" عێراق هیچ پارەیەک بۆ هەرێم نانێرێت هەتا ئەو کاتەی ئەگەر ھەرێم پابەندبونەکانی خۆی جێبەجێ دەکات "

وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەو بڕگەیەی کەدەڵێت ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتی ڕادەست نەکرد پارە نەیەت بۆ هەرێم، با هەرێم بەوە ڕازی بێت کەواتە ئەمە گرێی مەسەلەکە دەکاتەوە بیانویەک نامێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی و بۆ لایەنە شیعەکان بۆئەوەی نەیەن دەنگ بەپشکی هەرێمی کوردستان بدەن". شاوەیس ئەوەشی وت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر دەیەوێت ڕێکبکەوێت لەگەڵ بەغداد پێویستە ئەو بڕگەیەش جێبەجێ بکات و نەترسێت کە ئەم بڕگەیە ئێستا بۆتە قوڵایی کێشەکە بەڵام بەشێوەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغداد.

بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند" هەفتەی پێشتر دواهەمین گۆڕانکارییەکان ئەوەبو کە ڕێککەوتنێک کرابو لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی سەبارەت بەماددەی (11) لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، بەڵام دواکەوت، دواکەوتنی ئەمەش لەڕاستیدا هەر بەتەنها پەیوەندی بەماددەی (11)وە نەبو بەڵکو کۆمەڵێک کێشەی تریش هەبوە، کە لەناو بودجەکەدا هەبوە، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندی بەکوردەوە هەیە لەسەر ئالیەتی ڕادەستکردن و ڕادەستنەکردنی نەوت هەروەها بڕەکەی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوای پابەندبون و پابەندنەبونەوە بوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەناو پەرلەمانی عێراقدا روداوی زۆر خێرا ڕودەدات واتە شتێکی قورسە کەکتوپڕ بڵێین یان بەشێوەیەکی ڕەها 100% بڵێین ڕێکدەکەون یان ڕێکناکەون دەکرێت هەردو دەرگاکە کراوەبێت دەرگای ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتن، شاندی هەرێم خۆیان دەڵێن ئێمە سورین لەسەرئەوەی کە ڕێکبکەوین، هەفتەی داهاتوش پێش دانیشتنی پەرلەمان شانەکە دەگەڕێتەوە بەغدا، بەڵام لەناو پەرلەمانی عێراق پەرلەمانێکی هەمەڕەنگ و پڕ لەدید و بۆچونی جیاوازە و تەحەکومی زۆری بەسەرەوە دەکرێت بەدڵنیاییەوە ناتوانیین بڵێن لەهەفتەی داهاتوو لەڕۆژی شەممە ڕێکدەکەون یان ڕێکناکەون". 

سەبارەت بەوەی پێشبینی دەکەن پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بێ لایەنی کوردی تێپەڕێنرێت، لەوەڵامدا بەختیار شاوەیس وتی، "ئەوە دەکەوێتەوە سەر لایەنی شیعە و سونە ئایا بەبێ هەرێمی کوردستان دەنگ لەسەر دەدەن چونکە یاسای بودجە 50+1 ی دەوێت، ئەمەش ئاسانە بۆ شیعەکان و بۆ سونەکان پێکەوە بتوانن 50+1 لەناو پەرلەماندا کۆبکەنەوە ئەگەر خۆیان بیانەوێت، بەڵام ئەگەر نەیانەوێت وەکو ئێستا کە لەڕاستیدا نزیکەی لەدوای 15ی شوباتەوە چاوەڕێی ئەوەیان کردوە کەڕێککەوتن بکرێت و وەستاون تێیان نەپەڕاندوە، من پێموایە ئەمە دەرفەتێکی باشیش بوە بۆ هەرێم بەڵام بەداخەوە ئەم کێشانە هەموی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کەڵەکەبوی چەند ساڵی ڕابردو کە لەسەر مەسەلەی مامەڵەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ بەغدا چۆن بوە، لەهەمانکاتدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی یاسای نەوت و گاز لەعێراقدا بەشێوەیەکی کۆنکرێتی ئەگەر قسە بکەین ئەبوایە ئەم یاسایە لەکاتی خۆی دەربکرایە من پێموایە زۆرێک لەکێشەکانی ئێمە چارەسەر دەبو". 

ئەوەشی خستەڕوو، دەتوانم بڵێم قوڵایی کێشەکەیە لەبڕگەی دوەمی ماددە (11) لەحاڵەتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بەڕادەستکردنی نەوتەکە واتە ئەو 460 هەزار بەرمیلە ئەوا پارە نایەت بۆ هەرێمی کوردستان واتەپشکی هەرێم دەبڕدرێت لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە بۆ هەرێم بەمە ڕازی نییە؟!، ئەمە خۆی بۆخۆی نیشانەی گومان و پرسیار دروست دەکات لای لایەنە شیعییەکان و لای کۆی پەرلەمانتاران ئەوانەی کەلەدەرەوەی لایەنە کوردییەکانن.  

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەشی وت،" هەرێمی کوردستان بابێت ڕێکبکەوێت لەو بڕگەیە نەترسێت و ئەو بڕەی کەدیاریکراوە ڕادەستی بەغدای بکات هەرچەندە بەقەناعەتی من زیانیشە واتە ئەگەر خۆی نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکرێت، سۆمۆ نەوت بفرۆشێت بۆ هەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆر زۆر زیاتر دەگەڕێتەوە کەمن پێموایە مانگانە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار زیاتر دەکات لەبەرئەوەی ئەو نەوتەی کە لەڕێگەی سۆمۆوە دەفرۆشێت هەربەرمیلێک 11 دۆلار زیاتر دەکات وە تێچوی گواستنەوە و ئەمانەش هەموی لەسەر سۆمۆ دەبێت و لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت". 

بەختیار شاوەیس دەشڵێت، "بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان قازانج دەکات ئەوەی ئێمە حسابمان کردوە ئەگەر هەرێمی کوردستان خۆی بەرمیلێک نەوت بە 60 دۆلار بفرۆشێت نزیکەی نیوەی زیاتری بۆ دەمێنێتەوە واتە کرێی کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوە، هەروەها ئەو پارەیەی کەنرخی نەوت لەلای هەرێمی کوردستان جیاوازە لەوەی سۆمۆ چونکە کۆمپانیا جیهانییەکان بە 11 دۆلار کەمتر لەنرخی سۆمۆ لەهەرێمی کوردستان دەکڕن، واتە نزیکەی ئەگەر بە 60 دۆلار نەوت بفرۆشرێت، ئێمە وای دابنێن ئەوا لە30-32 دۆلار پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە لەیەک بەرمیل نەوتدا ئەمە سیاسەتی خۆیانە هەرێمی کوردستان کە دەڵێت، ئێمە بەم شێوەیە دەیکەین مادام بژاردەی دوەمیان هەڵبژاردوە و دەڵێن خۆیان نەوتەکە دەفرۆشن پارەکەی دەدەن بەسۆمۆ کەواتە دەبێت خۆی تەحەمولی بەرپرسیاریەتیەکە بکات و خۆی پابەند بێت بەوەوە". 

بەختیار شاوەیش وتیشی، "ئەو بڕگەیەی کە دەڵێت ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتی ڕادەست نەکرد پارە نەیەت بۆ هەرێم، باهەرێم بەوە ڕازی بێت کەواتە ئەمە گرێی مەسەلەکە دەکاتەوە بیانویەک نامێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی و بۆ لایەنە شیعەکان بۆئەوەی نەیەن دەنگ بەپشکی هەرێمی کوردستان بدەن". 

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاند، "ئێمە جەختمانکردوەتەوە کە لەدوای ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغداوە پێویستە شتێک نەمێنێت پێی بوترێت پاشەکەوت و شتێک نەمێنێت پێی بوترێت لێبڕینی موچە ئەمانە هەرهەموی هەرێمی کوردستان وەک چۆن ئامادە نییە نەوتەکە ڕادەستبکات و دەیەوێت لەڕێگەی خۆیەوە بیفرۆشێت و ڕێککەوتنیش بکات لەهەمانکاتدا لەهەموی گرنگتر بریتیە لەوەی کەژیانی خەڵک و موچەی خەڵک لەکاتی خۆیدا بدرێت بەبێ لێبڕین". 

بەختیار شاوەیس جەختی لەوەکردەوە بڕگەی، حکومەتی عێراقی هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت مانگانە هەتا ئەو کاتەی کە هەرێمی کوردستان پابەندبونەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات لەقازانجی هەرێمی کوردستانە و دەڵێت" بەدڵنیاییەوە لەقازانجی هەرێمی کوردستانە مەرج نییە کەبەو مەرجە ڕازی نەبن و ئامادەی ڕێککەوتن نەبن، من پێموایە ئەم چەند ڕۆژەی کەدرا بەهەردولایەن هەتا ڕۆژی شەممەی داهاتو هەوڵدانێکە بۆئەوەی ئەم بڕگەیەش چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە و ئومێدمان وایە نوێنەرانی کورد بەبێ جیاوازی سیاسی و ئینتیما، ئێمە وەکو نوێنەری خەڵک کە خەڵک لەلای ئێمە زەرورە ئومێدمان هەیە کەهەتا ڕۆژی شەممە ئەم کێشەیەش چارەسەر بکرێت، وە رێککەوتنی کۆتایی بکرێت". 



PM:02:07:24/03/2021