فواد مەعسوم: هێرشێکی نامەنتیقی دەکرێتە سەرم



كچەکەی راو لێدوان لەسەر حکومدانی دەستگیرکراوەکانی بادینان دەدات، د. فواد مەعسوم دێتە دەنگ و دەڵێت " رای خۆیەتی و هێرشێکی نا مەنتیقی دەکرێتە سەرم".
لە روونکردنەوەیەکدا نووسینگەی د. فواد مەعسوم بڵاویکردۆتەوە، تیایدا هاتووە " ماوەیەکە بەرەواو نارەوا هێرشێکی نامەنتیق دەکرێتە سەر جەنابی د.فوئاد مەعسوم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرکردەی رۆژانی خەباتی شاروشاخ و ماندوبونی بەڕێزیان ، بەهۆی لێدوانی خاتوو شیرین فوئاد مەعسومی کچی بەڕێزیانەوە". 


لە راگەیاندنەدا هاتووە " بەهەموولایەکی رادەگەینین کە جەنابی د.فوئاد مەعسوم نەک هەرلەگەڵ ئەو جۆرە لێدوان و قسانە نییەو دورە لە بۆچون و ڕاو کەسایەتی جەنابیان ، زۆربەی کاتیش دژو نا هاوڕابوە لەگەڵ ئەو جۆرە بۆچونانە کە بەداخەوە بەشێک لە راگەیاندنەکانیش بەمەبەست و بۆ ناشیرینکردنی خەباتی پاک و نەزیهی جەنابی د.فوئاد تەرویجی ئەو مەسەلانە دەکەن".
 


نووسینگەی سەرۆکی پێشووی عێراق دەڵێت " لێرەوە بۆ چەندەمین جاریش بەهەموو لایەکی رادەگەیەنینەوە کە شیرین خانی کچی بەڕێز د.فوئاد مەعسوم هەرگیز هیچ پۆستێکی لە ماوەی سەرۆکایەتی کۆمارو نە پێشترو نەدواتر لە هیچ جومگەیەکی نزیکی باوکیەوە نەبوەو ئەو قسانە هەموی دورن لەراستیەوە کە گوایە لەسەرۆکایەتی کۆمار پۆستی هەبوە، وە شیرین خانیش وەک هەرکەسێکی تر ئازادە هەڵگری چ بیروباوەڕێک و چ ئایدیایەکە و ئەوەش لەهەموو دنیا شتێکی ئاسایی و یاساییە ، وەجەنابی دکتۆر فوئاد چەندین جاریش ئەوەی  دوپاتکردۆتەوە کە کچەکەی بەڕێزیان لەتەمەنێکی گەورەدایەو خاوەنی ماڵ و هاوسەری خۆیەتی و لەوڵاتێکی تر دەژیت و جەنابیان زۆر هەوڵیشیداوە کە بۆچون و روئیایەکانی واقعی بن و واز لەو جۆرە لێدوانانە بهێنێت کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دونیابینی بەڕێزیان یەک ناگرێتەوە ، بەڵام ئەو خاتونە لەتەمەنێکدا نیە کە ئاراستە بکرێت و خۆی ئازادە لە چ حزبێکدا کاردەکات و چی دەڵێت" . 


لە کۆتاییدا نووسینگەی د. فواد مەعسوم دەڵێت " هیوادارین خەبات و ماندوبونی جەنابی د.فوئاد نەکرێتە دەستەچیلەی گڕبەردانی ناحەزانەی هیچ کەس و لایەنێک هەتا نزیکترین کەسیش بن لەبەڕێزیانەوە ، ئەم رونکردنەوەیەمان بەپێویست زانی بۆ بەرچاو روونی هەموولایەک" .  
 



PM:10:28:22/02/2021