پاش بڕیارەکەی ترەمپ چەند سەرنجێک

د. سه‌ردار عه‌زیز
وەک لە یەکەم سەرنجمدا دەربارە بڕیارەکە ئاماژەم پێکرد کە ئەنجامدانی بڕیاری کشانەوەکە سەختە، ئەگەر مەحاڵ نەبێت. پاشان وەها دەرچوو، بەڵام دۆخەکە بەو سادەییە نیە.
یەکەم تێز دەبێت لە بەر چاوی بگرین ئەوەیە کە ئەمریکا، یان بەشێکی زۆری نوخبەی دەسەڵاتداری ئەمریکی پیی باشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمێنێت، چونکە زەرەری زۆرترە لە قازانجی. ئەمە ئەو دۆخەیە کە ئیمپراتۆریەتی بەریتانی پێشتر پێی گەیشت، پاشان لە حەفتاکان خۆی بە ئارەزوی خۆی کشایەوە.
تێزی دووەم، ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر گرنگ بێت، ئەوا گرنگیەکەی ڕاستەوخۆ بۆ ئەمریکا نیە، بەڵام وەک ناوەندێکی ستراتیژی و وزەیی گرنگە، بە تایبەت لە ساتەوەختی وەرچەرخانی سیستەمی جیهانیدا. بەشێک لە ئەمریکا وەها بیردەکاتەوە کە بوونی ئەمریکا بۆ لەقاوکردنی چین گرنگە.
تیزی سێیەم، هەتا ئێستا ئەمریکا ڕێگایەکی نەدۆزیوەتەوە کە چۆن بکشێتەوە، هەردوو کشانەوەکەی ئۆباما و ترەمپ بە باشی نەکشایەوە. هەر چەند ساتێک پاش بڕیارەکەی ترەمپ سی ئێن ئێن، کە نەیاری سەختی ترەمپە، بە بڕیارەکەی ئۆبامای چواند لە کشانەوە لە عێراق. دیارە بۆ ترەمپ هەر لەیەکچونێک لە گەڵ ئۆبامادا بۆ ئەو مایەی سوکایەتییە.

پاش بڕیارەکە:

بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوە کۆمەڵێک پەشۆکانی دروستکرد:
یەکەم، هاوپەیمانانی ترەمپ، عەرب و جولەکە توشی پەشۆکان بوون لەوەی کە نە ئاگادارکرابوون، لە ڕاوێژیان پێکرابوو. ئەمە دۆخێکی نادڵنیایی دروستکرد. هاتنی پۆمپیوو بۆ ڕەواندنەوەی ئەو پەشۆکانەیە، وڵاتانی کەنداو پاش پشتکردنی ئۆباما لە موبارەک گومانیان لە پشتیوانی ئەمریکا پەیداکردوە، ئەم بڕیارەی ترەمپ هێندەی تر ئەو پەشۆکانەی تۆخکردەوە.

دووەم، لە ئێستادا کۆمەڵێک هەوڵ لە ئارادایە، یەکەم، دوورخستنەوەی ئەسەد لە ئێران لە ڕێگای ئیماراتەوە، ئەم بڕیارە ئیسرائیلیش پشتیوانی دەکات، چونکە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ ئەسەدی کوڕ و باوک فیشەکێکیان نەنا بە ئیسرائیلەوە. دووەم، هێنانەوەی تورکیا بۆ ناو ناتۆ، بەڵام وەها دیارە ئەم هەوڵە ئاسان نیە، چونکە تورکەکان هەرزوو بەبێ دیپلۆماسیەت دوژمنایەتی خۆیان بۆ کورد بەیانکرد، دیارە ئەمە وەک جۆرێک لە بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، چونکە دۆخی ئەردۆگان باش نیە. سێیەم، ترەمپ خۆی شەخسی بڕوای وەهایە کە داعش بۆ روسیا و ئێران و وڵاتانی تر زیاتر مەترسییە لە ئەمریکا بۆ ئەمریکا ئەم شەڕە بکات، کە دەکرێت بکرێتە ڕیشی ئەوانی ترەوە. ترەمپ زۆر بێزارە لەوەی کە دەڵێن ئێران و روسیا سودمەند دەبێت لە کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا، چونکە ئەو بڕوای وەهایە کە داعش بۆ ئێران و روسیا زیاتر مەترسییە.

سێیەم، کورد دەبێتە هاوپەیمانی ئەمریکا لە بەر کۆمەڵێک هۆکار، یەکەم، هەموو هێزەکانی تری ناوچەکە بەرژەوەندییان تەبانیە لە گەڵ ئەمریکادا. دوو، کورد پەیوەندی ئیمپریالی ئەمریکا بەرجەستە دەکات. کورد هەرچیەکی پێبوترێت دەیکات، بەبێ بەرگری. سێیەم، ئەمریکا دەیەوێت ستاتۆسکۆ بپارێزێت ئەوا کورد وەک ئامرازی فشار بەکاردەهێنێت، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری گەورەی لێبکەوێتەوە. بەڵام کورد و ئەمریکا هەمیشە پەیوەندییەکی سنورداری ئامرازی زیاتر هیچی تر لە نێوانیاندا دروست نابێت.

09/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر