بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
دەمەوێت بە ھەندێک پرسیار و وەڵامی سادە چەند لایەنێکی ئەم روداوە رون بکەمەوە.

یەکەم، بۆچی بایدن ئەم کارەی کرد؟ 

لە ھەشتاکانەوە ئەرمەنییەکان بەردەوام لۆببی دەکەن بۆ ئەم کارە. بەشی زۆری ئەرمەنییەکان لە شاری گلێندەیلن لە نزیک لۆس ئەنجیلیس. بڕێکی زۆریان دەوڵەمەندن. ساڵ لە دوای ساڵ لە خۆڕێکخستن تۆکمەتربوون. زۆر سەرۆکی پێشوتر پەیمانی دانپیانانی پێدان.
 
لە کتێبی خوێندنی ئایدیالیستێک، سەمانتا پاوەر چاپتەرێکی ھەیە بە ناوی ٢٤ی نیسان، باس لە ئەوە دەکات کە چۆن ئۆباما لە پەیمانی کەمپیەنی ھەڵبژاردنی پەشیمان بوەوە. پاوەر ئافرەتێکی دۆستی ئەوانە، زۆر دۆستی کوردیشە. ھەموو سەرۆکەکانی پێشوو ھەر کاتێک بیریان لە دانپیانان کردبێتەوە خێرا وەزارەتی دەرەوە، کۆنگریس، پەنتاگۆن ھاتونەتەتە سەر خەت و رێگرییان کردوە. بەڵام ئەمجارە کەس نەبوو بەرگری بکات لە تورکیا. جاران تەنانەت لۆبیی ئیسرائیلیش داکۆکی لە تورکیا دەکرد، کە جێگای سەرسوڕمانە، بەڵام سوپاس بۆ ئەردۆگان، تورکیا ئێستا بێدۆستە. 

ڕەنگە پاشگەزبونەوەی ئۆباما پاڵنەری بایدن بوبێت، ئەو رۆژە ھێنری بارکی وەھای دەگوت. بەڵام ئایرلەندی بونی بایدن ھۆکارێکی سەرەکییە، لە دژایەتی ستەمی ئیمپراتۆرییەت. بە کورتی زۆر ھۆکار لە ئارادابون کە دۆخەکەیان بەم ساتەوەختە گەیان کە ئاسانبێت بۆ بایدن بڕیاری لە سەر بدات.

بۆچی تورکیا دژ بە ئەم بە جینۆسایدناساندنەیە؟

ئەم تاوانە زیاتر لە سەدەیەک لەمەوپێش رویداوە، بەڵام بۆچی تورکیا دژایەتی دەکات؟ بە گشتی چەند ھۆکارێک ھەیە. 

یەکەم، پوچەڵبونەوەی حەقایەکی کۆماری تورکیا. جینۆسایدی ئەرمەن گەرچی لە دوا ساتەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا رودەدات، بەڵام دەبێتە بەشێکی سەرەکی چیرۆکی تورکیای نوێ. تورکیای نوێ لە سەر نکوڵی و سڕێنەو و زاڵبون دروست بوە. بۆیە کۆمەڵێک دێوزەمەی زۆر راوەدوی دەنێت. 

دووەم، ترس لە داوای قەرەبوکردنەوە. ھەرچەندە کارەکەی بایدن ھیچ پێودانگێکی یاسایی نیە، زیاتر ئەخلاقییە، بەڵام تورکەکان لە قەرەبوی ماددی و خاکی دەترسن. 

سێیەم، ئەو چیرۆکە بەتاڵ دەبێتەوە کە تورکیا خاکی تورکە. ھەبونی غرور و ھەست بە کەمییکردن لە کەسایەتی تورکدا، وەھایکردوە کە دەترسێت جینۆساید وەک بەشێک لە مێژوی ببینرێت.

ئایا چۆن کاریگەری دەبێت لە سەر پەیوەندی تورکیا و ئەمریکا؟

ھەتا ئیستا ھەر وەڕین ھەیە ھیچ ھەنگاوێکی کرداریی نیە. تورکەکان ماستەرن لەوەی کە بقیێڕێنن و ھەروەھا زووش فس ببنەوە. بۆیە مەگەر سودی ھەڵبژاردنی ھەبێت، ئەگینا ئەردۆگان ھیچ کارێک ناکات. ئەمریکاش ھەوڵیدا بە جۆرێک کارەکە بکات کە پەرچەکرداری کەم بێت. ئەوەتا تۆڵەی خۆی لە کوردی داماو دەکاتەوە.

ئایا وانەکانی چین بۆ ئێمە؟

یەکەم بە جینۆسایدناساندن پرسێکی سیاسیی و بەرژەوەندییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە ئەگەر سیاسەت و بەرژەوەندی نەبێت نابێت ھیچ بکرێت. بە پێچەوانەوەی دەبێت بەردەوام کاربکرێت بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن وەک سودێک و کارێکی سیاسی بتبینن. ئەمە واقیعی دونیایە، تاڵە.

دەبێت ئەم دانپیانانە بەکاربێت بۆ دروستکردنی خیتابێک بۆ ڕێگرییکردن لە دوبارەبونەوەی بە سەر خەڵکانی تردا بە تایبەتی کورد نەک ھەر لە باکور بەڵکو لە باشور و رۆژئاواش.

28/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر