قەدەغە یان بانگەشە بۆ هاوڕەگزبازیی؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان ڕەشنوسی یاسایەک گەڵاڵە دەکات بە مەبەستی قەدەغەکردنی بانگەشەکردن بۆ هاوڕەگەزبازی. بە پێی ئەم یاسایە هەرکەسێک، ڕێکخراوێک یان لایەنێک بانگەشە بۆ هاوڕەگەزبازی بکات ئەوا سزا دەدرێت یان بەند دەکرێت یان هەردوکیان.

هۆکاری دەرچواندنی یاساکە وەها نوسراوە کە لە پێناو پارێزگاریکردنە لە تاک و خێزان و بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی. پرۆژە یاساکە وەک پەرچەکردارێکە بەرامبەر گەشەی چالاکی ئەو توێژانەی ناو کۆمەڵگادا.

 من لێرەدا لە ڕوانگەی بەها و ئاکار و پیرۆزییەوە لەم یاسایە ناڕوانم، هەموو کۆمەڵگاکانی دونیا بەم قۆناغەدا تێپەڕییون، بەڵکو دەمەوێت ئەوە بپرسم، ئایا ئەم یاسایە ئەم دیاردەیە کۆتایی پێدەهێنێت یان بە پێچەوانەوە بڕەوی پێدەدات؟ وەڵامەکەم لە ڕوانگەی بانگەشە و دروستبونی پشتیوانی و فشار و گەمەی جیوپۆلەتیکی بونیاد دەنێم.

 ڕەهەندی جیوپۆلەتیکی ئەم پرۆژە یاسایە رەنگە بوارێکی هێندە ڕون نەبێت بۆ خوێنەران. هۆمۆسێکچواڵیتی لە دونیای ئەمڕۆدا بەشێکە لە خیتاب و سیمبول و شوناسی بەرەیەک لە دونیا، کە بەرەی ڕۆژئاوایە، لە بەرامبەر بەرەیەکی تردا، کە بەرەی وڵاتانی وەک ڕوسیا، هەنگاریا، ئێران، هەندێک لە وڵاتانی ئەفریقی. ئەم بوونە بە بەشێک لە ململانێی جیوپۆلەتیکی ئەو دیدگایەی بەرهەمهێناوە کە گوایە ئەم دیاردەیە تەنها ڕۆژئاواییە و لە کۆمەڵگاکانی تردا بونی نیە. 

ئەم پرۆژە یاسایە لە لایەن زۆرترین ئەندامانی پەرلەمانەوە پشتیوانی لێکراوە و هەموو فراکسیونەکان تیایدا بەشدارن. ڕەنگە هۆکاری سەرەکی ئەمە ئەوەبێت کە ئەم دیاردەیە لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا جێگای قبوڵ نیە و ئەندامانی پەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی سۆزی جەماوەر پشتیوانی ئەم پرۆژەیە دەکەن. کەواتە، هیچ ئەندامێک ڕەهەندی دۆخی جیهانی و جیوپۆلەتیک و شوناسی هەرێم و پێگەی هەرێمی لەبەرچاو نەگرتوە لەم پرسەدا. لە هەمانکاتدا دەرخەری کۆمەڵێک خەسڵەتی ترە، زاڵبونی هێزە ئیسلامییەکان، ترسی کۆمەڵگا لە کۆتایی خێزان، ئاسانی دژایەتیکردنی ئەم خەڵکانە، چونکە خاوەنی هیچ لیوا و فەوج و سرییەکی چەکدار نین. هەروەها ناڕەزایی زۆرینەی خەڵک لە پەرلەمان و پەرلەمانتاران، یاسایەکی وەها دەبێتە دیارییەکی نێردراو بۆ کەمێک خۆ خۆشەویستکردن لای زۆرێک لە خەڵکی.

با سەرەتا قسە لە سەر ئەو ڕەهەندە بکەین بۆچی پرۆژە یاساکە ئەگەر ببێت بە یاسا، دەرئەنجامی پێچەوانەی دەبێت. هەر لە ئێستاوە هێشتاکە تەنها پرۆژە یاسایەکە و تەنانەت خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ نەکراوە، جێگای سەرنجی میدیا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانە. ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، بە توندی داوای ڕێگریی لە دەرچواندنی دەکات. گەر ئەم یاسایە تێپەڕێت ئەوا دەبێتە بڕگەیەکی سەرەکی لە هەموو ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەربارەی دۆخی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمدا. ئەمە لە کاتێکدا ڕەهەندی جیوپۆلەتیکی هەیە و پاشان دێینە سەری، بەڵام زەمینەی ئەوە دەڕەخسێنێت کە ئەوانەی کە چالاکوانن لەم بوارەدا بە ئاسانی پشتیوانی دارایی و مەعنەوەی بە دەست بهێنن، هەروەها ئەم پرسە، ئەگەر ببێتە یاسا و جێبەجێ بکرێت ئەوا دەبێتە خاڵێکی هەمیشە ئاماژە پێکراو لە هەموو دانیشتنەکانی شاندە ڕۆژئاواییەکان. [توێژی حوکمڕانی هەرێم ئامادەن ڕوبەڕوی فشاری دەرەکی ببنەوە کاتێک هەست بکەن کەسێک مەترسییە بۆیان، بەڵام هەست بە هیچ مەترسییەک ناکەن لە لایەن ئەم خەڵکانەوە، ئەوا ئەستەمە خۆیان لە بەردەم فشارەکاندا ڕابگرن]. لە ئەنجامی ئەمەدا دۆخێک دێتە ئاراوە، یەکەم، حکومەت یاساکە پشتگوێ دەخات. دووەم،  چالاکوانانی ئەم بوارە زیاتر پشتیوانی بکرێن و توانای زیاتریان هەبێت بۆ بانگەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەم بوارەدا. کەواتە ئەو دۆخەی کە دێتە ئاراوە، وەهایە، لە هەوڵی قەدەغەکردنی بانگەشەدا، هەوڵی قەدەغەکردنەکە دەبێتە باشترین بانگەشە، نەک لە ئاستی ناوخۆی هەرێمدا بەڵکو لە ئاستی دەرەوەشدا. 

ئەمە لە ئاستی بانگەشەدا، بەڵام لە ئاستی ڕێکخراو و پەرەدان بە پرسەکە پرۆژە یاساکە خزمەتێکی زۆری چالاکوانانی ئەم بوارە دەکات بەوەی ئاسانتر و بە پشتیوانی زیاتر خۆیان ڕێکبخەن. ئەم دۆخە ڕەنگە چالاکیەکان لە دۆخێکی نیمچە نهێنی و پۆشراودا بهێڵێتەوە، یان ببێتە مایەی ڕوبەڕوبونەوە، کە هەر هێزێکی سیاسی بە ڕاشکاوانە پشتیوانی بکات، لە ئاستی دیپلۆماسی ڕۆژئاواییدا ناوی دەچێتە خانەی دژ بە بەهاکانی ڕۆژئاوا. 

هەرێمی کوردستان پێویستی بە زۆر یاسایە، بەڵام پێویستی بەم یاسایە نیە. هەرگیز حکومەت ناتوانێت بەها و نەریتەکان بپارێزێت بە تایبەتی لە دونیای ئەمڕۆدا. 

ئێستا با قسە لە سەر رەهەندە جیوپۆلیتیکیەکەی بکەین. پرسی هۆمۆسێکچوال بە گشتی دەمێکە پرسێکی جیوپۆلەتیکییە. زۆر کۆمەڵگا، لە گەڵ بەهاکانی تری مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادییەکان، وەهای لە قەڵەم دەدەن کە بەشێک لە سەپاندنی دەسەڵات و هەژەمونی وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوایی. ئەمە لە وڵاتێکی وەک روسیا زۆر زەقە. ڕوسەکان لە دونیابینی نوییاندا دەیانەوێت خۆیان وەها مەتەرێز بکەن کە وڵاتێکن داکۆکی لە بەها تەقلیدییەکانی خێزان دەکەن. لە ڕاستیدا لە ساڵی ٢٠١٣ یاسایەک لە ڕوسیا دەرچوێنرا، کوتومت هاوشێوەی ئەم پرۆژە یاسایەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە. هۆکاری دەرچواندنی یاسا ڕوسییەکە لە پێناو پاراستنی بەها تەقلیدییەکانی خێزاندا بوو، کە ئەگەر هەمان داڕشتن نەبێت تەواو هاوشێوەی پرۆژە یاساکەی هەرێمە. 

