لە ناو ئەم ئاگربارانەدا کورد چی بکات

فه‌رحان جه‌وهه‌ر


وەکو دیارە ناوچەکە ئەم جارەش ژانی لە دایک بوونی بارودۆخێکی نوێی گرتووە، بەڵام پێناچێت لە بەرژەوەندی کورد بشکێتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە عیراقدا دەگوزەرێ و بەپێی دروشمەکانی خەڵکە نارازییەکەی بەغدا و باشووربێ دیارە تێگەیشتنێکی باشیان بۆ مەسەلەی کورد لە عیراقدا نییە، نەک هەر ئەمە بەڵکو گەلێکیان هەرێمی کوردستان بەزیادەو سەرچاوەی نەهامەتیەکانی خۆیان دەزانن، بۆیە پێموایە بەسەرکەوتنی ئەمانە کێشەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا قوڵتر دەبنەوە، جگەلەمەش سەرکەوتنیان بەسەر ئەو چینە سیاسیەی ئێستای حوکمڕان، عیراق نابێتە وڵاتێکی دیموکراتی و مەدەنی، ئەو دروشمانەی رۆژانە خەڵکە راپەڕیوەکەی دەڵێنەوەو گوێمان لێ دەبێ هەرهەمان کوولتورو ئاوازی پێشووە بە گۆڕانێکی کەم و ناچاریەوە، وەک بروح و بددەمی سەردەمی بەعسیەکان هەر بەردەوامە تەنها ناوی سەددامیان لێ کردۆتەوە ئەمەشیان رەنگە هەر لە ترسان بێ، بۆیە بەم کولتوورە دەوڵەتی مەددەنی دانامەزرێ و هیچ ماف و ئازادێکیش لە رێی خوێنەوە بەدەست ناهێت، ئەوەی بەخوێن بەدەست بهێنی هەر بەخوێنیش لە دەستی دەدەی جا ئەمڕۆبێت یا سبەی، لەگەڵ ئەوەشدا مافی خەڵکە خەبات بکەن بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادیەکانیان، ئەو شۆرشەی عیراق یەک شتی گرنگی سەلماند ئەویش ئەوەیە پڕۆسەی سیاسی لە عیراق کە خۆی لە حکومەت و پەرلەماندا دەنوێنێت، هیچ تروسکایەکی دیموکراتی تێدا نییەو پێناچێت ئەمانە بەهەڵبژاردنی دەنگی خەڵک هاتبن، چونکە هەر وڵاتێک پەرلەمانی هەڵبژێردراوی هەبێ نابێ بەم شێوازە مامڵە لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بکات، ئەگەر راست بێ ئەوان نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک بن پێویست بوو دوای نەگەیشتە چارەسەر یەکسەر خۆیان هەڵوەشاندبایەوە وداوای هەڵبژاردنی پێش وەختەیان بکردایەو خەڵکیان نقومی گۆمی خوێن نەکردبایە، لە بەریتانیا لەماوەی ئەم خولەی پەرلەماندا کە دوای چەند رۆژێکی تر  ئەنجامدەرێت، دەبێتە سێیەم جار هەڵبژاردنی تێدا بکرێ، هەر حکومەت و پەرلەمانێک نەیان توانی لەگەڵ خەڵکی ناڕازی بگەنە ئەنجامێک خۆیان حەل دەکەن و وڵات دووچاری گێژاوی نادیار ناکەن. 


ئەوەی کورد پێویستە چی بکات لە عیراق؟ ئەوەیە نابێ وا تێبگا بە دوورەپەرێزی و بێ لایەنی لە کێشەکانی عیراق دەتوانێ خۆی لە کێشەکان رزگار بکات، بەپێچەوانەوە هەموو کێشەکانی عیراق دواجار زیانیان بۆ ئێمە هەیە، مادام ئێمە بەشێکین لە عیراق پێویستە رۆڵی گرنگیش لە عیراق ببینین، هەرچەندە تاکو ئێستا هەڵوێستی سیاسی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی ئیجابیانەی هەیەوتوانیویەتی تا رادەیەکیی باش هاوسەنگی لەنێوان داخوازیەکانی خۆپیشاندەران و بڕیارەکانی حوکومەت بو چاکسازیدا راگرێ. هەروەها بەشداری نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەکۆبونەوەکانی لایەنەسیاسیەکانی عیراقی وکۆکردنەوەیان بۆ گفتووگۆ لە بارەی چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای عیراق هەنگاوی ئێجگار پڕبایەخن، هەروەها ناردنی شاندی باڵا لەسەرەتای گرفتەکان لەلایەن سەرۆک بارزانی بۆ بەغداو پێشنیارکردنی کۆمەڵێک چارەسەربۆ قەیرانەکان زۆر گرنگ بوون، چونکە هەمیشەکۆمەڵێک ناوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عیراق گلەیی و رەخنەی ئەوەیان لە هەرێم و لایەنەسیاسیەکانی هەبوو کە هەمیشە لە دوورەوە سەیری کێشەکانی عیراق دەکەن، رەنگە لەمەشدا تارادەیەک هەق بن، هەرچەندە دۆخی عیراق ئاڵۆزەو چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەگەر نەڵێم ئەستەمە ئەوا زۆر زەحمەتە، بەڵام خۆ دوورگرتن و بێ لایەن بوونمان لە کێشەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر نییە.

 
چارەسەربوونی دۆزی کورد لە هەموو پارچەکانی تری کوردستان پەیوەستە بە دۆخی هاتنەئارای کەشێکی دیموکراسی، بەبێ بوونی ناوەندی دیموکراسی لەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دەژی چارەسەر ئەستەمە، بۆیە بەرلەوەی کورد خەباتی نەتەوەیی بکات، پێویستە لەگەڵ هەموو ئەو هێزو لایەنە دیموکراتی و مەدەنییانەی لەناو ئەو وڵاتانە خەبات بۆ دیموکراتی دەکەن هەماهەنگ و هاو خەبات بن، بۆسەرکەوتنی هێزە دیموکراتخوازەکان لەو وڵاتانە، چونکە بەدیموکراتی نەبێ هێزەسیاسیەکانی ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە بە ئاینی و نەتەوەییەوە مافەکانی کورد ناسەلمێنن.


22/11/2019



وتارەکانی تری نوسەر