د. سهردار عهزیز
ھۆکار و پاڵنەری سەرەکی کۆچی بە لێشاوی لاوان ئابورییە. ئابوری لێرەدا بە مانای ئاسایشی بژێوی، لە گەڵ ئابوری گشتیدا. بەڵام ئەم ھۆکارە ئابورییە، پاڵنەری سەرەکی لە کوردستان سیاسییە. ئەوە سیاسەتە دەبێت بگۆڕێت بۆ ئەوەی ئابوری بگۆڕێت، نەک سیستەمی ئابوری بە تەنھا.
سیستەمی ئابوری ھەرێم چەند ساڵێکە گەشتوەتە بن بەست. ئەم سیستەمە ئابورییە کرۆکەکەی لە سەر بنەمای ئەوە دامەزرابوو کە کەرتی گشتی یان حکومەت بەکاربەری سەرەکی دەستی کاربێت لە کۆمەڵگادا. ئەم سیاستە ئابورییە حکومەت لە پێناو گەشە و وەبەرھێنان و بوژانەوە و کەڵەکردن و داھێناندا نەبوو، بەڵکو پاڵنەری سەرەکی کۆنترۆڵی کۆمەڵگابوو لە لایەن نوخبەی سیاسییەوە.
فەرمانبەر کەسێکی کۆنترۆڵکراوە. کەسێکە کە جوڵە و بیر و توانا و بژێوی لە دەستی لایەنی سیاسیدایە و دەبێت لە سەر ئەو بنەمایەنە ھەڵسوکەوت بکات. فەلسەفەی سیستەمەکە، گەرچی رانەگەیەنراوە، بەڵام بە رونی بریتیە لە نان بەرامبەر ملکەچی.
بەڵام ئەم سیستەمە گەشتوەتە بن بەست لە چەند لایەکەوە. یەکەم، بوارنیە بۆ ھەڵاوسانی زیاتری کەرتی گشتی، دووەم، داھات بەشی ئەوە ناکات کە ھەمووان ببنە بەشێک لە کەرتی گشتی. سێیەم، کەرتی گشتی تەنھا یەک ئامرازە لە ئامرازەکان حوکمداری لە کوردستان، چونکە شەڕێکی ناکۆتای ناوخۆ لە ھەناو سیستەمەکەدا ھەیە، ئەوا قۆرخکردن و مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکانی داھات بەشێکی ھەرە سەرەکی بەڕێوەبردنی ئەم جەنگەیە. گەندەڵی و قۆرخکردن رێگری لە بە سیستەمبونی ئابوری ھەرێم و ڕێگەنەدان بە گەشەی کەرتی سەربەخۆ ھەمووی بەشێکە لە ئەم سیستەمە.
ئەم سیستەمە ھەر ئەوەنیە گەشتوەتە بن بەست، بەڵکو جۆرێک لە مرۆڤی لە گەڵ خۆیدا بەرھەم ھێناوە. مرۆڤێک کە بریندار و شەڕانی و بێ ھیوا و دەستەپاچەیە. خەڵک بڕوانامەی ھەیە، بەڵام شارەزایی نیە، بیرۆکەی کاری ھەیە، بەڵام دەستی ناگاتە سەرمایە، خەڵکانی تر بە ئاسانی دەوڵەمەندبوون، ئەویش وەھا خەیاڵ دەکات.
چارەسەری ئەم دۆخە دروستکردنی ئابورییە، ئازادکردنی سەرمایەیە، کرۆکی سەرمایەداری flow یە، کە یانی نەبونی ھیچ بەرگرییەک لە بەردەم رۆشتندا، بەڵام دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە ئەنجامدا ئابوری ئێمە پڕیەتی لە بەربەست. نەبونی سیستەمێکی بانکی، ترسی نوخبەی دەسەڵات لە گەشەی ئابوری لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان، ئازادکردنی بازاڕ، ئەمانە بنەمای چارەسەرن. بەڵام ووردکردنەوە و پیادەکردنی کاری زۆری دەوێت. بە تایبەتی ئەم نەوەیە کە ئێستا ھەیە، پڕ دەکرێت لە توڕەیی لە پێناوی ئاراستەکردنی سیاسی، لە ئەنجامدا لەوە دەکەوێت مرۆڤێکی ئابورییانە بێت.