تڕەکەڵەکی کازمی

د. سه‌ردار عه‌زیز
رۆژی دووشەممە کازمی لە کۆشکی سپی بایدن دەبینێت، پرسی سەرەکی ئامادەیی سوپای ئەمریکایە لە عێراق.

ھەتا ئێستا پلان وەھایە کە ئەو ٢٥٠٠ سەربازەی کە لە عێراقن، ناویان بگۆڕێت بۆ ھێزی یارمەتیدەر و ھەموو کارە ھێرشکەریی و سەربازییەکانیان بوەستێنن و ھاوکاری دەوڵەتی عێراقی بکەن لە شەڕی لەگەڵ داعشدا.

ھەتا ئێستا ڕوون نیە کە ئایا ھەموو ئەو سەربازانە دەمێننەوە، یان ژمارەیان کەم دەکات؟ ئایا ئەم ناوگۆڕینە بەشێکە لە یاری بۆ کەمکردنەوەی فشاری میلیشیاکان و نەرمی نواندن بەرامبەر ئێران؟

میلیشیا وەلائییەکان زۆر توندن لە سەر ئەم پرسە و دژ بە ڕۆڵی ھاوکاریی و ڕاوێژکاریی ئەمریکان لە دەربڕینەکانیاندا، بەڵام قسەی ئەوان ھێندە سەنگی نیە.

ھەندێک سەرچاوە دەڵێن کە مەکگۆرک ئەوەی بە عێراقییەکان ڕاگەیاندوە کە ئەوان قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنەوە. ھەندێکی تر دەڵین، ناکشێنەوە تەنھا ناویان دەگۆڕن، ھەندێکی تر دەڵێن ھەموو ئەو سەربازانەی کە ڕۆڵی کۆمبات شەڕکەریان دەبینی لە سەری ساڵدا دەکشێنەوە.

کازمی دەیەوێت ئێران و ئەمریکا و میلیشیاکان ڕازی بکات. ھەریەکەیان بەرژەوەندی و ئەجیندای خۆی ھەیە، لە کاتێکدا لە ژێر فشاری ھەموو ئەمانەدایە، بەڵام ئامانجی شەخسی ئەوەیە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، پاش ئەوەی شکستی ھێنا لە دروستکردنی حیزب یان بەرە، ئەستەمە ئەم تڕەکەڵەکە سەربگرێت.

عێراق بایەخی نەماوە، نە وەک سەرچاوەی نەوت نە وەک جیوپۆلەتیک، ڕۆژ دوای ڕۆژ کۆمپانیا نەوتییە ڕۆژئاواییەکان دەکشێنەوە، سەربازەکانیش دەکشێنەوە. چین و ئێران و تورکیا دەبنە خاوەنی ئەم وڵاتە.

24/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر