکەدا بۆ هاندانی کەسێک نوسراوە کە بڕیاری دوانەخات و دەستوبرد دەست پێبکات، بەڵام لای کانت یانی بوێریت هەبێت بزانە. ئەم هەبونی بوێرییە، ئەم ئازاییە، زاڵبونە بە سەر کۆمەڵێک لە نەریت و گرێ و ڕەفتار و ئاسانکاریی کە کەلتوری پێش ڕۆشنگەریی لە سەری بونیادنراوبوو. دەربڕینەکە ئاراستەی تاکێک یان کەسێک کراوە کە بوێری هەبێت چیدی دوای کەسێکی تر نەکەوێت، چونکە ئەوە قۆناغی مناڵییە. چیدی بە وەڵامەکانی کەسێکی تر ڕازی نەبێت. لە هەمووی گرنگتر چیدی نەترسێت. 
لێرەدا من کەلەپور یان نەرێت بە ترس دەناسێنم و مۆدێرنە بە بوێری. کەلەپور یان تەقلیدی، لە هەر شێوازێکدابێت هەمیشە ترس لە کرۆکەکەیدایە، ئەم ترسە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش دەردەبردرێت. کەلەپور هەمیشە ئاراستەی ڕابەرێکت دەکات، پێت دەڵێت بەردەوامی بدە و ئەوەی هەیە دوبارەی بکەرەوە، شتەکان بپارێزە، گوێڕایەڵ بە، سەرکێش مەبە. 

بەڵام بانگهێشتی ئەوەی کە بوێریت هەبێت فێربیت، پێش هەموو شتێک بانگهێشتە بۆ زاڵبون بە سەر ئەو ترسەدا. بۆیە دەکرێت بە شێوازێکی تر دەریببڕین و بڵێین، مەترسە و فێربە، مەترسە و بزانە، مەترسە و دەست پێبکە.

ئەو ڕۆژگارە کە ئەم پرسە لە ئەوروپا وروژێنراوە، ڕۆژگارێکی تایبەت بوە لە مێژوی ئەو کیشوەرەدا، ڕۆژگاری ڕۆشنگەریی. ئەمڕۆ ڕۆشنگەریی ڕەخنە و گلەیی و گازندەی زۆری لە سەرە، بەڵام هیچ لە گرنگی و بایەخ و کاریگەریی کەمناکاتەوە.

ئەم پرسیارە و وەڵامەکەی تەنها لە هەناو کیشوەری ئەوروپا نەمایەوە، بەڵکو ئەمرۆ پرسێکی جیهانییە، لە هەر جێگایەکی دونیا بە شێوازی جیاواز وەڵام دراوەتەوە. ژانک وی کتێبێکی دڵگیری لە ڕوانگەی مێژوی چینەوە نوسیوە، بە ناوی ڕۆشنگەریی چیە؟ ئایا چین دەتوانێت وەڵامی بداتەوە؟

Zhang, Wei. What is enlightenment : can China answer Kant‌s question? 

ژانک بۆ وەڵامە چینییەکە دەگەڕێتەوە بۆ جوڵانەوەی چواری ئایاری ساڵی ١٩١٩. ئەم بزوتنەوەیە گەرچی دژ بە ئەڵمان و ژاپۆنەکان بوو، بەڵام دەبێتە ئەو ڕوداوەی کە چینییەکان ڕادیکاڵانە دژ بە مێژوی دەرەبەگییان یاخی دەبن. ماو تسی تۆنگ بەرهەمی ئەم بزوتنەوەیە. 
ئەمە لە دونیای ئیسلام و دونیای کوردیشدا کە لە پەراوێزی دونیای ئیسلامدایە بە شێوازێکی جیاواز کەوتوەتەوە. ئەوەی بەبێ لایەنگری تەماشای دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستان بکات، هەرزوو هەست بە بونی ترسێکی گەورە دەکات. دیارە ئەم ترسە لە کاتێکدا سەرچاوەی هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا بەکاردەبرێت بۆ مەبەستی سیاسی و ئابوری و دەسەڵاتیی. کۆمەڵگاکانی ئیسلام لە پێنج سەد ساڵی ڕابوردودا، لەو ساتەوە کە ڕۆژئاوا عەلمانی دەبێت، لە دۆخێکی بەرگریی سەختدا دەژی. ئەم دۆخە لایەنی زۆرە، کەلتوریی، دەسەڵاتیی، ئابوری، جیوپۆلەتیکی و بەهایی. بەڵام من لە ڕوانگەی تەکنێ یان تەکنەلۆجییەوە بۆ دەڕوانم. ڕۆژئاوا بەرهەمهێنی تەکنەلۆجیایە، ئەم تەکنەلۆجیایە، هایدگەرییانە سەیری بکەین، تەنها ئامرازنین، بەڵام شێوازی پەیوەندیمان لە گەڵ دونیا و خۆشماندا دەگۆڕن. ئەم جۆری گۆڕانی پەیوەندییە مایەی ترسی کۆمەڵگاکانی ئیسلامە، بە تایبەتی نوخبەی دەسەڵاتداری: بە مانا فراوانکەی دەسەڵاتداریی.

ئەگەر بە خێرایی تەماشای مێژوی داهێنانەکانی ڕۆژئاوا و هەڵوێستی شارستانی ئیسلام بکەیت لە پێنج سەدەی ڕابوردودا، دەبینیت بە زۆری لە سەرەتادا لە لایەن کۆمەڵگا ئیسلامییەکانەوە ڕێگریی لێکراوە. کاتێک دەزگای چاپ لە ئەوروپا بڵاودەبێتەوە، عوسمانییەکان ڕێگری لێدەکەن بۆ ئەوەی بێتە کۆمەڵکا ئیسلامییەکانەوە. یەکەم ئامێری چاپ ناپلیون دەیهێنێت. دەترسن ئەم ئامێرە نوێیە ببێتە مایەی لاوازبونی دەسەڵاتیان، لەم پێناوەدا بەهانەی ئاینی بۆ دادەڕێژن. بەڵام پاشان ووردە ووردە ڕێگای پێدەدرێت. 

ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدا وەها دەردەخرێت کە پەیوەندی بە ئاینەوە هەیە بەڵام زیاتر نوخبەی دەسەڵاتی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان وەک دەرگاوانێک کار دەکەن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بمێنێتەوە، هەمیشە هەوڵدەدەن بە پشت بەستن بە دەقە ئاینییەکان ڕێگریی لە داهێنان و بەها نوێکان بکەن، چونکە کاریگەری دەبێت لە پەیوەندی ئەم نوخبەیە لە گەڵ دواکەوتوانیان.

ئەم پرۆسەی بەرهەمهێنانی ترسە، ئێستا بووە بە بازرگانییەکی گەورە. وەک جۆرێک لە بازرگانی، ئەگەر بە ڕێساکانی بازاڕ تەماشای بکەین دەبینین، چۆن بازرگانانی ترس لە کێبڕکێی یەکتردان بۆ ئەوەی ترسەکە فراوانتر و تۆختر و توقێنەر تر بکەن. کاتێک بەرهەمهێنانی ترس بازرگانییە، ئەوا دەبێت هەمیشە کاڵاکەت تایبەتر بکەیت.  ئەمڕۆ گەر بە ووردی لە خیتابی سیاسی و بانگخواز و مەلا و چالاکوانە ئیسلامییەکان بنوارین هەموو لە دەوری ئەم ترسە دەخولێتەوە. ئەم پیشەسازی ترسە مانەوەی ئەوان گەرنەتی دەکات، بەڵام دۆخی ڕۆشنگەریی پێگە و ڕۆڵی ڕابەر و ڕێبەر و ڕاڤەکەر و زۆر پۆستی تر دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چونکە وەک لە دەقە کانتییەکەدا ڕون دەبێتەوە، دۆخێک هەیە کە مرۆڤ بە سەر خۆیدا دەسەپێنێت بۆ ئەوەی بۆ هەموو شتێک پێویستی بە ڕێنمایی و ڕێبەر و ئامۆژگاری ئەویتربێت. 

ئەم دۆخە زیانی گەورەی لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان داوە. زیانی یەکەم، ئەم کۆمەڵگایانە لە دواکەوتنێکی زەمەنیدا ماوەتەوە، بەوە هەمیشە بەکاربەرێکی درەنگی بەرهەمە تەکنیکییەکانی ڕۆژئاوایە. ئەو ماوە دابرانە گەرەنتی ئەوە دەکات کە بەرهەم تەکنەلۆجییەکان وەرچەرخان دروست نەکات بەڵکو تەنها بەرخۆرانە مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت. دووەم، نوخبەی تەقلیدی پێگە و ڕۆڵ و سودمەندییەکانیان بەردەوام بێت، لە سەر حسابی زۆرینە. سێیەم، زۆرینەی خەڵکی ئاسایی لە دۆخێکی شلەژانی دەرونیدا بژی بەوەی هەموو ئەوەی هەیەتی دادەڕمێت و لە دەستی دەچێت. چوارهەم، ڕێگرییکردن لە هاتنی دەزگا، دیموکراسی، ماف، بەها و سامان. 

بەڵام ئەگەر لە ڕابوردودا نوخبەی دەسەڵاتداری باڵا ئەم کارەیان دەکرد، ئەمڕۆ ووردە نوخبەش بەم کارە هەڵدەستن، بۆ دەستکەوتی بچوکتر. بانگخواز و یوتوبچی و سیاسی دینکێش و زۆری تر. چونکە ئەم بوارە رەگ و کەلتور و بنەمای زۆری هەیە، کێڵگەیەکی ئاسانە بۆ دەرکەوتن و سامان کۆکردنەوە بەبێ پێداویستییەکی ئەوتۆ. ئەگەر میتۆدی بازاڕ یان مارکێت زیاتر بەکاربەرین ئەوا دەردەکەوت کە چۆن ترس کرۆکی ئەم بازرگانییە. هەروەها ئەم نوخبە ڕابەرە چۆن هەتا بێت ناچارن توندتربن بۆ ئەوەی بازاڕەکەیان باشتربێت. بە جۆرێک ئێستا ئێمە خەریکە لە بنی قاپەکە نزیک دەبینەوە. 

ئەم داواکردنە بۆ ڕابەرایەتی لە لایەن خەڵکەوە کارەساتی لە سیستەمی سیاسی ئێمەدا بەرهەم هێناوە. ئەم خواستە زۆرە لە سەر بچوککردنەوەی دونیا، سادەکردنەوەی، ڕەوانەوەی هەموو گومانەکان، تاوانبارکردنی کەسێک یان لایەک، نەک تەنها دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە بەڵکو دۆخی دەرونی و عەقڵیشی وێران کردوین. ئەو دیدەی بەختیار عەلی بەجێیە کە دەڵێت: کارەسات گەیشتۆتە ئاستێک، کە خەڵکی کاتێک بەر وێنەی ڕۆشنبیرێک دەکەون، داوای زانین، داهێنان، فیکر، قووڵێتی، جوانی، نیگای نوێی لێناکەن، بەڵکو داوای ڕابەرایەتی لێدەکەن، واتە بۆ داهێنەر ناگەڕێن لەناویدا، بەڵکو بۆ ڕزگارکەر دەگەڕێن. بەختیار کە دەڵێت مرۆڤ دەبێت خۆی ڕزگارکەری خۆی بێت، تەرجەمەی دیدەکەی کانتە لە وتاری ڕۆشنگەری چیە؟


25/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر