بیرکردنەوە لە ژینگە؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
ئەم ڕۆژانە لە جێگایەک ئەوەم بەرچاو کەوت کە نزیکەی ٢٠٠ ڕێکخراوی ژینگە پارێزی لە کوردستان بونی ھەیە. بەڕاستی ئەمە دیاردەیەکی سەیرە. دیارە زۆری ڕێکخراو لە ھەموو بوارێکدا دیاردەیەکی تایبەتی ھەرێمی کوردستانە، کە ھەمیشە بیانییەکان لێم دەپرسن، ئایا ئەم ھەموە پێویستە؟ بۆ ھیچ کارێک لەم بوارانەدا دیارەنیە؟ بەم پێیە بونی ڕێکخراو پەیوەندی بە بونی کارەوەنیە.

ژینگە بۆ دونیای ئێمە بوارێکی نوێیە. ئاستی مامەڵە لە گەڵ ژینگەدا زۆرە. بەڵام بیرکردنەوەی ژینگەیی ئێجگار ڕادیکاڵە.  مرۆڤی ئاینی و مرۆڤی مۆدێرنیش ھەردوو لە سەر ئەو بنەمایە پەیوەندی لە گەڵ ژینگەدا دەکەن کە دەبێت بە سەریدا زاڵبیت. ئەم دیدە لەو ڕەوشتەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێت سروشت دەستەمۆبکرێت. ئەم دەستەمۆییە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا گەشتوەتە ئاستێک کە چیدی باس لە سروشت ناکرێت وەک بونێکی سەربەخۆ.  ئەمە چەمکێکی تایبەتی ھەیە کە پێی دەڵێن   anthropocentrism  یان مرۆسەنتەرێتی.

لە ڕاستیدا من ئەوەندە شارەزای ئەم بوارەنیم، بەڵام مرۆڤ کاتێک بیر لە حوکمڕانی دەکاتەوە ناچارە بیر لە ئەم بوارەش بکاتەوە.

ژینگە دۆستی کاتێک بەرجەستە دەبێت کە مرۆڤ پەیوەندی خۆی لە پەیوەندی ستونییەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی ئاسۆیی. لە بیری ئاینیدا خودا لە سەروی ھەموانەوەیە، پاشان مرۆڤ دێت ئینجا سروشت. ئەم پلە بەندەییە وەھایکردوە کە مرۆڤ بە مافی خۆی بزانێت یان بە مافی خودایی خۆی بزانێت کە دەبێت ئاژەڵ بکوژێت، سروشت بەکاربھێنێت. لە ھەمانکاتدا سروشت بونێکی تایبەتی بە خۆی نیە، بەڵکو خودا سەرپەرشتی دەکات، بۆیە مرۆڤ ئەرکی ئەوەی نیە بایەخی پێبدات بەڵکو  تەنھا دەبێت بەکاری بھێنێت.

لە پەیوەندی ستونیدا مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەک و پێکھاتەکانی تر لە پەیوەندییەکی ئاسۆیی تەریبدان. کەس باڵاترنیە لە کەس. ئەمە وەرچەرخانێکی پارادیمییە بە ئاسانی نایەتەدی.  بەڵام بونی ڕێکخراوی زۆری بێ فەلسەفە و دید، قەرەباڵخی و جەنجاڵی بێ سود دروست دەبێت. بە ھیوام ئەوانەی شارەزای ئەم بوارەن کاری زیاتری لە سەر بکەن. ئەم کورتیلە نوسینە تەنھا بۆ ختۆکەدانە. 
ئایا ژینگە دەخوێندرێت؟

23/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر