ئەو بەڕێوەبەرەی وتی قۆپیەم کردووە، روونکردنەوە دەدات

بەڕێوەبەری ئەو پەیمانگایەی وتی " قۆپیەم کردووە": روونکردنەوە دەدات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بۆ گاڵتە ئەو قسانەی کردووە.

 
لە روونکردنەوەیەکدا ئاشنا فەتاح بەڕێوەبەری پەیمانگا، دەڵێت" بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوە بدەم دەربارەی بابەتێک لەسەر من دوای بەشداریکردنم لە بەرنامەی 100 پرس کە بەرنامەیەکی تەواو تەرفیھییە لە کەناڵی ئاسمانی ئاڤا ئینتەرتەیمێنت".

 
هەروەها دەشڵێت " لە کاتێکدا بە ڕوونی رایدەگەیەنم کە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە بە تایبەت کە لە ئێستادا من خۆم یەکێکم لەو ڕاھێنەرانەی کە سەدان و ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەکەمم پێگەیاندووە و پەروەردەیەکی دروستمان پێبەخشیون بە شاھیدی دایک و باوکیان".




ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌ی مامۆستا ئاشنا فه‌تاح: 



ھاوڵاتیانی کوردستان، پەروەردەکاران، میدیاکاران و مامۆستایانی بەڕێز.


بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوە بدەم دەربارەی بابەتێک لەسەر من دوای بەشداریکردنم لە بەرنامەی 100 پرس کە بەرنامەیەکی تەواو تەرفیھییە لە کەناڵی ئاسمانی ئاڤا ئینتەرتەیمێنت.


لەو بەرنامەیەدا بە شێوەیەکی گەمە ئامێز و بۆ گاڵتە و گەپ (کە ستایلی بەرنامەکە وا دەخوازێت) باسی قۆپیەکردن لە کاتی تاقیکردنەوە کرا، بەڵام بە شێوەکی فراوان، رەنگە پلان بۆ داڕێژراو و دوور لە ھەر بەھایەکی کۆمەڵایەتی و ڕەچاوکردنی کەسایەتی ئێمە لە سۆشیاڵ میدیا دەستکراوە بە ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتیمان.


لە کاتێکدا بە ڕوونی رایدەگەیەنم کە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کارەدا نیم و ھەرگیز بەھانەی بۆ ناھێنمەوە بە تایبەت کە لە ئێستادا من خۆم یەکێکم لەو ڕاھێنەرانەی کە سەدان و ھەزاران قوتابی و منداڵی شارەکەمم پێگەیاندووە و پەروەردەیەکی دروستمان پێبەخشیون بە شاھیدی دایک و باوکیان.


ھەر بۆیە زیاتر لە جارێک بەشداریان بە منداڵەکانیان کردۆتەوە لە خول و چالاکییەکانماندا.


ئەمە جگە لەوەی سەدان سیمینار و چالاکیمان ئەنجامداوە لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی و شا رێگای ڕاستی زانست و زانیاری و ھەوڵ و کۆششدانمان بۆ ئامادەبووان خستۆتە ڕوو، لەگەڵ ئەوەش ھێشتا خۆمان بە قوتابی دەزانین و لە ھەوڵ و گەڕان بۆ زانست و خۆ پەروەردەکردن نەوەستاوین و پێمان وایە تازە لەسەرەتای رێگەداین بۆیە بەردەوام لە کۆرس و خولی فێرکاری بەشدار دەبین.


لە کۆتاییدا جگە لەوەی دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە ئێمە ھەرگیز بانگەشە بۆ ھیچ جۆرە کارێکی ساختە و نا دروست ناکەین، چ جای لە بواری پەروەردە و فێرکردن کە خۆمان لە کایەکەداین ھەم وەک قوتابی، ھەم وەک پەروەردەکار، دڵنیایی دەدەین کە بەردەوام دەبین لەسەر کاری خۆمان و درێژە بە کاروانی پەروەردەیی دەدەین و کوالیتی باشتر و خزمەتی زیاتر بە بەشداربووانمان دەکەین و لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە ناوەستین.


لەگەڵ رێزدا..
ئاشنا فەلاح

 



PM:09:16:28/02/2021