بۆچی هەڵەیە لە ئێستادا ململانێی یەکگرتوو بکرێت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

یەکگرتووی ئیسلامی لە دۆخێکی پڕ لە نەشئەی تایبەتدا دەژی. وەها لە خۆی دەڕوانێت کە دەتوانێت ببێت بە خاوەن و پارێزەری ئیسلام لە کۆمەڵگای کوردیدا، لە ئێستادا. لە ئەنجامی ئەمەدا دەتوانێت دەنگێکی زۆر کۆ بکاتەوە لە هەڵبژاردنی داهاتودا. 

بۆچی یەکگرتوو گەشتوەتە کەڵکەڵەی ئەم خەیاڵە؟

پاش ئەوەی کۆمەڵ پاشگریی ئیسلامی لە خۆی کردوەوە و دەنگەکانی کەمی کرد، یەکگرتوو هەست دەکات دەتوانێت دەنگی ئەو خەڵکانە بۆ خۆی ڕابکێشێت کە لە کۆمەڵ تۆراون. 

چۆن دەیەوێت ئەمە بکات؟

یەکگرتوو ساڵانێکی زۆرە باس لە چاکسازی و گرتنە دەستی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی لەو ڕێگایەوە. بەڵام یەکگرتوو هەمیشە شکستی هێناوە لە هەموو چاکسازییەکدا. تێگەیشتنی ئەوا بۆ حوکمداریی زۆر سنوردارە، ئەمەشە وەهای کردوە کە نوخبەی یەکگرتوو هەمیشە نوقمی چێژ و خۆشییەکانی دەسەڵات دەبێت و چاکسازی لە بیر دەچێتەوە.

دیارە هۆکاری تریش زۆرە وەک شکستی مۆدێلی حوکمی ئیسلامی لە تورکیا، تونس، بەهاری عەرەبی و ئێران و زۆر جێگای تریش.
ئێستا چی بۆ یەکگرتوو ماوەتەوە، پرسی ئەخلاق و خێزان و ئەم بوارانەیە.

یەکگرتوو دەیەوێت وێنای ئەوە دروست بکات کە خێزانی ئیسلامی کوردیی و کۆمەڵگای کوردی و ئەخلاق لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدان، ئەوان بە ئەرکی زۆیان دەزانن بیپارێزن. لە مەنهەجی ئیخواندا خێزان، کرۆکە، بۆ دروستکردنی کۆمەڵگاکایەکی ئیسلامی.

بۆ ئەوەی ئەمە بکەن دەبێت نەیار و بوع بوع دروست بکەن کە گوایە مەترسین لە سەر خێزانی کوردی، لێرەدا چەمکی جێندەر و خەڵکانێک کە داکۆکی لەم چەمکە دەکەن، دەکرێن بە سەرچاوەی مەترسی. دیارە یەکگرتوو مەبەستی بوون بە نوێنەری ئیسلام و پاشان سەرمایەگوزارییە لە ڕوی سیاسییەوە لەو ڕوەوە، بۆیە خەمی ئەوەی نیە کە ئایا چەندێک پرسەکان وەهان یان وەها نین. 

بە پشت بەستن بەم پاشخانانە، دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن نەبیتە زەخیرەی خەیاڵە سیاسییەکەی یەکگرتوو.
بێگومان خێزانی تەقلیدی کوردی لە ژێر فشار و هەڕەشەدایە. هۆکارەکانی ئەوانە نین کە یەکگرتوو بانگەشەیان بۆ دەکات، بەڵکو هۆکاری زۆری وەک بەشاربوون، گۆڕانی جۆری ئابوری، زاڵبونی دارایی بە سەر ئابوریدا یان زاڵبونی پارە، گەشە و دیموکراتیزە بونی تەکنەلۆجیا، نەبونی ئاگایی تایبەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لە گەڵ وەرچەرخانەکاندا. 

خێزان بۆ کۆمەڵگای کوردی گرنگە، چونکە خاوەن هیچ دەزگایەکی تری بەدیل نیە، ئەگەر دەوڵەت یان حکومەت هەبێت خەمی پیر و نەدار و تەنها و منداڵ بخوات، ئەوا دۆخەکە باشتر دەبێت بەڵام کۆمەڵگای کوردی هیچ کامە لەمانەی نیە.

پرسی خێزان پرسێکی فرە ڕەهەندی ئاڵۆزە، پێش هەموو کەسێک یەکگرتوو خۆی مەترسییە لە سەری کاتێک بە سیاسی دەکات و بەکاری دەهێنێت بۆ مەبەستی سیاسی. ئەگەر کاتم هەبێت درێژتر قسە لە سەر ئەو مەترسییانە دەکەم کە ئەم هێزە لە خۆیدا پەنهانداوە، وەک بە مۆدێل وەرگرتنی فاشیزمی ئەوروپی، یان خۆ وێناکردن وەک پارتێکی موحافیزەتکار وبەبێ ئەوەی یەک خەسڵەتی پارتی موحافیزەتکاری تیادابێت. 

بۆیە لێرەدا یەکگرتوو و ئەوانەش کەوتونەتە ڕکەبەرییان لە پرۆسەیەکی جەمسەرگیریی سادەدان کە کۆمەڵگای ئێمە پەرت دەکات بەڵام هیچ سینتەتیزێک بەرهەم ناهێنبێت.

26/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر