ژنێکی کورد لەلایەن باوک و براکەی کوژرا و سوتێندرا

ژنێکی لاوی خەڵکی ئورمیە لە ژێر ناوی شەرەف و نامووس لەلایەن براکەی و باوکیەوە کوژرا و تەرمەکەشی سوتێندرا. 

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی گوندی گەنگەچین سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆستی ئورمیە بە ناوی عەشرەت نیکخوویی بە پاساوی شەرەف و نامووس لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراە.

ئاماژەی بەوەشکردووە" براو باوکی عەشرەت نیکخوویی سەرەتا ناوبراویان کوشتووە و دواتر لە کردەوەیەکی نەشیاوی دیکەدا تەرمەکەیان سووتاندووە. تەرمی سووتاوی ئەو ژنە ئێستا لە پزیشکی دادی ئورمیە ڕاگیراوە". 

ڕێکخراوەکە ئاشکراشیکردووە، کە عەشرەت دایکی سێ منداڵ بووە و ماوەیەک پێش ئێستا دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە پەیوەندی ناوبراو لەگەڵ پیاوێکی دیکە بڵاو بووەتەوە، هاوژینەکەی تەڵاقی داوە و گەڕاوەتەوە ماڵ باوکی خۆی و لەوێ ژیاوە.

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧ ژن لە کوردستان لەژێر ناوی نامووس و شەرەف کوژراون.


PM:07:15:06/02/2021