رۆژی شەممە 2021.3.20 ، كاتژمێر 12:38 ی دوای نیوەڕۆ بە كاتی هەولێر زەوی دەگاتەیەكێ لە خاڵە هەرە ناودارەكانی خۆی لە كاروانی دوورو درێژی خولانەوەیدا بەدەوری خۆر، ئەویش خاڵی هاوسەنگبوونی بەهارییVernal Equinox - ە كە لە هەمان كاتدا مانای نیمچە یەكسان بوونی تەواوی ماوەی نێوان شەوو رۆژ بۆ 12 بە 12 كاتژمێر .
ماوەیەكی زۆریشە گومان لەوەدا نەماوە كە لەكاتی خولانەوەی بە دەوری خۆردا، زەوی سێ خاڵ دروست دەكات و بریتین لە:
• نزیكترین خاڵ، كە دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باكوورو دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باشوور.
• دوورترین خاڵ، كە دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باكوورو دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باشوور.
• دووریی مامناوەند، كە لە نیوەگۆی باكووردا دەستپێكی بەهارەو لە نیوەگۆی باشووریشدا دەستپێكی پاییزە.
• بە پێوانە فەلەكییەكان ماوەی نێوان خۆرو زەوی لە كاتی گەیشتنی بە (دووریی مامناوەند) دەگاتە 149 ملیۆن و 598 هەزارو 23 كیلۆمەتر.
(هاوسەنگبوونی بەهاریی) یان (Vernal Equinox) لە 20 یان 21 یان بە دەگمەن لە 22 ی ئاداری هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، تیشكی خۆر تیایدا بە شێوەیەكی 100% ی دەكەوێتە سەر (هێڵییەكسانی)، چونكە بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی 23 پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لار بوونەوەو ستوونبوون لەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی باكوورو باشووردا بەخۆیەوە دەبینێ، بەمەش گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرمادا سەرهەڵدەدەن و ماوەی شەو و رۆژ درێژبوونەوەو كورتبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.
ئابەم شێوەیە، لەنیوەگۆی باكووردا (وەرزی بەهار) دەست پێدەكات و لەهەمان كاتدا (یەكسانبوونی پاییزی) لەنیوەگۆی باشووردا دەست پێدەكات، واتە لە وڵاتەكانی باشووری هێڵی كەمەری زەوی دەستپێكی پاییزە.
سەبارەت بە دانیشتوانی سەر رووی هەسارەكەمان، لە 20 ی ئاداردا، خۆر رێك لەسەر خاڵی جوگرافیی 90 پلەی رۆژهەڵاتەوە هەڵدێت، كە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت بەشێوەیەكی زۆر ورد ئاڕاستەی رۆژهەڵات دەستنیشان بكەن، كە لەهەمان كاتدا لە هەمان خاڵی رۆژئاواشدا ئاوادەبێت و هەمان سوودی هەیە بۆ دۆزینەوەی وردی ئاڕاستەی رۆژئاوا.
لەناوچە جەمسەرییەكانی باكووری هەسارەكەمان رۆژێكی دوورو درێژ دەست پێدەكات كە 6 مانگ دەخایەنێ، واتە لە دوای2021.3.20 دا خۆر لە ئاسۆی ئەو ناوچانەدا ئاوا نابێت تا مانگی ئەیلول، بەڵام بۆ جەمسەری باشوور شەوێكی دوورودرێژی شەش مانگی دەستپێدەكات تا مانگی ئەیلول خۆر لە ئاسمانی ئەو ناوچانەشدا نابینرێت.
بۆ ئێمەی گەلە كوردو بەشێكی زۆری دیكەی نەتەوەكانی جیهان، بەجیاوازیی كلتوور و داب و نەریتەكانیان، لە رۆژی 21 ی ئاداری هەموو ساڵێك دەبێتە ئاهەنگی دەستپێكی وەرزی بەهارو بێگومانیش لای خۆشمان بە (نەورۆز) ناسراوە.
سەرچاوە: کەشناسی هەرێم