چەند سەرنجێک دەربارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق

د. سه‌ردار عه‌زیز
هەڵبژاردن ئەو ساتەوەختە دەگمەنەیە، کە تیایدا خەڵک و دەسەڵات ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوە. جگە لە هەڵبژاردن یان هەڵنەبژاردن لە ڕوی سیاسییەوە، هەڵبژاردن چەندین رەهەندی تری ئابوریی و فیکریی و کۆمەڵایەتیمان بۆ ڕون دەکاتەوە. پێش هەموو شتێکی تر ڕۆژی هەڵبژاردن ڕۆژی نمایشی کۆمەڵگایە، بۆ خواستی، توڕەیی، ئومێد و هەورەها نائومێدیشیی. هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر خەسڵەت و ڕەهەندی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆی عێراقی بۆ دەرخستین.

یەکەم، ئەم هەڵبژاردنە کەمترین ساختەکاری تیادابوو، بۆیە دەکرێت وەک پێوەر و پێوانەیەکی باش ببینرێت، بۆ زۆر ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەوەی پێش هەموو شتێک جێگای سەرنجە کە هێشتا هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت. چونکە دوای کۆتایی دیموکراسی لە تونس، هیچ وڵاتێکی تری عەرەبی نیە هەڵبژاردنی تیادا بەڕێوەبچێت. بەڵام بایکۆتی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لە پرۆسەکە لە نێو هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە چیدی هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی گۆڕانکاری تەماشا ناکرێت لە لایەن زۆرینەوە. ئایا دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە وەها دەکات کە خەڵکی ڕایان بگۆڕێت بەرامبەر هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی گۆڕانکاریی؟ ئەمە لە سەر چۆنێتی بەڕێوەچونی حکومەتی نوێی عێراقی وەستاوە لە ساڵانی داهاتودا. ئەگەر بتوانرێت بە ئاسانی حکومەت پێکبهێنرێت.

دووەم، لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکە بە سیستەمێکی نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، بەڵام سیستەمەکە هێندە سودی لێنەبینرا هەتا نوێنەری لۆکاڵ، لە سەر بنەمای خەم و پێداویستییەکانی لۆکاڵ هەڵبژێردرێت. ئەم تەرجەمە نەبونەی یاساکە بۆ واقیع، ڕەنگە پێویست بە چەند خولێکی تر بکات. تشیرینییەکان کاتێک داوی یاساکەیان کرد، ئامانجیان ئەوەبوو کە بتوانن لە دەرەوەی گروپ و حیزبە گەورەکانەوە لە سنورێکی تایبەتدا بۆ پێداویستی ڕۆژانە و ژیاری خەڵک بچنە پەرلەمان.

لە زانستی نوێنەرایەتیدا بە ئەم جۆرە نوێنەرایەتییە دەڵێین دیلەگەیت. دیلیگەیت ئەو جۆرە نوێنەرەیە کە هەڵسوکەوتی ڕەنگدانەوەی ڕەفتاری بازنەی هەڵبژاردنەکەیەتی نەک پلان و بەرنامەی خۆی.

بیرمەندی کورد مەسعود محمد، لە کتێبی گەشتی ژیانمدا، بە ناڕاستەوخۆیی ئاماژە بە ئەم پرسە دەدات.  ناوبراو کاتێک نوێنەربوە لە بەغدا، ئەوەی بە باش زانیوە کە کارێک بۆ شارۆچکەیەک بکات، یان کەسێک لە زیندان ئازاد بکات، لە جیاتی ئەوەی باس لە کێشەی ئەوانیتر بکات لە جێگا دوورەکان.

من کە نایب بووم، دەبوو بزانم و لێشم بسەلمێندرێت، هەوڵدان و سەرکەوتنم بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەک لە لادێیەکی کوردستان؛ هەزاران هەزار جار سوودمەندەرتر و بەشەرەفترە لە ناز و فیزی شانۆگەرانەی، قسەقەڵەوی پف هەڵدراوی تاوانبارکردنی پەیمانی ئەتلانتیک لە ئاست پەیمانی وارشۆدا. ئاکرێ کارەبای لێ هەڵکرابایە هەزاران هەزار ئەو قەسیدانەی دەهێنا بۆ کۆریای شیمالی و بوولبوولی ڕەش هەڵدەبەستران.

دوو گەشتەکەی "گۆران" بۆ هەورامان و قۆپی هەموو ئەو بەشەی دەهێنا لە دیوانەکەی کە خەریکی چەپایەتییە. چوونم بۆ لای نووری سەعید- کەوا ڕەنگە بەلای چەپڕۆیەکەوە ناجایەز بێت- هەموو هەڵوەست و گوتار و دووانێکم دەهێنێت کە بە دڵگەرمی و بێ ئامانجی واقعی لە من کەوتوونەتەوە چونکە عەشرەتێکی کوردی گیڕایەوە بۆ شوێنی خۆی و کۆمەڵێ حەپسی چەند ساڵەی ڕەها کرد.) سەرچاوە: مەسعود محەمەد  'گەشتی ژیانم' لاپەڕە: ٤٤٤-٤٤٥

ئەم جۆرە نوێنەرایەتیە حیکایەتە گەورەکان دەکوژێت. عێراق کێشەی گەورەی هەیە لە گەڵ حیکایەتە گەورەکاندا. چەمکی حیکایەتی گەورە لە لیوتارەوە وەردەگرم، بەڵام بۆ مەبەستی خۆم. حیکایەتی گەورە، چ تایفێتی، ناسیونالیزمی مەدەنی، ئیتنی یان نەتەوەیی، هەموو بۆ خەڵکی سادە و ژاینی ڕۆژانەی خەڵ ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو. هەرچەندە تشرینییەکان زۆرینەیان سەربە قوتابخانەی ناسیونالیزمی مەدەینین بڕوایان وایە عێراق دەکرێت ببێتە ماڵی هەموان، بەڵام پێداگرییان لە سەر عێراق، زیاتر لە وەڵامی ئێراندایە.

دیارە ئەگەر هەموو بازنەکان کەسی تایبەت بە ناوچەی خۆیان هەڵبژێرن و تەنها خەمی ناوچەی خۆی بخوات ئەوا، حکومداری بە ئاسانی بەڕێوە ناچێت، چونکە دەبێت حکومەت هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە جێگایەک کارێک بکات. بۆیە خەمی گەورەش هاوشانی خەمی لۆکاڵی زەرورە.

سێیەم، هەڵبژاردنەکە بە گشتی نێرانە بوو. هەرچەندە  هەموو بازنەیەک کۆتای ئافرەتی هەبوو و زیاتر لە نەوەد ئافرەت دەچنە پەرلەمان، بەڵام لە بانگەشەدا پرسی ئافرەت بە تەواوی وون بوو. لە عێراقدا کۆمەڵێک یاسای چەوتی دژە ژن و ڕەفتاری دژە ئافرەت و نەرێتی کۆمەڵایەتی دژ بە مێینە بونیان هەیە. لە عێراقدا پیاو بە یاسا مافی سزادانی هاوسەرەکەی هەیە. بە دەربونی ئافرەت و خەمەکانی لە کایەی سیاسیدا نیشانەی دواکەوتیی زۆری ئەم کۆمەڵگایەیە. لە کوردستان و عێراقیشدا کاتێک دەتەوێت باس لە پرسی ئافرەت بکەی خێرا پیاتدا هەڵدەشاخێن و دەڵێن ئێمە کارەبامان نیە، پرسی ئافرەت با بوەستێت. ئەمە لە کاتێکدا ئافرەت زۆرینەی دانیشتوانی عێراقن، زۆرترین ئازار و نەهامەتی و دەردەسەری دەچێژن. هێشتا وەک ئاژەڵ دەبینرێن و وەها سەیر دەکرێن بۆ ئەوەی کێشەیان نەمێنێت هەر چەندێکیان بە سەر پیاوێکدا دابەش بکەن. لە کورستانیش پرسی ئافرەت پرسێکی سەرەکی هەڵبژاردنەکان نەبوو.

چوارهەم، هەڵەیە بە ئەم هەڵبژاردنە بڵێین هەڵبژاردنی عێراق. ئەوەی ڕودەدات، چەند هەڵبژاردنێکە لە هەناو کۆمەڵگای جیاوازدا لە ناو خاکی عێراقدا. هەڵبژاردنی کوردستان، هیچ پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی سوننەوە نیە، لە هەمانکاتدا هەردوو کورد و سوننە هیچ پەیوەندییان بە شیعەوە نیە. ئەمە بۆ کەمینە بچوکەکانیش ڕاستە. دابرانی هەڵبژاردنەکان و نەبونی خەمی هاوبەش و پرسی هاوبەش، دەرخەری ئەوەیە کە هەڵبژاردن و حکومەت دروستکردن پرسێکی هاوبەش نیە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا. بەڵکو هەریەکە و لە ڕوانگەی خۆیەوە حکومەت دروست دەکات، بۆ خۆی دروستی دەکات، بەڵام پاشان ناچاریی کۆیان دەکاتەوە. ئەم هەڵبژاردنە بە جودایی وەها دەکات پرسی ناسیونالیزمی مەدەنی لە بەردەم پرسی شوناسدا چۆک دابدات. ئەم دۆخە نادیموکراسییە وەها دەکات کە زۆرینە چەسپیوبێت و کەمیەنش چەسپیو. بۆیە دوبارەبونەوەی دۆخەکە ئەگەرێکی زۆرە.

سەرباری ئەم خاڵانە هەڵبژاردن کۆمەڵێک دیاردەی تری بۆ دەرخستین. یەکێک لە زەقترین دیاردەکان کۆتایی پیرۆزی و کاریگەریی مەرجەعی شیعە و کەسێکی وەک سیستانییە لە ناو جەماوەری شیعەدا. سیستانی گەرچی داوای لە خەڵک کرد بڕۆن بۆ دەنگدان و زۆربەی چاودێران وەها دەبینی کە خەڵکی بەدەم بانگەوازەکەیەوە دێن، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆرینە لە ماڵەکانیان مانەوە. لە هەمانکاتدا لە نێوان لاوانی باشوردا بێزاری بەرامبەر حیزبە ئیسلامییە شیعەکان بە ئاستێکە، کە ئەوان نەک داوی عەلمانیەت دەکەن، کە جوداکردنەوەی ئاینە لە دەسەڵات، بەڵکو داوای شێوازی فەرەنسی لە عەلمانیەت دەکەن کە لاییکە. لاییک ئاین لە پانتایی گشتی دەکاتە دەرەوە و بە تەواوی دەیکاتە پرسێکی تایبەت یان شەخسی.

سوننە لەم هەڵبژاردنەدا یەکگرتووتر دەرکەوتن. ڕەنگە ئەمە وەهایان لێبکات کەسێک یان هێزێکی گەورە کۆیان بکاتەوە. لە کوردستان سەرباری دەنگنەدانی زۆرینە، بەڵام پارتی زیاتر بوو بە پارتی باڵادەست لە هەرێم. شکستی هەموو ئەوانیتر لە بەرامبەر پارتیدا ئەو خەیاڵەی پارتی دەکاتە حەقیقەت کە خۆی بە باڵادەست وخاوەن دەزانێت لە کوردستان.

لە ئاستی هەرێمیدا ئێران لاواز بوو. ئەمەش دەرئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراوبوو. ئایا میلیشیا چەکدارەکان چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەم واقیعەدا دەکەم؟ ڕۆژانی داهاتوو بۆمان ڕون دەکاتەوە.

20/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر