یەکگرتوو و هەدەپە

د. سه‌ردار عه‌زیز

یەکێک لە ڕەخنەکانی برادەرانی یەکگرتوو لە هەدەپە ئەوەیە کە دەبوو لە گەڵ ئەردۆگاندا حکومەتیان پێکبهێنایە بۆ ئەوەی بەر ئەو هەموو سزایە نەکەوتنایە. ئەمە تەنها ڕایەکی میدیایی نیە، بەڵکو خۆم لە زۆرێک لە کەسانی باڵای یەکگرتووم بیستوە.

برادەرانی یەکگرتوو ئەم ڕایە وەها دەخەنە ناو گفتوگۆوە وەک ڕەوایی دانێک بێت بە ڕەفتارەکانی ئەردۆگان بەرامبەر هەدەپە، بەو پێیە هەدەپە نەیویستوە هاوکاری ئەردۆگان بێت بۆیە، سزا دەدرێت.

ئەم دیدە لە چەند ئاستێکدا ترسناکە، لە ئاستی تێگەیشتن لە دیموکراسی، لە تێگەیشتن لە حوکومڕانی، لە ئازادی و چەندین بواری تر، بەڵام لە سەروی هەمویەوە ئەوەمان پێدەڵێت کە هێزێکی سیاسی دونیابینی چۆنە و ئەگەر سبەینێ بێتە سەر دەسەڵات چۆن ڕەفتار دەکات.

بۆچی ترسناکە؟ 

گریمان ئەو تێزەی کە دەڵێت ئەگەر هەدەپە هاوکاری ئەردۆگان بوایە، وەهای بە سەر نەدەهات، ڕاستە. ئەم تێزە زەمینەی ئەو دیدەمان بۆ دەڕەخسێنێت کە ئێمە لە ناو کایەی پاداشت و سزاین نەک دیموکراسی. بەم پێیە، لە ناو ئەم کایەیەدا براوەی موتڵەق یان رەها هەیە لە گەڵ ئەوانەی تر کە نەک هەر دۆڕاون بەڵکو شایستەی ئەوەی یان دەکرێت سزا بدرێن. بە پێی ئەم دیدە ئەردۆگان مافی هەیە سزای هەدەپە بدات چونکە هاوکاری نەبوە. ئەمە دیموکراسی نییە و مۆدێلێکی ئێجگار ترسناکە بۆ حوکمڕانی. 

بنەمای حوکمی دیموکراسی نابێت لە سەر براوەی ڕەها و دۆڕاوی ڕەهای، یان لە سەر بونی مافی سزادان بەوەی هاوکاری براوەنیت هەتا بگات بە ئامانجەکانی بونیادبنرێت. کرۆکی سیستەمی حوکمڕانی تەندروست ئەوەیە کە گشتگیربێت نەک پەرتکەر و سزادەر و بە شەیتانکردن.

ئەگەر هەدەپە لە بەر ئەوەی هاوکار نەبوە ڕەوابێت سزا بدرێت، ئەوا زەمینە دەڕەخسێنەت بۆ ئەوەی هەمیشە بەهێز مافی هەبێت کە سزای لاواز بدات بەوەی کە گوێڕایەڵی نییە، ئەمەش لە ڕوی ئەخلاقیی و مرۆییەوە تاوانە.

برادەرانی یەکگرتوو دەبێت کەمێک فراوانتر بیر بکەنەوە. ئەوەی ئەردۆگان لە تورکیا دەیکات، مودیش لە هیند دەیکات، بەڵام لە هیند مودی سزای موسوڵمانان دەدات. 

حوکمڕانی تەندروست لە سەر بنەمای هێز و سزادان و بێبەریکردن و بردنەوەی ڕەهانابێت، چونکە دەرئەنجامەکەی پەرتبون و قین و کینە و شلەژانە.

16/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر