یڵدز: لەوانەیە هەرێمی کوردستان داوای سوتەمەنی لە تورکیا بکات
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند: چاوەڕوان دەکەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی ناوخۆیی، داوای هاوکاریی لە تورکیا بکا.
تانەر یڵدز وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کە ئێستا لە روسیایە بۆ بەشداریکردن لە بیست و یەکەمین کۆنگرەی جیهانیی نەوت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی رەوشی ناوخۆی عێراق و کاریگەریی هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر کەرتی نەوت و غازی عێراقی کرد.
بەپێی هەواڵێكی ئەنادۆڵ، یڵدز روونیکردەوە دوای داگیرکردنی پاڵاوگەی بێجی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە، لە سەرانسەری عێراق قەیرانی سوتەمەنی دێتە ئاراوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێ عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی داوای هاوکاریی لە تورکیا بکەن.
بەڵام وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ئاماژەی بەوە نەداوە وڵاتەکەی ئامادەی پێشکەشکردنی هاوکارییە لەو بارەیەوە.
یڵدز لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بە نرخی غاز و سوتەمنی لە جیهان دا و گوتی: " بەھۆی قەیرانی سیاسی و ئەمنی لە عێراق، کاریگەریی راستەوخۆی ەسەر بازاڕەکانی جیهان کردووە و ئێستا نرخی نەوت و دۆلار لە بازاڕەکانی جیھان بەرزبۆتەوە. ئەو بەرزبوونەوەیە وایکردووە کە نرخی غازی سروشتی تۆزێک دابەزێ."
PM:03:35:19/06/2014