وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كاتى هێنانەوە‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوانی ئاشكراكرد

وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كاتى هێنانه‌وه‌ى رووفاتى ئه‌نفالكراوانى ئاشكراكرد و رایدەگەیەنێت" له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ هه‌رێم". 

لەوبارەیەوە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوابەدواى پڕۆسەی ئازادی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣ حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە سۆراغ و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی جینۆسایدکراوانمان و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی بیابانەكانی باشوری عیراق".

ده‌شڵێت" لە درێژەی هه‌وڵه‌كانمان توانیومانه‌ ژمارەیەکى زۆر گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵبده‌ینەوە و كاری جددیش بكه‌ین بۆ هێنانەوەی رووفاتی ٣٧٣٧ شەهیدی جینۆسایدكراو كە دواهەمین گۆڕی بە كۆمەڵیان لە ساڵی ٢٠١٩ لە بیابانەكانی پارێزگای سەماوە بوو".

وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ئاشكراشیكرد، له‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ى سه‌ماوه‌ ١٧١ رووفاتی ئەنفالی تیادا بوو، لە پاش رێكارە ئیداری و یاساییەكان ئامادەكاری كرا بۆ هێنانەوەیان و سپاردنەوەیان بە خاكی پیرۆزی كوردستان، هەرچەندە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە دواكەوت، بەڵام لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەكەداو لە كاتێكی گونجاودا بە مەراسیم و شكۆوە دەیانهێنینەوە كوردستان و بە خاكی کوردستانیان دەسپێرینەوە.

ئه‌مساڵ ٣٣ ساڵ به‌سه‌ر تاوانى ئه‌نفالدا تێده‌په‌ڕێت ده‌ستپَیكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌ هەشت قۆناغی جیاداو له‌ ناوچه‌ی جیاوازدا كوردستانی باشووری گرته‌وه‌: قۆناغی یه‌كه‌م له‌ به‌رواری ٢٣ی شووبات تا ١٨ی ئازار بۆسه‌ر ناوچه‌كانی دۆڵی جافایه‌تی، قۆناغی دووه‌م له‌ به‌رواری ٢٢ی ئازار تا ١ی نیسان بۆسه‌ر ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ، قۆناغی سێهه‌م له‌ به‌رواری ٧ی نیسان تا ٢٠ی نیسان بۆسه‌ر ناوچه‌ی گه‌رمیان، قۆناغی چواره‌م له‌ به‌رواری ٣ی ٥ تا ١٥ی ٥ بۆسه‌ر ناوچه‌ی قه‌ڵاسێوكه‌و دۆڵی زێی بچوك، قۆناغی ٥ و ٦ و ٧ له‌ به‌رواری ١٥ی ٥ تا ٢٦ی ٨ بۆسه‌ر ناوچه‌كانی شه‌قڵاوه‌و ره‌واندوز، قۆناغی هه‌شته‌م و كۆتایی له‌ به‌رواری ٢٦ی ