وێنە.. پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردەوە

‌قوتابخانەی گەلی بنەڕەتی کچان

بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ٧ی شووباتی ٢٠٢١پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە.

 

خوێندنگای " گەلی " بنەڕەتی کچان لە گەڕەکی زەرگەتەی کچان لە سلێمانی جیاواز دەرگای قوتابخانەکەیان کردەوە، سەرەتا قوتابییەکانیان لە گۆڕەپانی خوێندنگاکەدا کۆکرانەوەو بەرێوەبەری خوێندنگاکە پێشوازی لە خوێندکاران کرد، لە وتەکەیدا داوای لە خوێندکاران کرد ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیڕەو بکەن، هەروەها داوای لە حکومەتی هەرێم کرد کە مووچە لە کاتی خۆیدا ٣٠ رۆژ جارێک دابەشبکەن، دواتر بەدەم سرووری ئەی رەقیبەوە ئاڵای کوردستان هەڵکرا، هەروەها خەڵات بەسەر سێ خوێندکاردا کە لە پێش هەموو خوێندکارەکانی ترەوە کە ئەمڕۆ گەیشتبوونە قوتابخانە دابەشکرا، خەڵاتەکان لەلایەن سێ مامۆستای نوێوە دابەشکرا کە تازە دامەزرابوون. 

 

کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دوای سێ مانگ لە داخستنی دێت، کۆتایی هەفتەی رابردووش وەزارەتی پەروەردە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی دەوامی بۆ ساڵی (٢٠٢٠-٢٠٢١) راگەیاند.

 

لای خۆشییەوە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایی بەناوی وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بە شێوازی تەناوب دەبێت واتە هەر قوتابیەك هەفتەی سێ رۆژ دەخوێنێت، مامۆستایانیش دەتوانن تەنها كاتی وانەوتنەوە بچنە قوتابخانەكان. 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە ئامێری گەرمیپێو پشکنین بۆ خوێندکاران دەکرێت و ئەگەر پلەی گەرمی هەر خوێندکارێک لە ٣٧.٢ زیاتر بێت، ئەوا ناوەندە تەندروستییەکانی لێئاگادار دەکرێتەوە.

 

دەشڵێت" بە ماسکەوە و بە خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لەیەکتر، خوێندن بەردەوام دەبێت". 




AM:09:06:07/02/2021