بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
وەڵامی پرسیارێکی وەها بە سادەیی نادرێتەوە. (هەبوونی گومان لە سەربەخۆییان، بڕوانەبوون بە هەبوونی توانا بۆ ئەنجامدانی هیچ کارێک، لە بەر تەنها بوونیان). ئەم وەڵامانە دەرخەری کۆمەڵێک دەردی ئاگایی و ئەخلاقی و سیاسیین. ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت لە سەری بوەستم، چوونە پشت ئەم وەڵامانەوەیە، ئەو قەیرانە قوڵەیە کە ئاگایی سیاسی کوردی بە دەستیەوە دەناڵێنێت، ئەویش دەردی ئەوەی کە دەسەڵات بۆ گەورەکانە.

دیارە بێگومان دەکرێت سەربەخۆ هەبێت سێبەر بێت، سەربەخۆ لاوازە بە تەنها، بەڵام ئەم دیدانە کاتێک گشتگیر دەکرێن ئەوا لە ئەوە دەردەچن کە تەنها گومان و تێگەیشتن بێت بەڵکو دەرخەری کۆمەڵێک دونیابینی و ئاگاییە. 

سەرنەکەوتنی سەربەخۆکان، پێش هەموو شتێک دەرخەری ئەو ئازارەیە کە دەنگدەر تێنەگەشتوە لە کرۆک و ئامانجی یاسای نوێی هەڵبژاردن و پاشان سیستەمی نوێی هەڵبژاردن. کرۆکی سیستەمی نوێی هەڵبژاردن ئەوەیە کە تاک دەربکەوێت و سەربکەوێت لە بەرانبەر گروپ یان حیزب یان کەسایەتیدا. ئەم وەرچەرخانە بە ئەو ئامانجەیە کە نوێنەرایەتی ببێتە پرۆسەیەکی ڕۆژانەی مرۆیی رووبەڕوو لە نێوان دەنگدەر و نوێنەرە لۆکاڵەکەیدا. هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ئەو پارادایمە سیاسییە کە لە دونیای دیموکراسیدا باوە، ئەوە بوونی پەیوەندی نێوان دەنگدەر و نوێنەرە. لە دونیادا زۆر باوە خەڵک دەڵێت نوێنەرەکەم، ئەندام پەرلەمانەکەم، کۆنگرێسمانەکەم یان ئەندامی کۆنگریسەکەم. بەڵام ئەمە لای خۆمان بوونی نیە، ووردکردنەوەی نوێنەر بۆ ئەوە بوو هەژەمۆنیەتی ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسی لاوازبێت. چونکە دابڕانێکی زۆر هەیە لە نێوان تاک و خەمە لۆکاڵییەکان و دەستەبژێری سیاسیی زاڵ لە عیراقدا.

هاتنی نوێنەری تاک، وەرچەرخانێکە لە تێگەیشنی سیاسی تاک، چونکە پرسەکە لە ئاگاییدایە کاتی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی مەیسەر بێت. هەندێک دەڵێن سێ دەورەی دەوێت. بەڵام لەبەر دەسەڵاتخوازی خەڵکی عێراق، ئەوا زیاتری دەوێت. بەڵام با زیاتر جەخت لە سەر کوردستان بکەینەوە کە یەک تەنها سەربەخۆ تیایدا سەرکەوتوو نەبوو. 

شکستی سەربەخۆ وەها لێکدەدرێتەوە کە میدیایان لە پشت نەبوو، هەمومان دەزانین ئەوە تەلەفزیونە کە براوەی هەڵبژاردنەکانە نەک کەسەکان، خەڵک هێشتا لەو سندوقەی ماڵیان وەها دەبینن کە توانا و دەسەڵات و باڵایی و بلیمەتی لێدەبارێت، ئەمە مایەی قوڕپێوانە. ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمەدا میدیا ناوەندێک نیە بۆ گەیاندن، میدیا خۆی پەیامە. ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بوونی میدیا یانی بوونی ڕونیی و دڵنیایی و نەڕەی بەرز و درۆی زل، بەڵام بەبێ میدیا تاک دەبێت خۆی راستی و دروستی کەس و شتەکان بزانێت، خۆیشی ئەو توانا و وزەیەی نیە. ئەمەش وەها دەکات کە سیاسەت لای ئێمە بریتی نیە لە پرۆسەی پێکەوە کارکردن لە پێناوی گشتدا، بەڵکو جۆرێکە لە ملکەچی و عیبادەت. مرۆڤی عیبادەتکار دەیەوێی دەنگێک هەبێت بە سەریدا زاڵبێت، ناچار بە کڕنوشی بکات، بچوکی بکاتەوە هەتا لە هەموو بەرپرسیارێتیەک و راڕاییەک و دوو دڵییەک دایماڵێ. خۆی بۆ خۆی بڕیار نەدات.

بێگومان سەرکەوتنی سەربەخۆکان چارەسەر نین، سیستەمی هەڵبژاردنەکە کە لە پێناو ئەواندایە، کۆمەڵێک کێشەی زۆری تیادایە. ئەگەر زۆرترین خەڵک دەنگبدات ئەوا زۆرترین خەڵک بێنوێنەر دەبێت. یان ئەگەر کەمترین خەڵک دەنگبدات، ئەوا دیسانەوە زۆرترین خەڵک بێ دەنگ و بێ نوێنەر دەبن. سیستەمەکە لە هەمانکاتدا لە سەر چڕیی و رێکخراویی کاردەکات. بەڵام ئەمە ئەگەر لە ڕوانگەی حیزب و جوڵانەوە و رێکخراوەوە تەماشای بکەین. کە بێگومان تێڕوانینێکی هەڵەیە.

دەبێت خەڵکی ترسیان بشکێت لە گەورەکان، ئەمە پەیامی ئەم سیستەم هەڵبژاردنەیە. بەڵام نە پەیامەک گەیشت و نە ترسەکە شکا.

16/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر