نەفرەتی بێدەوڵەتیی!

د. سه‌ردار عه‌زیز

بەرزو ئەلیاسی بە چەند ساڵێکی کەم، پێش ئەوەی پێی دەوترێت شۆرشی ئێرانی، لە پادەشتی شاخی داڵەهۆدا لە نزیک سەرپێڵی زەهاو هاتوەتە دونیاوە. لە پاش شۆرش و هەڵگیرسانی جەنگی عێراق-ئێران، بەرزو لە وڵاتی خۆی هەڵدەکنرێت و لە بیابانێکی تەلبەند لە ڕۆژئاوای عێراق دەگیرسێتەوە. لە ژیانی هەموو مرۆڤێکدا ساتەوەختێک هەیە، بە ئاگایی و بێئاگایی، کە دیدی ئەو کەسە بۆ دونیا تیایدا لە قاڵبدەدرێت،  ئۆردگای ئەڵتاش بۆ بەرزو ئەو ساتەوەخت و جێگایەیە.
لەوێ بەرزو هەست بە بێ وڵاتی خۆی دەکات، هەستێک کە هەتا ئەمڕۆ بەشێکی گەورەی دونیابینی ئەو دادەڕێژێت، سەرباری ژیانی زیاتر لە چەندین دەیە لە وڵاتی سوید. ئێستا بەرزو مامۆستای زانکۆیە. دواین کتێبی ئەو دەربارەی ئەزمونی بێدەوڵەتی و بە ئەویتربونی سیاسییە.  
Narratives of Statelessness and Political Otherness: Kurdish and Palestinian Experiences 
ئەم کتێبەی بەرزو بەمزوانە بە زمانی ئینگلیزی لە خانەی وەشانی بە ناوبانگی  پالگرەیڤ بڵاودەبێتەوە. بەرزو بۆ ئەوەی پرسەکەی زیاتر ڕون بکاتەوە، لە نێوان گەلی فەلەستینی و گەلی کورددا، وەک دوو گەلی بێدەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەرواورد دەکات.  میتۆدی بەراوردکاری لە دونیای کوردیدا بونی نیە، ئەو جۆرە بەراوردکارییەی کە بونی هەیە هیچ پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی زانست و ئەکادیمیاوە نیە. لە میانەی بەراوردی نیوان کورد و فەلەستینییەکان ئەوەی جێگای سەرنجە شێوازی وێناکردنیەتی. دەوڵەتی فەلەستینی لە زۆر لە ناوەندە جیهانییەکاندا وەک هەنگاوێکی پۆزەتیف و سەقامگیرکەر بۆ ناوچەکە دەبینرێت. بەڵام لە پرسی کورددا دۆخەکە بە پێچەوانەیە، ناوی دەوڵەتی کوردی وەک مایەی ناسەقامگیریی ناوچەکە ناودەبرێت. بەم پێیە گێرانەوەکانی هەردوو پرسە تەواو پێچەوانەن. هۆکارەکانی ئەمە زۆرن. ئەم دوو دیدە زاڵە کاریگەریی لە سەر دەرونی مرۆڤ کورد و فەلەستینی داناوە. ئەوەی لە پرسی فەلەستیندا هەیە ئەوەیە کە ئایا چارەسەری پرسەکە لە ڕێگای یەک دەوڵەتەوەیە یان دوو دەوڵەت؟ بونی دەوڵەت لە کرۆکی چارەسەرەکەدا بە تەواوی پێچەوانەی ئەو چارەسەرانەیە کە بۆ پرسی کورد پێشنیار دەکرێت. بە ڕەوانەبینی دەوڵەت بۆ کورد، کاریگەری لە سەر دۆخی دەورنی زۆر کوردیش کردوە بەوەی دەترسن ناوی دەوڵەت بهێنن. ئەمە جۆرێکە لە گەیشن بە ئامانج، لە لایەن نکوڵیکەران لە دەوڵەتەوە.  لە هەمانکاتدا جیاوازی تری زۆر هەیە لە نێوان هەردوو پرسەکەدا، بۆ نمونە زۆربەی موسوڵمانان پرسی بێدەوڵەتی فەلەستینییەکان وەک پرسی موسوڵمان دەبینێت، بەڵام پرسی کورد نەک هەر بە پرسی موسوڵمان نابینرێت بەڵکو وەک دژ بە موسوڵمان دەبینرێت. 
جێگای سەرنجە کە هاوشێوەییەک هەیە لە نێوان ئەم دیدە و دیدی چەپەکان بۆ پرسی کورد. بەلای زۆرێک لە چەپەوە پرسی کورد پرسێکی ناسیونالیستییە و لە خزمەت ئیمپریالیزمدایە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دژایەتی فیکریی و سیاسیی ڕەوتی چەپ لە گەڵ بیری ناسیونالیزمدا و هەوڵدان بۆ نابوتکردن و ناشیرینکردنی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە. ئەم قەیرانە فیکریی و ئەخلاقیەی چەپ کورد باجەکەی دەدات، بەڵام بۆ چەپ هەمیشە سەرکەوتنی ئایدەلۆژی گرنگترە لە ئازاری ئەوانیتر.
بێدەوڵەتی پرسێکی پشتگوێخراوە لە ئاستی ئەکادیمی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەدا. بە فەرمی ژمارەی خەڵکانی بێدەوڵەت لە دونیادا تەنها بە چەند ملیونێک لە قەڵەم ئەدرێن. دیارە کورد وەک خەڵکێکی بێدەوڵەت لە قەڵەم نادرێن چونکە هاوڵاتی وڵاتێکن، گەرچی لە هەناو ئەو وڵاتەدا خەڵکانی بێماف  بن. بەم پێیە یەکێک لە چارەسەرەکانی بێدەوڵەتی هاوڵاتی بون و مافە. بەڵام بەرزو ئەم شێوازە لە تێگەیشتن لە پرسی کورد بە هەڵە دەزانێت و کورد وەک گەلێکی بێدەوڵەت لە قەڵەم ئەدات.
بێدەوڵەتی تەنها بێبەریبون نیە لە هەبونی کۆمەڵێک دەزگا، بەڵکو لە هەموو ئاستێکی ژیانی کەسەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە. ئەم پرسە تەنانەت بە ئەوەش چارەسەر نابێت کاتێک کورد دەبنە هاوڵاتی وڵاتێکی تر، جیاواز لە وڵاتانی ناوچەکە، بۆ نمونە لە ئەوروپا و ئەمریکا. مانەوەی کاریگەریی بێدەوڵەتی کورد لە سەر تاکی کورد لە دەرەوەی کوردستان بۆ خۆی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرسی هاوڵاتیبون چارەسی بێدەوڵتی ناکات. لای هەندێک بێدەوڵەتی لە دونیای دەوڵەتدا جۆرێکە لە پەشۆکان trauma. تراوما ئەو جۆرە پەشۆکانەیە کە کاتێک تاک بە دەستیەوە دەناڵێنێت هێندە قوڵ و کاریگەر و گەورەیە کە ناتوانێت بەرگەی بگرێت.  بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە ئەو خەڵکانەی کە بەرزو دیداری لە گەڵداکردوون بۆ کتێبەکەی هەمویان هاوڵاتی وڵاتێکی ترن لە دەرەوەی زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا کاریگەریی بێدەوڵەتی بە زەقی لە سەریان دیارە.  هەرئەمەشە هۆکاری ئەوەیە کە یەکێك لە سەختترین پرسیارەکان کە لە مرۆڤی کورد بکرێت، لە دەرەوەی زێدی خۆی، ئەوەیە کە خەڵكی کوێیە؟
کاتێک خەڵکی لە کەسێک دەپرسن کە خەڵكی کوێی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەبێت هەموو کەسێک خەڵکی شوێنێک بێت و ناکرێت هیچ کەسێک خەڵكی هیچ کوێ نەبێت.  ئەمەش هەروەها ئاماژەیە بۆ زاڵبونی سیستەمی دەوڵەت بە سەر ڕێکخستنی جیهان و سیستەمی نیشتەجێبونی مرۆڤ لە سەر گۆی زەویی. لە کاتی پرسیاری ئەوەی ئایا خەڵكی کوێی؟  دەکرێت بڵێیت خەڵکی وڵاتی دووەمم، بەڵام زۆرێک لە خەڵک بۆ ئەو مەبەستە پرسیارناکەن و ئەو جۆرە وەڵامانە وەک گاڵتە مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. لە بیرم دێت نزیکەی پانزە ساڵە لەمەوپیش لە ڤییەنابوم، کە خەڵکی لێیان دەپرسیم خەڵکی کوێم، چەند جارێک بۆ خۆشی ووتم، ئایرلەندیم، بەڵام زۆرجار خەڵكی لە قاقای پێکەنینی دەدا و دەیانگوت کوا قژت سورنیە. 
بێدەوڵەتی کێشە بۆ بونی ماف و هاوڵاتیبونیش دروست دەکات. کەسێک کە ئەزمونی ئەمەی کردوە و کاری فەلسەفی لە سەر کردوە هانا ئارێنتە. ئارێنت لە کۆمێنتی لە سەر دیدێکی ئیدمۆند بێرک، لە سەردەمی شۆرشی فەرەنسیدا  کاتێک باس لە مافی پیاو یان مرۆڤ دەکرێت، ئەو دەڵێت مرۆڤ بونی نیە، ئەوەی هەیە کەسی ئینگلیزی یان کەسی فەرەنسییە، ئینگلشمان، فڕینچمان. هەبونی ماف وەک ئینگلیزێک باشترە لە مافێکی ئەبستراکی مرۆڤی. ئەم دیدە دەرخەری ئەوەیە کە ئەوەی کە تەنها مرۆڤە، کەسێکی بێ پشت و پەنا و بێ لانکە و لە ئەنجامدا بێمافە. ئارێنت جەخت لە سەر ئەم دیدە دەکاتە، تەنها مرۆڤبون مایەی لاوازی و دەربەدەری و نەبونی ئاسایش و بێمافییە. هەر لەم ڕوانگەیەوەیە کە ئارێنت ڕەخنە لە مافی مرۆڤ دەگرێت کە مافی ئەندامانی دەوڵەتە، نەک مرۆڤ. لە ڕاستیدا ئەوەی پێویستی بە مافە، ئەو کەسەیە کە بێدەوڵەت یان دەوڵەتی خۆی دەیچەوسێنێتەوە، مافی مرۆڤ ناتوانێت هیچی بۆ دابین بکات. ئەمەشە پاشخانی ئەوەی داڕێژاوە کە بێدەوڵەتی لای کەسێکی وەک مایکڵ ئەگناتێف بوونە لە دۆزەخێکی مۆدێرندا. بۆیە هەمیشە کاتێک باس لە مرۆڤی بێدەوڵەت دەکرێت، هەرگیز وەک هاوتای مرۆڤەکانی تر باس ناکرێت، بەڵکو هەمیشە هەوڵدەدرێت کە لە ژێر باڵ و سایەی مرۆڤە خاوەن دەوڵەتەکاندا جێگایەکی بۆ بکرێتەوە. بەڵام مرۆڤ نابێتە مرۆڤ لە سایەی مرۆڤێکی تردا، بەڵکو مەرجی بون و سەربەخۆیی بونیەتی بە خاوەن هێز و سەروەریی خۆی. 
بێدەوڵەتی هەر تەنها مافەکان لە مرۆڤەکان ناسێنێتەوە بەڵکو مرۆڤەکان دەکاتە بونەوەری نامرۆیی. لە سیستەمی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان دابەشکردوە مرۆڤی کورد وەک نەفرەتلێکراوێکی جێگای مەترسی و تۆقاندن دەبینرێت. بە تیرۆریستکردنی مرۆڤی کورد، مانای ئەوەیە کە ئەم مرۆڤە خاوەن هیچ بەها و ئایدیا و ئاگایی و خەسڵەتی مرۆڤبون نیە. وەک  تیری ئیگلتۆن باسی دەکات تیرۆریست یانی بەتاڵبون لە ئایدیا، لە پرس و بوون بە کەسێک کە تەنها دەتۆقێنێت لە پێناو تۆقاندن. بەم پێیە تیرۆریست ئەو کەسەیە کە تەنها دەبێت ڕوبەڕوی مەرگ ببێتەوە، هیچ شتێکی نیە هەتا گوێی لێبگیرێت یان دانوستانی لە گەڵدا بکرێت.  ئەمە باڵاترین شێوازی لە مرۆڤخستنە. لە مرۆڤخستن پرۆسەیەکی چەند قۆناغییە، کە تیایدا مرۆڤ لە دوا قۆناغیدا دەگاتە ئاستی ئاژەڵێکی دڕندە. 
لە دوا چاپتەردا کتێبەکە قسە لە سەر قسەنەکردن لە سەر بێدەوڵەت دەکات. لە دونیای ئەکادیمی ئەمڕۆدا دۆخی بێدەوڵەتیی ئەوەندە جێگای بایەخ نیە، وەک جودیت باتلەر دەڵێت ئەوە پرسێکی ساڵانی هەشتاکان بوو، ئێستا هیچ شتێکی سەرنجڕاکێش نیە لە بارەوەیە بوترێت. ئەمە جۆرێکە لە تاوانبارکردنی ئەکادیمیا. دیارە ئەکادیمیا لە سەر بنەمای گرنگی و مرۆیی و ڕەوایی و دادپەروەری هەڵناسوڕێت. پاڵنەری هەرە سەرەکی ئەکادیمیا هێز و بازاڕە. سی ساڵ لەمەوپێش بە دەگمەن چیناسێکت لە دونیادا دەبینی، ئەمڕۆ کەم زانکۆ هەیە لە دونیادا چین بابەتی لێکۆڵینەوەیان نەبێت. ئەمەش بۆ پرسی کورد ڕاستە. پێش دروستبونی حکومەتی هەرێم، کورد دڵخۆش دەبوون ئەگەر لە ڕۆژنامەیەکدا ناویان بهاتایە. هەرچەندە دۆخی کوردی ئێستا لە قۆناغێکی هەستیاردایە.
کتێبەکەی بەرزو لە چەندین لایەنەوە جێگای بایەخ و سەرنجە. بۆچی دوو پرسی هاوشێوەی وەک کورد و فەلەستین، کە بە شێوازی جیاواز بێدەوڵەت بوووون، مامەڵەکردن لە گەڵیاندا جودایە؟ ئەم پرسە لە ساتەوەختی ئێستادا کە زۆرێک کورد سۆزیان بۆ فەلەستینی هەیە، جێگای سەرنجە. لە هەمانکاتدا پرسی ئەوەی ئایا چ جۆرە مرۆڤێکی کاتێک بێدەوڵەتی لە ناو کایەی دەوڵەتدا، وەڵامی ئەم پرسیارە ڕەنگە چەمکی بان-ی ئەگامبین بۆی گونجاوبێت. بان بەمانای فەرامۆشکراو، بەڵام ئازادنەکراو دێت. هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دەوڵەت چارەسەرە، بێگومان دیدی ئایدیالیزم  نەخێر، چونکە هەموو دەوڵەتێک بریتیە لە پرۆسەی ڕێکخستنی گروپێک لە خەڵك لە پانتاییەکدا بۆ بەرهەمهێنانی هێز، ئەم هێزە مەرج نیە هەمیشە لە پێناو چاکەدا بەکارببرێت. بەڵام ئەڵتەرناتیڤی بێدەوڵتی لە دەستدانی هەموو خەسڵەتەکانی مرۆڤبونە.

24/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر