چەند سانایە شۆرشگێر؟!

د. سه‌ردار عه‌زیز

ئەم ڕۆژانە لە ئێران ڕوداوێک یان کۆمەڵێک ڕوداوی ئاڵۆز دەگوزەرێن کە کاریگەرییان دەبێت لە سەر زۆر جۆری دەسەڵات و شێوازی پیادەکردنیان: دەسەڵاتی دەوڵەت و هاوڵاتی، هاوڵاتی جێندەریی، دەسەڵاتی پیاو بە سەر ژندا، هەروەها دەسەڵاتی جێندەریی.
کاتێک لە وێنا و ڤیدیوکانی ئێرانی ئەمڕۆ دەڕوانم، دیاردەکان، کەسەکان، دیمەنەکان ئەو پرسیارەیان لەلا دروستکردم کە چەند سانا و سادەیە شۆڕشگێربوون. هەنا ئارێنت لە کتێبی ئاینشمان لە قودس، ڕوبەروی هاوکێشەیەکی سەختمان دەکاتەوە، ئایا کەسێک کە نیەتی نیە خراپەکاربێت، لە میانەی ئاساییبون و هاکەزایی بون و ڕۆتینبون و بچوکبونی، دەبێتە خراپەکار؟ ئایا کەسێک بەوەی دەیەوێت سانا ڕەحەتخوازبێت دەبێتە خراپەکار؟

ئەم چوارچێوە ئەخلاقییە فیکرییە، وەهای لێکردم کە بیر لە ئەوە بکەمەوە، ئایا دەکرێت کەسێک کە نیەت و نیازی نیە شۆڕشگێڕبێت بەڵام بە ئەنجامدانی چەند کارێکی سادە و سانا لە دۆخێکی تایبەتدا ببێتە شۆڕشگێر؟ شۆڕشگێر وەک کەسێک، کۆمەڵێک زۆر لە وێنا و چیرۆک و سەربوردە و حەکایەتی هەیە. یەکێک لە وێنا زاڵەکانی ئەم بوارە وێنای چی گیڤارایە. گیڤارا، وەک خۆی نا، بەڵکو وەک ئایکۆنێک کە باڵاترە لە ئاسایی. بەڵام کاتێک کچێکی لاو لە شارێکی دوورە پەرێز لە گەڵ هاوەڵەکەیدا بە بێ سەرپۆش دەچنە شەقامەکان، لە کاتێکدا لە زۆربەی زۆری دونیادا کارێکی زێدە ئاساییە، بەڵام لە ئێستای ئێراندا کارێکی شۆرشگێڕانەیە. ئەمە تەنها خەسڵەت و جێندەری شۆڕش ناگۆڕێت، بەڵکو ڕەهەندەکانی ئەم کردەیە زۆرن. بە کورتی لەو هەڵوێستەدا دەردەکەوێت کە چۆن نەژیت، وەک ئەوەی سیستەم یان توێژی باڵا، یان دەوڵەت یان کۆمار دەیەوێت بژیت. ئەم ترازانە ئاسایی نیە. سەرتاپا هاوکێشەی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵات هەڵاوگێر دەکات. هێشتا لە زۆر کۆمەڵگاکانی دەرەوەی ڕۆژئاوا مرۆڤ وەک کێڵگەیەک دەبینرێت کە دەسەڵات هەموو توانایەکی هەیە، یان تەنانەت مافیشی هەیە چۆنی بەرهەم بهێنێت یان مامەڵەی لە گەڵدا بکات. هێشتا مرۆڤ وەها نابینرێ کە دەکرێت خاوەندارێتی لە خۆی یان ئەینجینسی هەبێت. کەسێک بێت خۆی ئەخلاقی خۆی لە دونیادا دابڕێژێت. خۆی جۆری ئامادەبونی لە دونیادا دەستنیشان بکات. خۆی بڕیاربدات کە چۆن لە نێو ئەوانیتردا  بونی هەبێت. ئەمە ئەگەر بۆ هەموان ڕاستە، ئەوا بۆ ئافرەت زۆر توندترە. ئەگەر سەیری ئەدەبیاتی دەسەڵات بکەین لە ناوچەکە هەموی لەو ڕوانگەیەوەیە کە دەبێت ئافرەت چی بکات و چی نەکات. ئافرەت بونەوەرێکی پیادەکەرە. ئەو کەسێک نیە بۆی هەبێت بڵێت بۆ؟ 

لە کتێبی زێدە ناسراویدا دەربارەی کامپی نازییەکان، بە ناوی ئەگەر ئەمەیە پیاو (مرۆڤ)Se questo è un uomo  پریمۆ لیڤی باس لە ژیانی دەکات لە کامپی نازییەکان کە چۆن بۆیان نەبوە بڵێن بۆ. هەرکاتێک کە پێیان گوتراوە کارێک یان جوڵەیەک بکەن، کەسێک گوتبێتی بۆ، خێرا لە وەڵامدا پێی گوتراوە، ئێرە جێگای بۆ نیە. دەسەڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خوازیاری دۆخێکی لەو جۆرەن، دۆخێک کە کەسەکان نەتوانن بڵێن بۆ. ئەمە زۆر بە تایبەت لە سەر جەستە و ژیار و چارەنوسی ئافرەت پیادە دەکرێت. ئەمە بنەمای پێکەوە بەستنی، ئەو سێینە گرنگەیە کە ئۆجەلان پێکەوەی گرێدەدات، کە خۆی لە  ژن و ژیان و ئازادییدا دەبینێتەوە. ژن لە دۆخێکی ئازاددا، ئازادییەکەی بۆ ئەوە بەکاردەهێنێت کە مافی ژیانکردن، وەک ئەوەی ژیانێکی ژنانەبێت بژی. دیاری چەمکی ئازادی زۆر زۆر ئاڵۆزە، لە گەڵیدا وابەستەیە بە چەمکی تری وەک نامۆبون، کۆیلە، بەرپرسیارێتی، ئەرک. هەروەها چۆنێتی فەراهەمبونی دیسانەوە ئاڵۆزە. کەسێک تەنها لە لابردنی لەمپەرەکان لە بەردەمیدا ئازاد نابێت، بەڵکو دەبێت بەبێ ڕێگریی دەرفەتی هەبێت بۆ دەستگەیشتن بە سەرچاوەی تواناکان. ڕەنگە ئەمە ئەمڕۆ لە کرۆکی دۆخی ململانێکانی ئێراندابێت. لە کاتێکدا ئافرەت دەچێتە بەر خوێندن، کە یانی سودمەندبون لە تواناکان، ئەوا لە دەرئەنجامدا دەبێت خاوەن خواستی ئازادی، بەڵام لە هەبونی توانا و بونی لەمپەر، ئەوا بەریەککەوتن حەتمییە. ئەمەیە کرۆکی ئەو ڕەوتەی کە دژ بە خوێندنی ئافرەتانە. توانایان پێ مەبەخشە بۆ ئەوەی داوای ئازادی نەکەن. لێرەدا ئەدەبیاتێکی فراوان هەیە، تەنها ئاماژە بە ئەشعیا بەرلین و ئەمارتیا سین دەدەم. 

ئەوەی ڕودەدات لە ڕاستیدا کۆتایی جۆرێکە لە دەسەڵات کە تەمەنی زیاتر لە دوو سەد هەزار ساڵە. لە چەند هەفتەی ڕابوردودا ستونناسی دیاری ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز سایمۆن کوپەر، ستونێکی سەرنجڕاکێشی نوسیبوو لە ژێر ناونیشانی: پیاوبیت لە کۆتایی دوو سەد هەزار ساڵی پیاوسالاریی. سایمۆن باس لە چەند کتێبێک دەکات دەربارەی چۆنێتی پیاوبون لە سەردەمێکدا کە ئافرەت زەمینەی ئەوەی بۆ سازاوە کە وەک خۆی ببێت. یەکەم کتێب باسی دەکات بە ناوی کۆتایی پیاوە، لە نوسینی هەنا ڕۆسین. لای سایمۆن پرسەکە ئەوەیە کە چۆن پیاو ڕابهێنرێت بەوەی ئافرەت وەک کەسێکی ئازاد هەبێت. پیاو بە ئاسانی دەستبەرداری  ئەم دەسەڵات و پێگە و پلە و پایەی نابێت. هاوڕێیەکی ئافرەتم بۆی گێڕامەوە، کاتێک کە وەرزشی راکردن دەکات هەر کاتێک پێش پیاوێک دەکەوێت، بە زۆری پیاوەکان هەوڵدەدەن پیایدا بگەن یان پێشی بکەونەوە، زۆرجار کە بۆیان ناکرێت دوای دەکەون، کاتێک کە ماندوو دەبن و بۆیان دەردەکەوێت کە ناتوانن، بە جنێوێک یان پلارێکی ناشیرین داخی دڵی خۆیان دەڕێژن. 

ئەم دۆخە دەرخەری ئەوەیە کە پیاو وەک دەسەڵاتدار ئاسایی بوەتەوە. دۆخی ئاسایی بونەوە وەک سروشتی بوون وەهایە. میشێل فۆکۆ بە چڕی کاری لە سەر پەیوەندی ئاسایی و ئاسایی بونەوە کردوە: norm and normal.   کاتێک کردیەک یان رەفتارێک ئاسایی دەکرێتەوە وەک سروشتی لێدێت. لەم دۆخەدا چیدی لە ئەوە دەردەچێت پرسیار یان گومان یان نەیارێتی بکرێت بەڵکو پیادەکردنی نابێتە جێگای پرسیار و گلەیی و ڕەخنە. ئەمە باڵاترین دۆخی دەسەڵاتە کە چیدی هیچ بەرگرییەک بەرامبەری بونی نابێت. پیاو لە میانەی چەند هەزار ساڵی دەسەڵاتی ناتوانێت بە ئاسانی ئەم ئاساییە وەک نائاسایی ببینێت. 

ئەم رەهەندە وەها دەکات کە ئەوەی لە ئێراندا ڕودەدات شۆڕش بێت. شۆڕش بە مانای هەڵتەکانی ئاساییەکان. ئەمە زۆر کاریگەترە لە هەموو خەباتێکی چەکداریی و پارتیزانی. لە خەباتی چەکداری یان پارتیزانیدا، لایەنەکان بە بەکاربردنی تونوتیژی باڵا، ڕەنگە لایەک بە سەر لایەکی تردا زاڵ بێت یان بیباتەوە، بەڵام مەرج نیە سروشتی پیادەکردنی دەسەڵات و نۆرمەکان بگۆڕێن، بۆیە دوبارەبونەوە زیاتر چاوەڕوانکراوە. بەڵام کاتێک کردەیەکی مەدەنی دەیەوێت کۆتایی بە ئاسایی و دوبارە و سروشتی بهێنێت و نیزامێکی تەواو جودای پەیوەندی دەسەڵات و ئامادەیی کەسەکان و پەیوەندی نێوان جێندەرەکان دروست بکات، ئەوا هەر لە سەرەتاوە شۆڕشە. 
لێرەدا دوو پرس یان رەهەندی سەرنجڕاکێش لە ئارادان کە دەکرێت قسەیان لە سەر بکرێت: یەکەم ئەو دیدەی کە دەڵێت کاتێک دیکتاتۆرییەت واقیعە، شۆڕش ئەرکە. فەیلەسوفی سویسری Raimund Gregorius 

 لە ڕۆمانی شەمەندەفەری شەو بۆ لیشبۆنە، ئەم دێڕە دەڵێت. شۆڕش لەوێدا یانی ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریی. بەڵام دیدێکی تر جیاواز لە شۆڕش، ڕۆماننوسی گەورەی ئەمریکی هێرمان میلڤیللە بە ناوی بارتلبی. بارتلبی وەک کەسێک کە دەیەوێت هیچ کارێک نەکات کە بە دڵی نیە لە شوێنی کارەکەی بەردەوام بە نەرمی دەڵێت وەهام پێباشە نەیکەم.  "I prefer not.” "Bartleby ئەم ڕەوتە ئێستا لە دونیادا بوە بە ڕەوتێکی بەرفراوان لە ژێر چەمکی وازهێنانی هێمن quiet quitting. 

ڕەوتێکی تر هەیە کە زیاتر لە ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرندا باوە، ئەویش چەمکی دانوستانە. بەم پێیە لایەنە ڕکەبەرەکان بەردەوام لە دانوستاندان لە میانەی بەریەککەوتنیان لە نێو کات و شوێندا. لە میانەی ئەم دانوستانەدا هەردوولا سەرکەوتن و شکستیان توش دەبێت. چەمکی دانوستانی دەسەڵات و چونێتی بەرجەستەبونی لە ژیاری ڕۆژانەدا، تەواو نامۆیە بە پانتایی کەلتوریی لە باشور.

هەموو ئەمانە کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە لە شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا دروست دەکەن. یەکەم، چیدی پیاو، نەک باڵا نیە، بەڵکو دەبێت خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی نەچەوسێتەوە. بۆ نمونە، کچان زووتر لە ڕوی عەقلیەوە پێدەگەن، بۆیە وەها بەباش دەزانرێت کوڕان ساڵێک درەنگتر بخرێنە بەر خوێندن، هەتا دوا نەکەون و توشی گرێی دەرونی کێشەی کۆمەڵایەتی ببن. چیدی، کار قۆرغ نیە بۆ پیاو، بە تایبەتی پاش بە شاربونی مرۆڤایەتی و گەشەی تەکنەلۆجیا. هەروەها گەشەی زۆر بواری تر وەک زانست و دەزگا.


13/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر