پاش هێرشەکەی هەولێر: چی دەگوزەرێت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

پاش هێرشی میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەر هەولێر، دۆخێکی پڕ لە چاوەڕوانی و مشتومڕ دروست بوە. ئەوەی ئەو شەوە ڕویدا پەیامی ڕونی ئێران بوو بۆ ئەمریکا. لەو ڕۆژەوە پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا چی دەکات؟ هەتا ئێستا نارونیەک هەیە. ئەوەی ڕاستەوخۆ لە واشنتۆنەوە هاتوە، پەیامێکی ناڕونە، کە تێکەڵەیەکە لە مافی بەرپەرچدانەوە و دیپلۆماسی. ئەگەر ئەمە بەم شێوەیە بمێنێتەوە ئەوا ئیدارەی بایدن زۆر بە لاوازی دەردەکەوێت. عەرەبەکانی کەنداو ترسی ئەوەیان لێنیشتوە کە ئەمە ببێت بە ئەمری واقیع. سەرەتا پاشخانێک بە دۆخەکە دەدەین پاشان ئاماژە بە جوڵەکان دەکەین ئینجا چەند پەیڤێکی کورت لە سەر ئەگەرەکان.

پاشخان

لە ئەمریکا دوو بەرە دروستبوە. بەرەیەک کە چەپە، دژ بە ئیسرائیل و( عەرەب)، یان سعودیەیە. ئەمە بەرەیە نزیکە لە ئێرانەوە، کۆمەڵێک چەمکی هەڵگرتوە کە خۆی لە دژە کۆلۆنیالی و کەپیتالیزمی بەرپرس لە هەموو خراپەکان و شکستی جەنگ لە چارەسەری کێشەکان. هەروەها بوارێکی فراوانی بۆ لۆببی ئێرانی ڕەخساندوە کە کاری خۆی بکات لە بوار و ئاستی جیاوازدا. هەندێک کەسێكی وەک ڕۆبەرت مالی زۆر نزیک لەم بەرەیە دەبینن. مالی هەتا ئێستا تاکە کەسە کە زۆرترین مشتومڕی بە دوای خۆیدا هێنابێت، لە نێو هەموو کەسایەتیەکانی ناو ئیدارەی ترەمپ. 

 

بەرەیەکی تر دۆستی ئیسرائیل و عەرەبەکانی کەنداون و ئێران بە مەترسی بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە قەڵەم دەدەن. ئەم بەرەیە کۆنە و زیاتر لە کۆمارییەکانەوە نزیکە. 

زاڵبونی ئەم بەرەی چەپ و ئیسلامییە، هۆکاری ئەوەیە کە دیموکراتەکان هەوڵدەدەن لە پێگەی ئیسرائیل کەمبکەنەوە. ئۆباما تاکە سەرۆک بوو کە سەردانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد، بەبێ ئەوەی سەردانی ئیسرائیل بکات. دواکەوتنی تەلەفونەکەی نێوان بایدن و نەتانیاهۆ بە گشتی لەم ڕوانگەیەوە دەخوێندرایەوە. هەموو ئەمانە تەبایە لە گەڵ هەوڵی کەمکردنەوەی بایەخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لای ئەمریکییەکان. کەواتە لە ئاستی سەرزەمینی فیکریدا وەرچەرخانێک هەیە. بەڵام واقیع شتێکی ترە.ئێستا چی دەگوزەرێت. 

بایدن و نەتانیاهو بۆ ماوەی کاژێرێک قسەیانکرد. لێدوانەکانیش وەهان کە تەلەفونێکی زۆر باش بوە. دیارە کاتەکەی ئاماژەی ئەوەمان ئەداتێ کە پرسی چۆنێتی مامەڵە لە گەڵ ئێراندا کرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوە. ڕەنگە ڕوداوەکەی هەولێر پاڵنەری ئەم پەیوەندییە بوبێت. بلینکن پەیوەندی بە کازمییەوە کردوە، کە هاوکاری بکات لە دۆزینەوەی بەرپرسانی هێرشەکە. ئەمە خۆی لە جۆرێک لە نوکتە دەچێت، چونکە نە کازمی توانای ئەوەی هەیە و نە ئەنجامدەرانیش نهێنین. ئاشکرابونی ئەنجامدەران بەشێکە لە ناردنی پەیامی سیاسی ڕوداوەکە. لە هەمانکاتدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا کردوە کە هەتا سێشەممە وەڵامی بدەنەوە، بۆ ئەوەی چی بکەن بەرامبەر ئێران. ئەمە جەختکردنەوەیە لە سەر ئەو پەیمانەی کە ئیدارەی بایدن دای کە بە تەنهایی و بێ هاوپەیمانانی هیچ هەنگاوێک نانێت.

ڕۆژی هەینی یانی سبەینێ کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ بە شێوازی ئۆنلاین دەست پێدەکات. وەها چاوەڕوان دەکرێت کە پرسی ئێران کرۆکی پەیامەکانی بایدن و مێرکڵ و ئەوانی تر بێت. دیداری ئەم جارەی میونخ  وەها دەردەکەوێت کە پەیامی سەردەمێکی نوێ بێت. بەلای سازدەرانی کۆنفرانسەکەوە، سەردەمی ترەمپ سەردەمی ناڕۆژئاواییبون بوو. بەڵام ئێستا ئەو سەردەمە تێپەڕێنراوە. لە نامەیەکدا کە  بە ئیمەیڵ نێردراوە، ئەوە ڕونکراوەتەوە. شایانی باسە هەتا ئێستا ئێران و ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا نەبوون. قەتەر لە هەوڵی میانگیریدایە و لە گەڵ هەردولادا لە پەیوەندیدابوە. مێرکڵ پەیوەندی بە ڕۆحانیەوە کردوە. ئێرانیەکان دەیانەوێت لە هەموو ئاستێکدا فشار بکەن هەتا ئەریکا ناچاربێت بەبێ مەرج بگەرێتەوە بۆ ڕێککەوتنە کۆنەکە. بەڵام وەها دەرناکەوێت. 

ئەگەری چی هەیە؟

ئەوەی جێگای سەرنجە فشارە فرە ئاستەکانی ئێرانە، وەک ڕێگایەک بۆ ناچارکردنی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە. ئێران لە ئاستی فەرمی، لە ئاستی دەزگایی، ئای ئی ئەی عernational Atomic Energy Agency (IAEA)، هەروەها بە ناڕاستەوخۆ لە هێرشەکەی هەولێر لە فشاردایە. ئەم لۆجیکە هەتا ئاستێک جێگای سەرنجە. ئایا ئەمریکا بە فشار ناچار دەبێت بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە. یان هیرشەکان دۆخەکە قورستر دەکەن. دیارە ئەوروپیەکان دەیانەوێت لە گەڵ ئێراندا ڕێککەوتن هەبێت، بۆ ئەوەی دەستکەوتی ئابوری بە دەست بهێنن. بەڵام ئەمە بۆ ئەمریکا وەهانیە. ملکەچبون ئەمریکا بە فشار، زۆر لە بەردەم ڕوسیا و چین و تورکیادا لاوازی دەکات.  جگە لە هێزەکانی تری دۆستی نیگەران دەکات. 

ئەمریکا لەم ڕوەوە لە دۆخێکی بێرە و بردەدایە. لە کاتێکدا وەها دەردەکەوێت فشار دەکات لە سەر سعودیە، بەڵام لە هەمانکاتدا لە ڕوی سەربازییەوە لە پەیوەندیدان بۆ پتەوکردنی زیاتر پەیوەندییەکە.

 

هەتا ڕۆژانی داهاتو ناوچەکە و دونیا چاوەڕوان و نیگەرانن. ئایا بایدن ناچار دەکرێتەوە بە قوڕولیتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان دەتوانێت لێی قوتاربێت.


19/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر