یەک ملیۆن پەنابەر لەھەرێمی کوردستاندان

سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە لەھەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک پەنابەر ھەن.

سۆران عومەر سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان بەئاژانسی ھەواڵی (باسنیوز)ی راگەیاند 'دوێنێ رۆژی جیھانی پەنابەران بوو، ئەم یادە لەکاتێکدا گوزەردەکات بەسەرماندا کە نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر روویان لەھەرێمی کوردستان کردوەو دەژین، لەو ژمارەیەش 300 ھەزاریان لەموسڵەوە، 215 ھەزار لەسوریاوە، 230 ھەزار لەئەنبار و فەلوجەوەو 100 ھەزاریش لەتکریت و ناوچەکانی تری باشووری عێراقەوە ھاتوون و ١٥٠ ھەزار پەنابەری دیکەش بەھۆی جەنگە تایفییەکانی پێشووی عێراقەوە ھاتوونەتە کوردستان و لێرە نیشتەجێ بوون'.

وتیشی 'کوردستان بۆخۆی لەنێو قەیرانی داراییدا گوزەرانی ھاونیشتمانیەکانی زۆر خراپ بووە، بەھۆی ئەم دۆخەی ئێستاوە تووشی قەیرانی سوتەمەنی و رووبەڕوبوونەوەی جەنگیش بووەتەوە، ئەمە بۆ ھەرێمی کوردستان و حکومەت و پەرلەمانەکەی کارێکی سەختەو روبەڕوبونەوەیە لەگەڵ دۆخێکی دژوارداو لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی سەرشانمانە خزمەتیان بکەین و مافەکانیان بپارێزین'.
روونیشی کردەوە 'ژیانی ئاوارەیی ھەرچۆنێک بێت سەخت و پڕ لەگیروگرفتە بۆ خۆیان و بۆ ئێمەش، ئەمە سەرەڕای ئەوەی گرفتی کۆمەڵایەتی و کاردانەوەی نەرێنیشی ھەیە'.

لەلایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە 20 حوزەیران/یۆنیۆی ھەموو ساڵێک دیاریکراوە وەکو رۆژی جیھانی پەنابەران.




PM:02:50:21/06/2014