ئەمریکا ودۆلارەکانی

د. سه‌ردار عه‌زیز

ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن کێشەی دۆلار، یان دابەزینی نرخی دینار، لە ڕاستیدا دەستنیشانکردنێکی هەڵەیە بۆ کێشەکە. کرۆکی پرسەکە دراو و نرخەکەی نیە، بەڵکو سیستەمێکە کە جوڵەی دۆلار لە دونیادا ڕێکدەخات و عێراق هێشتا بەشێک نیە لەو سیستەمە. بەم پێیە، هۆکاری سەرەکی هەڵبەز و دابەزی نرخی دراو، ئابوری نیە، بەڵکو پرۆسەی کۆنترۆڵ و بەدەستهێنانی زانیاری و سەفەری دراوێکی وەک دۆلارە. ئەم سیستەمە بە کۆدی سویفت ناسراوە.
SWIFT "Society for World Interbank Financial Telecommunication”. 
سویفت کورتکراوەی کۆمەڵەی ئەو بانکانەیە کە لە بواری داراییدا پێکەوە گرێدراون لە ڕێگای تێلی-کۆمیونیکەشنەوە. ئەم کۆمەڵەیە پەنجا ساڵ لە مەوپێش لە برۆکسل دامەزرا، بە مەبەستی ئاسانکاریی گواستەوەی دراو لە دونیادا. 
 بە گشتی ئەم کۆدە ١١ ژمارەیە. چوار ژمارەی یەکەم، بانکەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی وڵاتەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی تر بۆ ناسینەوەی بانکەکەیە. سێ ژمارەی کۆتایی  لقی بانقەکەیە. بەم شێوەیە هەر پارەیەک کە لە ڕێگای بانقەوە دەگوێزرێتەوە وڵات و بانق و کەس و شوێنەکەی دەناسرێتەوە. 
عێراق هەتا ئێستا لە دەرەوەی ئەم سیستەمەیە. بەو مانایە کاتێک دۆلار لە عێراقدا هاتوچۆی پێدەکرێت،  نە کەس، نە بانق، نە وڵات، ناناسرێتەوە.
ئەم نەبونی زانیارییە عێراقی کردوەتە ئەو جێگایەی کە وڵاتانی تر بیانەوێت دەستیان بە دۆلار بگات، بەبێ ئەوەی بزانرێت ئەو دۆلارە لە کوێوە هاتوە، پەنا بۆ عێراق بەرن. وڵاتانی وەک ئێران و سوریا کە لە ژێر ئابلۆقەدا پەنا بۆ عێراق دەبەن بۆ بە دەستهێنانی دۆلار، کە ناتوانن لە ڕێگای سیستەمی سویفتەوە بە دەستی بهێنن. بەڵام فاکتەری  سەرەکی قەیرانەکە دزینی دۆلارە. وەک دەبیستن لە ڕێگای وەسڵی ساختەوە دۆلار وەردەگیرێت و دەبرێتە دەرەوە و جارێکی تر وڵات نابینێتەوە. 
دیارە بردنی پارە بۆ دەرەوە تەنها لە ڕێگای بانقەوە نیە بەڵکو وەک هەر کاڵایەکی تر دەکرێتە کۆڵە پشتەوە و حیمایەی بۆ دابین دەکرێت و ئاودیو دەکرێت. یەکێک لە زیانە  گەورەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە وڵاتێکی وەک عێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵا، تەنها پێویستی بە سی، چل  ملیون دۆلارە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە بەر بردنە دەرەوە زیاتر لە دوو سەد ملیون دەخاتە بازاڕەوە. لە کاتێکدا ئەو دۆلارانە پێداویستی ڕاستەقینە نین، بەڵام کەمکردنەوەیان دەبێتە مایەی زیادبونی خواست و گرانبونی بەهای دۆلار. 
لە وڵاتێکدا کە دۆلار دراوی سیقە پێکراوە، دینار کە دراوی فەرمیە وەک دراوی دووەمی ڕۆڵ دەبینێت، ئەوا بەرزبونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری دەبێت، نەک تەنها لە سەر نرخ بەڵکو لە سەر باری دەرونی و دۆخی بازاڕ و دروستبونی ترس. باری دەرونی کاریگەری گەورەی هەیە لە سەر هەڵبەز و دابەزی نرخ. 
دیارە ڕەهەندی تر بونیان هەیە لەم پرۆسەیەدا، بۆ نمونە، بونی دۆلار بە دراوی خەزێنەیی لە دونیادا، وەها دەکات وڵاتان بۆ پشتگیریی دراوە ناوخۆییەکەیان و کڕینی شمەکی هاوردە، پێویستی بە دراوی قورسی وەک دۆلار بێت. بەڵام کاتێک ناتوانن ڕاستەوخۆ بە دەستی بهێنن ئەوا پەنا بۆ وڵاتێکی وەک عێراق دەبەن، کە هێشتا کونێکی ڕەشە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. 
ئەمریکاییەکان دەمێکە دەیانەوێت ئەم کونە ڕەشە دابخەن. داوایان لە حکومەتەکەی کازمی کرد، بەڵام توانای نەبوو هیچ هەنگاوێک لەو بارەوە بنێت. دیارە ڕەنگە ئەمریکاییەکان نەیانویست بێت فشاری زیاتر بخەنە سەر کازمی بەوە وەها دەردەکەوت یان دەبینرا، کە زیاتر مەیلی ڕۆژئاوایی هەیە. بەڵام حکومەتەکەی سودانی، حکومەتی چوارچێوە خۆیەتی و خودی سودانی بەڕێوبەرێکی گشتییە لای برادەرانی ئیتار. 
ئەم رەهەندە هەرێمییە قەیرانەکە وەهایکردوە کە عێراق نە بیەوێت و نە لە توانایدا هەبێت بە هەنگاوێکی وەها هەستێت کە بە خێرایی بەبێ هیچ گیز و گازێک ببێت بە ئەندامی سیستەمی سویفت. بەڵکو زۆر لایەن و کەسایەتی و هێز هەن کە سودیان لە مانەوەی عێراقە لە دەرەوەی سیستەمەکە.
لێرەوە دێینە سەر کەرتی بانکی عێراق. لە عێراقدا سیستەمی بانکی بە مۆدێلی کۆنە. ئەم کەرتە یەکێکە لەو کەرتانەی کە بەردەوام داوا دەکرێت کە دەبێت چاکسازی تیادا بکرێت بۆ ئەوەی ئابوری عێراق ببوژێتەوە. بەڵام وەک چۆن بوون بە ئەندامی سویف رێگری هەیە، هەروەها چاکسازی بانکیش.
کەرتی بانکی لە عێراقدا کەرتێکی دەسەڵاتییە. زۆربەی زۆری بانکەکان لە لایەن کەسێکی دەسەڵاتدارەوە خاوەندارێتی دەکرێن. کاری هەرە سەرەکی ئەم بانکانە، کاری بانکی نیە کە لە دونیادا هەیە، وەک ئاسانکاری گواستنەوە، یان دابینکردنی قەرز یان بون بە بەشێک لە سیستەمی بازاڕ و ئەم جۆرە کارانە، بەڵکو زیاتر مەزادی دراو و پارە حەواڵەکردن و پارە سپی کردنەوەیە.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە عێراقدا زۆرترین بانکی ئیسلامی بونی هەیە، کە هەموی وەک ڕوپۆشێک بەکار دێت بۆ سپیکردنەوەی پارە. تەنانەت کەسێکی وەک نور زوهێر، کە دزێکی گەورەی بەڕێزە، خاوەن بانکێکی ئیسلامیە.
لە عێراقدا ئەم پرسە کەمتر وەک پرۆسەیەکی دراویی یان ئابوری دەبینرێت بەڵکو زیاتر وەها دەبینرێت کە کارێکی سیاسی و جیوپۆلەتیکییە. پرسی دۆلار وەک چەکێک دەبینرێت لە دەستی ئەمریکادا بۆ فشار خستنە سەر حکومەتەکان. بەشی زۆری تێگەیشتن لە عێراقدا تیورەی پیلانگێڕییە. بۆ نمونە زۆرینەی خەڵک وەها بیردەکەنەوە کە ئەمریکا سزای عادل عەبدولمەهدی دا لە بەر پەیوەندی لە گەڵ چیندا. تەناتە ڕەنگە عادل خۆشی وەها بیر بکاتەوە کە ئەمریکاییەکان لاینبرد بۆیە ئێستا وەها دەنوسێت. لە کاتێکدا جگە لە کازمی هەموو سەرۆک وەزیرانێکی عێراقی سەردانی چینی کردوەو گرێبەستی لەیەکگەیشتنی لە گەڵ چیندا واژۆکردوە. 
بێگومان ئەمریکا، کاتێک دەیەوێت ئێران لە ژێر ئابلۆقەدابێت، ئەوا ئەگەر ڕێگە بدات وڵاتێک بە هەموو شێوەیەک ئەو ئابلۆقەیە  بشکێنێت، ئەوا ئابلۆقەدانەکەی پوچ دەبێتەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئامانجی ئەمریکا هەرچییەک بێت، دۆلار چەکێکی بەهێزە، لە سەردەمێکدا کە چەکی سەربازی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی گۆڕاوە. ئامانجێکی تر ئەمریکاییەکان ئەوەیە کە ئەو پارە گەندەڵییەی کە دەدزرێت لە ناو عێراقدا ساغبکرێتەوە، هەرکاتێک حکومەتێکی بەهێز دروست بوو، بتوانێت بیانگێڕێتەوە. ئەمە بەشێکی لەو شانۆگەرییە بێ تامەدا دەبینین کە لە گەڵ دزی سەدەدا دەکرێت.
پارەی گەندەڵی و دزراوی زۆری عێراق یەکێک بووە لە سەرچاوەکانی دروستبونی سیستەمێکی ئابوری تایبەت لە ناوچەکەدا. ئەمە تەنها تایبەت نیە بە عێراقەوە، وڵاتانی وەک ئەفغانستان، ئێران، پاکستان و وڵاتانی تری ناوچەکە، هەموو سەرچاوە پارە بردنن. وڵاتانی تری ناوچەکە هەوڵدەدەن لەم پارە دزراوانە سودمەندبن، بۆیە لەم پێناوەدا کۆمەڵێک کارئاسانیان سازاندوە. بۆ نمونە، کڕینی خانو لە تورکیا و ئوردون و ئیمارات، یەکێک لە ڕێگا باوەکان. هەرچەندە خانوو ڕەنگە بڕەکەی کەم بێت بەڵام رێژەکەی زۆرە، بۆیە لە ئەنجامدا کەڵەکە دەبێت. ئەم دیاردەیە نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتانێک کە سەقامگیرتن لە عێراق دەیانەوێت سەرمایەگوزاری بکەن لە سەر داهاتی زۆری عێراق، لە بەر نەبونی سەقامگیری و بنەماکانی تری ژیانی ئاسایی. ئەم دۆخە لە عێراقدا خراپتر دەبێت بە خراپتربونی ژینگەی سروشتی و ژینگەی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتی. 
هەموو ئەمەی ڕودەدات لە کاتێکدایە کە توێژێکی کەم سودمەندی دۆلارە، بەڵام توێژێکی ئێجگار بەرفراوان  زەرەرمەندە. 
لە هەمانکاتدا دۆخی دۆلار ئەوە دەردەخات کە وەهمی ئەوەی کە لە دەرەوەی دونیا بژیت یان خاوەن سەروەری بیت، وەهمێکە خۆشە. ئێستا عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک بژاردەدایە، یەکەم، درێژکردنەوەی دۆخی ئێستا. دووەم، دەستپێکردنی پرۆسەی هەنگاو بە هەنگاو، سێیەم، سوربون لە سەر ناچارکردنی عێراق بە بونی بە ئەندامی سویفت. لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی پەرتن. ئەو وڵاتەی کە دەتوانێت دەستی هەبێت لە سەر چۆنێتی بڕیاردان ئێرانە، ئەمریکاش ئامانجی ئەوە. ئایا دراو و درۆن ناوچەکە بەرەو کوێ دەبەن؟

09/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر