ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا دەستەی بە هەرێمکردنی سلێمانی دوای کۆکردنەوەی واژووی ١٥٠ هەزار هاوڵاتی دەڤەری سلێمانی، هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە سلێمانی بەیار عومەر کەسی دیاری دەستەکە، رایگەیاند" ئەم دەڤەرەی ئێمە (١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگدەر)ی تێدایە؛ لە ئێمە داواکراوبوو کە ئیمزای (٢٪ ی دەنگدەران) کۆبکەینەوە، کە دەکاتە (٣٠ هەزار دەنگدەر).
بەڵام ئێمە بە پشتیوانی خوای گەورە و هیمەتی هاوڵاتیان، توانیمان ئیمزای نزیکەی (١٥٠ هەزار دەنگدەر) کۆبکەینەوە، کە دەکاتە (١٠%ی دەنگدەران). واتە پێنج قاتی ئەوەمان کۆکردۆتەوە کە داواکراوبوو لێمان."
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " ئێمە وەکو بەڵێنمان پێدابون کە ئەندامانی ئەم گروپە خۆبەخشە، دوای جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان، دەستەکە هەڵدەوەشێنینەوە. ئێستاش دوای ئەوەی کە هەستەکەین ئەرکی نیشتیمانی و سیاسی و ئەخلاقی خۆمان بەرامبەر وڵاتەکەمان بەجێهێناوە و ویژدانی خۆمان ئاسودە کردوە، دەستەکەمان هەڵدەوەشێنینەوە. هەر کەس لە ئەندامانی دەستەکە ئازادە لەمەولا چ کارێک دەکات."
بەیار عەبدوڵا وتیشی " تەنها چەند کەسێکی خۆبەخش دەمێنینەوە وەکو لیژنەیەک بۆ بەدواداچونی ڕێکارە یاساییەکانی کۆمسیۆن.
چونکە لەم قۆناغەدا کاری ئێمە تەواو بوە. دەمێنێتە سەر کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان؛ ئەوان بڕیار دەدەن لەسەر ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی ڕاپرسی لەپارێزگای سلێمانیدا."