مەلا كامەران چەند داوایەك ئاراستەی سەركردایەتی كورد دەكات

‌مامۆستا مەلا كامەران
زانایایەكی ئایینی پەیامێك ئاراستەی سەركردایەتی كورد دەكات و داوایان لێ دەكات كە فریو بەڵێنەكانی مالیكی و هاوسۆزەكانی نەخۆن، چونكە كورد ئەزمونی تاڵی هەیە لەگەڵ ئەم بەڵێنە فریودەرانەدا، مالیكیش بە درۆزن ناودەبات .

زانای ئایینی مامۆستا مەلا كامەران پەیامێك بۆ سەركردایەتی كوردوستان بڵاودەكاتەوە كە لە چەند خاڵێك پێكهاتووەو بریتین لەمانە:

1- تكایە فریوی ئەم درۆانەی مالكی و هاوسۆزەكانی مەخۆن، چونكە ئەزمونی تاڵمان هەیە لەگەڵ ئەم بەڵێنە فریودەرانەدا، چونكە خاوەن بەڵین درۆزنەو ئەو درۆیەشی دەیكات بەڕەوای دەزانێت و لە هەموو بار و دۆخێكدا پاساوی بۆ دێنێتەوە.

2- داعش واجیهەو ڕووكەشن، ئەوەی هەیە لە ڕاستیدا سونەكانن، ئێستا ئەو شۆڕشە بووتە أمری واقع و ئاسان نیە بتوانیت داعش لە خەڵكی ناڕازی و ستەملێكار و محرومە كانی سونە جیابكەیتەوە، بە پاساوی بەڵینگەلێكی پەشمەكی "گای خۆت بخەیتە ئەو گا گێرەو "!.

3- داعش هیزێكی تیرۆریستن و هیچ خاك و جوگرافیا و ئاینێكیان نیە و گەر بیانەوێ دەتوانن بە ئاسانی ئارامیمان بشێوێنن، و خەڵكی عەرەبی سونەش هەموو یارمەتیەكیان دەدەن تا تۆڵەی خۆیان بكەنەوە، بەتایبەتی لەو كوردانەی كە دەكەونە ئەو سنورانەوە یان بە هۆی كارەوە هاتووچۆی ئەو ناوچانەدەكەن.

4- ئەگەر ئەو بەڵێنانەش مالكی داوییەتی ڕاستبكات و بە جێیان بهێنێت بۆ ماوەكی كاتیەو هەمان سەرئەنجامی بەڵیننامەكەی 11ی ئازاری 1970 دەبێت، ئەگەر واش نەبێـت بەندە پێم وایە كورد خاوەنی جوانترین بەهاو قیەمی ئینسانیە نابێت لەبەر بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆی ستەم و غەدر لەخەڵكی تر بكات.

5- ئێمە گەلێكی زۆر بێ پشتیوانین لە كەمترین ئەزمەدا دۆستەكانمان بە جێمان دەهێڵن، نابێت بە هەندێ باق و بریقی ئێستا فریو بخۆین، سونەكان هاوسێمانن و براشمانن هەروەها هەموو عەرەبەكانیش بە شیعەشەوە، با بێلایەن بین و نەبینە پلان و ئەجیندای هیچ لایەكیان، تكایە.

6- ئێمە هەلی سەربەخۆیمان هەیەو زیاتریش دەكات كۆمەك بە خودا، با كەمێك دان بەخۆدا بگرێن، ئەوكات ئەو دەستكەوتانەو زیاتریشمان دەبێت و هاوسەنگی ژیان و تەبایی و برایەتی لەگەڵ سونە و شیعەشدا بەیەك ئاست ڕادەگرین و وڵاتانی سونەش نابنە دوژمن و ناحەزمان.

مامۆستا مەلا كامەران لەلاپەرەی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتیشی: ئەم بەڵینانەش هەموویان پەشمەكین و وەك بڵقی سەر ئاو وان و جارێكی تر گەلێكی هۆشیار و بەئەزموونی وەك ئێمەی پێ ناخەڵەتێ!.




PM:04:32:21/06/2014