لە سەروبەری ڕیفراندۆمدا، ڕوسەکان بۆ خۆ جوداکردنەوە لە ڕۆژئاوا نەرمیی و پشتیوانیان بۆ ڕیفراندۆم پێشاندا، بەڵام تەنها فریودان بوو. بۆیە چونە بەرەی ڕوسەکان لە ئاستی جیوپۆلەتیکی لە قازانجی هەرێم نیە. هەرێم ڕۆژئاوا دروستی کردوە و مان و نەمانیشی بە دەستی ڕۆژئاوایە. چونکە بەرەی دژە ڕۆژئاوایی نەک سود بەڵکو زیانێکی گەورەی بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت لە مەودای درێژخایەندا. 

ڕوسەکان لە میانەی دژایەتیکردنیان بۆ هۆمۆسێکچوال ئامانجیان دژایەتیکردنی بەهاکانی ڕۆژئاوایە لە میانەی ململانێیەکی گەورەدا کە ڕوسەکان هەست دەکەن ڕۆژئاوا دەیەوێت لەناویان بەرێت، مەبەستم لە ڕوی پێگە و ڕۆڵ و تواناوە. بەڵام ئایا لە کوردستان هیچ بیرێک لە ڕەهەندی جیوپۆلەتیکی ئەم یاسایە کراوەتەوە، یان کەسێک بەبێ ئاگا فریودراوە؟

با تەماشای کەیسێکی تر بکەین. نایجیریا یەکێکە لە وڵاتەکانی تری دژ بە هۆمۆسێکچوال لە ئەفریقا و نایجیریاش یاسای هەما جۆری هەیە. پاڵنەری هەرە سەرەکی یاساکەی نەیجیریا ململانێی ئەو وڵاتەیە لە گەڵ ئەفریقای باشوردا، بۆ باڵادەستی لە ئەفریقادا. باشوری ئەفریقا ئازادی زیاترە لە بواری هۆمۆسێکچوالدا، نایجیریا بە دژایەتی ئەو بەهایانە دەیەوێت خۆی وەها وێنا بکات کە ئەفریقایی ڕەسەنە و باشوری ئەفریقا بە بەهاکانی کۆلۆنیالیزم ئالودە بوە. ئایا ڕەهەندە سیمبولی و جیوپۆلەتیکیەکەی ڕەشنوسی یاسای پەرلەمان چیە؟ دیارە من گومانم زیاتر بۆ ئەوە دەڕوات کە کەس بیری لەم ڕەهەندە نەکردوەتەوە، بەڵام بیری لێبکەیتەوە یان نا، بێگومان ئەو ڕەهەند و پێودانگانەی هەیە.

کاتێک هەرێم بە ئاگا دێتەوە لەم رەهەندەی، ئەوا هەمیشە ناچارە لە بەرامبەر ئەوانیتردا بەهانەی بۆ بهێنێتەوە و داوای پۆزش بکات. 

بەم پێیە یاساکە چەندین جۆر پارادۆکسی تیادایە. یەکەم، لە بڕی قەدەغەکردن برەو بە پرسەکە دەدات و هەموو قەدەغەکراوێک زیاتر مەرغوبە. دووەم، پرسەکە لە نەبویەکەوە دەهێنێتە ئارا، هەروەها بە نێودەوڵەتی دەکات.  سێیەم، هەرێم دەخاتە خانەی بەرەیەک و کۆمەڵێک وڵاتەوە، وەک روسیا و ئێران و نەیجیریا و وڵاتانی تر کە هەرێم هیچ سودێکیان لێنابینێت. وەها باشە بۆ پەرلەمان لێکۆڵینەوە بکات لەوەی ئایا قەدەغەکردنی ئەم دیاردەیە لە جێگاکانی چ دەرئەنجامێکی هەبوە. یەکێک لە باشترین نمونەکان وڵاتی ئەمریکایە،  چۆن لە قەدەغەکردنەوە لە سەردەمی مەکارتی، خێرا گۆڕا بۆ دیاردەیەکی ئێجگار بڵاو و دەیان کتێبی لە سەر نوسراو و کتێبەکان بە ملیونان کۆپیان لێ فرۆشرا.

16/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر