کورد و ئەمریکا: سەرەتا

د. سه‌ردار عه‌زیز
پاش تەواوکردنی توێژینەوەیەکم بە زمانی ئینگلیزی دەربارەی پەیوەندی کورد و ئەمریکا، بڕیارمدا بە زنجیرەیەک نوسین، بە کوردیش کاری لە سەر بکەم. ئەم زنجیرە نوسینە هەر جارێک بەشێک لە ئەو دیدە بەرچاو دەخات کە لە توێژینەوەکەدا کاری لە سەر کراوە.

کرۆکی توێژینەوەکە سادەیە: هەردوو ئەمریکا و کورد، بۆ مەبەستی جیاواز دەیانەوێت پارتنەرشپ یان هاوەڵێتی لە گەڵ یەکتردا دروست بکەن، بەڵام هەردوولا بۆ هۆکاری تایبەت بە خۆیان و نێوانیان، هێشتا نەیانتوانیوە بنەماکانی ئەو هاوەڵێتییە بچەسپێنن.

ئەم بەشی  سەرەتایە بۆ خوێندنەوە دیدی ترە لە سەر پەیوەندی کورد و ئەمریکا. بە گشتی دوو دیدی گشتی زاڵە بە سەر پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکادا، دەکرێت بۆ سادەکردنەوە ناویان بنێین دیدی چەپ و دیدی ناچەپ. ناچەپ ڕاستڕەونیە، بەڵام تێکەڵەیەکە لە لیبرال و پراگماتیست و خەڵکانی سەر بە قوتابخانە جیاوازەکانی ڕشتەی پەیوەندی نێودەوڵەتی. 

بۆ دەرخستی دیدی چەپ لە نوسینێکەوە لە بڵاوکردنەوەی ئینتەرسێپتەوە دێڕێک وەردەگرین لە سەروبەری کشانەوەی ترەمپ لە ڕۆژئاڤا، کە تیایدا دەڵێت: هیچ شتێک لە دونیادا مایەی دڵنیایی نیە مەرگ و باج و خیانەتی ئەمریکی لە کورد نەبێت. پێکەوەگرێدانی مەرک و باج دەربڕینێکە سەرەتایەکی ناڕونی هەیە، هەندێک بۆ ئادەم سمیسی دەگێڕنەوە، بەڵام هەندێکی تر دەڵێن بۆ بنیامین فرانلکین لە نامەیەکدا لە ١٣ی مانگی یانزەی ساڵی ١٧٨٩ بۆ جان-باپتیزی دەنوسێت. بەڵام لە ١٧٢٦ دانیال دیفۆیش لە کتێبی مێژوی سیاسی شەیتاندا ئاماژەی پێدەکات.  بە هەرحاڵ هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە دەربڕینەکە ڕەگی قوڵی هەیە لە کەلتوری سیاسی و فیکریی ڕۆژئاوادا.

زیادکردنی خیانەتی ئەمریکا بۆ دەربڕینەکە بەشێکە لەو خیتابە باڵایەی چەپ کە ئەمریکا دۆستی هیچ پرس و گەل و خەڵکێک نیە، خاوەنی هیچ بەهایەکی مرۆیی نیە، بەڵکو بەهای خراپی وەک خیانەت سیفەتی سەرەکییەتی. بۆ چەپ ئەگەر ئەمریکا باشەیەک بەرامبەر کورد بکات لێی بێدەنگە، بەڵام کاتێک خراپەیەک دەبێت، دەیکات بە هەڵا، نەک لە بەر کورد، بەڵکو وەک بەشێک لە ململانێی خۆی لە گەڵ سیستەمی سەرمایەداری، کە ئەمریکا بوە بە نوێنەریی. ئەگەر چەپ ڕەخنەی ئیمپریالیزم دەکات بەوەی کە بەکاری دەبات، ئەوا خۆشیان کوتومت هەمان کار دەکەن. 
ئەم دیدە پەل و پۆی زۆری لێدەبێتەوە، بەشێکی زۆری ئەدەبیاتی کورد و ئەمریکای داگیرکردوە. ڕەتکردنەوەی ئەم خیتابە مانای ئەوەنیە کە ئەمریکا خیانەت ناکات، بەڵام ئەوەی گومانی تیادانیە کە ئەمریکا خیانەت تەنها لە کورد ناکات، بەڵکو ئەوەی پێی دەوترێت خیانەت، لە گەڵ هەمواندا دەیکات تەنانەت هاوڕێ نزیکەکانیشی. تەنها لە مێژوی شای ئێران و سەرکردە ئەفغانییەکانی ئەم دواییە بنوارە. کەواتە تایبەتکردنی بە کورد هەڵەیە.

من ئەم پرسە زیاتر بە خراپ لەیەک گەیشتن و بونی ئامانج و خواستی جیاواز و نەبونی توانای گفتوگۆی فراوان و کەناڵی جیاواز دادەنێم. بۆ نمونە بەشی زۆری پەیوەندییەکە لە ئاستی سیاسی و سەربازی و نهێنیدایە. لە هیچ کام لەم ئاستانەدا هەرگیز گفتوگۆی ڕاشکا بەڕێوەناچێت. ئەوەی ڕونە، هەردوو ئەمریکا و کورد بە مەبەستی جیاواز لەیەک نزیک بونەتەوە و هەردوولا بە ئاگان لەمە، بەڵام بۆ ئەوەی کار نەکاتە سەر سروشتی پەیوەندییەکە بە ڕاشکاوانە بەیەکتر ناڵێن.

ئەمە تەنها پەیوەندی بە باشورەوە نیە، لە ئێستای ڕۆژئاڤاشدا وەهایە. کاتێک مەزڵوم عەبدی ووتی لە شەڕی دژ بە داعش دەوەستێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تورکیا، دەیزانی ئەگەر بە کرداریی هەنگاوی وەها بنێت، کاریگەری خراپی لە سەر پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکاییەکاندا دەبێت، بۆیە تەنها وەک قسەیەک مایەوە. ڤلادیمێر و نایت لە کتێبەکەیاندا بە ووردی باسی دەکەن.

Accidental Allies: The US–Syrian Democratic Forces Partnership Against the Islamic State by Michael Knights, Wladimir van Wilgenburg

کورد بۆ زاڵبون  بە سەر سنوردارێتی پەیوەندی و دروستبون و درێژەدان بە خراپ تێگەیشتن یان نەبونی توانای گفتوگۆی ڕاشکاو پێویستی بە بونی کەناڵی ترە، لە پەیوەندییەکە. خەڵکانێک کە بتوانن ڕاشکاوبن و لە پەیوەندییەکەدابن، ئەمەش پێویستی بە بونی دەزگایە یان ناوەند، بۆ نمونە خانەی بیر.  بەڵام پەیوەندی دەرەکی و دیپلۆماسی مێژو و تێگەیشتنی زۆر جیاوازی هەیە لە دونیای سیاسی کوردیدا، کە پەیوەستە بە ڕۆڵی هێزی دەرەکی لە سیاسەتی کوریدا، کە ڕۆڵێکی ئاڵۆزە.

چەمکی تر زۆرن لە پەیوندی نێوان کورد و ئەمریکا، وەک چەمکی دیپێندینسی، ئیعتیمادکردن، کە جۆرێکە لە پەیوەندی ناچاریی نێوان دوو بوون. یان زلهێز و نادەوڵەت، کە جەخت لە سەر بێسنوری دەسەڵاتی یەکەم دەکاتەوە، بەرامبەر سنوردارێتی توانای دووەم. ئارام ڕەفعەت چەمکی پاترۆن و موشتەری بەکاردەبات. هەموو ئەم پەیوەندیانە  زیاتر جەخت لە سروشتی پەیوەندییەک دەکاتەوە کە نابەرابەرە و ئەم نابەرابەرییە بە مایەی خراپبون یان تراژیدیابونی دەزانێت.

کەسێکی وەک برایان گیبسن ڕەنگە زیاتر لە هەموان ئەم تێزەی پەر پێدابێت لە کتێبی sold out  کە دەربڕینێکە مانای ئەوە دەگەیەنێت، بەکارهێنرا و فۆرۆشرا و لێبوینەوە. 

 بەڵام کۆمەڵێک خەسڵەتی گرنگی دەسەڵاتی ئەمریکی لەبەرچاو ناگرێت، وەک کراوەیی، بونی توانای پەیوەندی لە دەرەوەی دەوڵەت یان فەرمی، هەبونی ناوەندی دەسەڵاتی جیاواز. کە لە هیچ کام دەسەڵاتەکانی تری دونیادا بونیان نیە، تەنانەت لە هەناو ئەو سیستەمە دیموکراتییەکانیشدا. بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا یەک دانە خانەی بیر نادۆزیتەوە بێلایەن بێت، هەمووی یان حیزبییە یان دەوڵەتیی.

پاش شکستی  حەفتاو و پێنج ڕاپۆرتی پایک\ت هەیە لە کۆنگریسەوە، کە هیچ پەرلەمانێکی تری دونیا ناتوانێت وەها ڕەخنەی حکومەتەکەی بگرێت.

لە کاتێکدا دیدی چەپ ڕەهەندی ئەخلاقی زاڵ دەکات، دیدی لیبرال یان ناوەند زۆر ناواقیعییانە گەشبینە. ماریانا چارۆنتاکی، ئەو کچە لاوە یونانییە، پەیوەندییەکە بە دەزگاییبوو دەبینێت. لە ڕاستیدا لە دواین پەیوەندیدا گفتوگۆکەمان گەرم بوو، کاتێک پێم گوت تۆ زۆر گەشبینی، وەهای لێکدایەوە کە مەبەستم ئەوەیە توانای تێگەیشتنی سنوردارە. هاورێم محمد شەریف وەهای دەبینێت کە لە دیفاکتۆوە بەرە و دەزگایی بون دەڕوات.
ئەوانیتر پەیوەندییەکە وەک پەیوەندی قۆناغێک و سەردەمێکی تایبەتی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەبینن، بۆ نمونە دۆگلاس لیتل، وەهای دەبینێت کە پەیوەندییەکە تایبەتە بە شەڕی سارد. دۆخی شەڕی سارد، ئەو دۆخە بوو کە دوو زلهێز لە دەرەوەی سنوری خۆیان بە بەکاربردنی ئەوانیتر ململانێی یەکتریان دەکرد. بونی ساڵی ١٩٥٨ بە خاڵی دەستپێک لە پەیوەندی نێگەتیفی نێوان عێراق و ئەمریکا وەها دەکات کە ئەم تێزە بەهایەکی تایبەتی هەبێت. بەڵام ئەم تێزە لەوەدا سنوردارە کە ناتوانێت پاش جەنگی سارد بخوێنێتەوە، یان پێویستی بە کارکردنی زیاتر هەیە.

هەندێک لێکۆڵەری تر وەهای دەبینن کە پەیوەندییەکە قۆناغییە. قۆناغی هەرچەندە دەکرێت دیدێکی مارکسی بێت، وەک میتۆد بەڵام مەرج نیە هەموو بەکاربردنەکانی مارکسی بن. 

تەرخان کردنی ئەم بەشی سەرەتایە بۆ ڕانانی ئەدەبیاتی تایبەت بە بوارەکە ئەوەمان پێدەڵێت کە پەیوەندی کورد و ئەمریکا پەیوەندییەکی جێگای بایەخە. ئەوەی ڕونە لە پاش جەنگی سارد جۆری پەیوەندییەکە دەگۆڕێت. لێرەدا دەبێت قسە لە سەر تاک جەمەسەریی و خەونی ئەمریکا بکەین بۆ دونیا. دیارە لە ناوخۆی دونیای کوردیدا بە زمانی کوردی کار لە سەر پەیوەندییەکە کراوە. یەکێک لەو نامیلکانەی کە پاش یانزەی سیپتەمبەر هاتە ناو دونیای کوردییەوە پاکس ئەمەریکانای فاروق ڕەفیق بوو. تێزی نامیلکەکە لە دیدی چەپی فرەکەلتوریی کەنەدییەوەیە، کە ئەمریکا بە سەرچاوەی هەموو خراپەکانی دونیا دەبینێت. ئەمریکا وەها وێناکراوە کە وەک ئیمپراتۆریەتی ڕۆمایە، بەڵام بەبێ عەقڵی یونانی. بە مانای ئەوەی کە گوایە ئەمریکا توانای تێگەیشتنی نیە، خاوەنی عەقڵ نیە. ئەم ئیمپراتۆریەتە لە کەڵکەڵەی ئەوەدایە کە هەژەمۆنیەتی خۆی بە سەر دونیادا بچەسپێنێت بەبێ گویدانە بەرژەوەندی هیچ گەلێکی تر. ئەم زمانە  بە گشتی دادگاییکردن و گشتگیر و ئایدەلۆژیی و باینەریی و ناکوردییە، بەشێکی هەرە سەرەکی دونیابینی کوردییە.

25/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر