نێچیرڤان بارزانی لە تاران پەیوەندییەکانی هەرێم و عیراق ڕێک دەخاتەوە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، وەرچەرخانێکە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرسێ لایەن (هەولێر، بەغدا، تاران)، ئاسایی بوونی پەیوەندی هەولێر و تاران ڕێگا بۆ پەیوەندییه‌كی ته‌ندروستی نێوان هەرێم و بەغدا خۆشده‌كات، بە حوکمی قوڵی ستراتیژییەتی پەیوەندی (مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتی) پێکهاتەی شیعەی دەسته‌ڵاتدارانی ئەمڕۆی عیراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، وای کردووە هەر گۆڕانکاریەک لە باشتر بوونی پەیوەندی نێوان هەولێر و تاران، به‌سه‌ر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش ڕه‌نگبداته‌وه‌.

ماوەیەکی زۆرە ئێران لەگەڵ هەرێم، لە پەیوەندییەکی خراپدایه‌. دیارە ئێران پێیوایە هەرێم بۆتە سەرچاوەی هەڕه‌شە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، هەرێمیش پێیوایە جگەلە گەڕ گرتن بە هەرێم، هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە. لەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم بۆ لایان، ئەم ترسانەی ئێران لەسەر ئاسایشی خۆیان باس کراوە، بەڕای ئەوان مەسەلەی بوونی بنکەکانی ئیسڕائیل لە هەرێم، هەرچەندە چەندین جار ئەم تۆمەتە لەلایەن هەرێم ڕەتکراوەتەوە، بەڵام دیارە ئەوان تا کاتی ئەنجامدانی ئەم سەرد‌انەی سەرۆکی هەرێم، هەر سوور بوون لەسەر قسەی خۆیان، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەم بارەیەوە بخەنە بەردەست، سەرۆکی هەرێم پێیگوتوون لە هەر شوێنێک گومانتان هەیە یان پێتانوایە بنکەی ئیسڕائیلی لێیە دەتوانن بێن سەردانی شوێنەکە بکەن، هەروەها ئەمەشی پێڕاگەیاندوون (باشە ئەمە چ عەقڵێکە و چۆن باوڕدەکەن، ئێوە وڵاتێکی گرنگ و دراوسێن، ئێمە بچین پەیوەندی لە دژی ئێوە لەگەڵ وڵاتێکی تر ببەستین کە هیچ بەرژەوەندی ئێمەی تێدانییە)، بۆیە ئەمە لە ڕووی سیاسیەوە هیچ لۆژیک نییە، تۆ بەرژەوەندیت لەگەڵ وڵاتێک نەبێت، بچیت پەیوەندی لەگەڵ دروست بکەی، دژی وڵاتێکی دراوسێی خۆت، کە چەندین بەرژەوەندی هاوبەشت لەگەڵدا هەیە، سەرەڕای پەیوەندییەکی دووروودرێژ لە خۆشی و ناخۆشی هاوبه‌ش، بۆیە پرسی ئیسڕائیل بۆتە کراسی عوسمان بەدەست زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە دژی کوردستان، هەر کاتێک ناکۆکی لەسەر مەسەلەیەکی تر دروست دەبێت، ئەو کراسە بەخوێنەی ئیمامی عوسمان بەرزدەکەنەوە، ئەگەرنا هەرێم هیچ سوودمەند نییە، لە ئیسڕائیل تا بنکەکانی لێرەبن، بۆیە ئەوەی هەیە تەنها دیدگایه‌كه‌ لەسەر ئاستی میللی کە ئێمە پێمانوایە بۆ فەڵەستینییەکان واباشترە لەگەڵ ئیسڕائیل ئاشتی بکەن و پێکەوە بژین، چونکە عەرەب ناتوانێت ئیسڕائیل لەناو ببات، ئەمە مانای پەیوەندی و هاوسۆزی نییە، لەگەڵ ئیسڕائیل بەقەد واقعیەتێکی سیاسییە و زیاتر بۆ بەرژەوەندی فەلەستینییەکانە، وێڕای ئەمەش لە هەموو بۆنەکان سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی ئەو کوشتن و سوتاندنەی کە لەلایەن ئیسڕائیل لە دژی فەلەستینیەکان بەڕێوەدەچێت دەکرێت.

 فەلەستینییەکان مافی خۆیانە بەئاشتی و سەربەرزی لە وڵاتی خۆیان بژین، بۆیە هیچ بیانویەک نییە بۆ کوشتنی ژن و منداڵی فەڵەستینی، ئەمە بڕوای سەرکردایەتی هەرێم و پارتیشە، بۆیە ڕای میللی و ڕەسمی ئێمە لە هەرێم زۆر ڕاستگۆیانەتر و زیاتر لە بەرژەوەندی فەڵەستینییەکانە، ئەوەی تر زۆربەی بازرگانی کردنە بە مەسەلەی فەلەستیینەکان، لەلایەکی تر ئەمە هەرێمە بە هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەپارزرێت و پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان بە ئاشکرایە، چ پێویستمان بە ئیسڕائیلە، لەکاتێکدا ئیسڕائیل خۆی حاڵی زۆر باش نییە، تا چارەی ئێمە بکات، لەو لێدوانانەی ناوبه‌ناو ئیسڕائیل ناوی کورد دێنێت لەدژی تورکیا و ئێران، بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردێنێ، هیچ کاتێک ئیسڕائیل لەگەڵ میللەتی کورد ڕاستگۆ نەبووە، ئەندازیاری ڕێکەوتنی جەزائیر بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کوردستان، هینری کیسنجەری جولەکە بوو، ئەی بۆ ئیسڕائیل کیسنجەری لە دژی کوردستان ڕانەگرت؟ کەواتە ئەوەی لەبارەی ئیسڕائیل و هەرێم دەگوترێت زیاتر تۆمەتن تا ڕاستی.

بەهەموو پێوەرێک ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران، گرنگییەکی زۆری بۆ هەردوو لایەن هەبوو، پێشوازی کردنی بەو شێوەیە نیشاندانی گرنگی پێگەی هەرێم و کەسایەتی خودی نێچیرڤان بارزانیشە، کە سەرکردەیەکە توانای کۆکردنەوەی دژەکانی پێکەوە هەیە، چونکە بڕوایەکی قوڵ و نەگۆڕی بە دیالۆگ و پێکەوە کارکردن و دانیشتن هەیە، پێیواییە دبلۆماسیەت ڕێگایەکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها چاک لە ڕاستییە مێژووییەکان تێگەیشتووە کە دەبێت ئێمە لەو ناوچەیە کۆیی نەتەوە و پێکهاتە ئایینییەکان، پێکەوە بە ئاشتی بژین، هیچ نەتەوە و ئاینێک ناتوانێت ئەوەی تر لە ناو ببات، ئەگەر بەشەڕ نەتەوەیەک لە ناو چووبا ، ئەوە دەبوو کوردبا، چونکە ئەوەی لە سەت ساڵی رابردوو بەرامبەر کورد کراوە کەم وێنە بووە، کەچی کورد هەر زیندووە و نەمردووە، بۆیە سەرۆکی هەرێم پێیوایە پێویستە هەموو لایەک دەرس لەو مێژووە وەرگرین. 

ئەو پەیامەی سەرۆکی هەرێم دەیویست  لەو سەردانەی به‌ تاران بگەیه‌نێت، ئەوە بوو کە ئێمە لە هەرێم خوازیاری پەیوەندییەکی باش و دۆستانەین لەگەڵ ئێوە، هەروەها پێیگوتن پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی تر بەهیچ شێوەیەک لەسه‌ر حیسابی ئێوە نییە و ئێمە هەڕەشە نین بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێوە، پێمانخۆشە وەک دوو دراوسێی مێژوویی و پەیوەندی ستراتیژی و قوڵمان لەگەڵ یەكتر هەبێت، وێڕای ئەوەی داوای باشتر بوونی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان، هەرچەندە ئەم سەردانە لێک تێگەیشتنێکی باشی لەنێوان هەولێر و تاران لەلایەک و هەولێر و بەغدا لەلایەکی تر دروست کردووە، بەڵام مانای ئەوەش نییە ئیدی پێمانوابێت کە کێشەکان هەموویان چارەسەر بوونە و سەر هەڵنادەنەوە، چونکە هەندێک کێشە یان بەرژەوەندییەکان ڕێگە نادەن چارەسەر ببن، یەک لەو کێشە هەرە گەورانە مەسەلەی بەگەڕخستنی ئابووری وزەیە لە هەرێم، ئێران ئەم مەسەلەیە وائاسان وەرناگرێت، بۆیە بوارێکی زیندووە کە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی چەند کێشەیەکی تر، یان گەڕێکی تر لە ناکۆکی، چونکە ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بە وڵاتانی گەورەتر لە ئێران، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت ئەو کەرتە زیاتر پێشکەوێت و ببێتە بەرهەمێکی نێودەوڵەتی، هەروەها عیراقیش لەم مەسەلەیە کێشەی لەگەڵ ئێراندا هەیە، ئایا تا چەند دەتوانێت دەستبەرداری بەرهەمی وزەی ئێران بێت، یان تاکەی دەتوانێت پشت بە وزەی ئێران ببەستێت لە کاتێکدا خۆی وزەی هەیە؟

10/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر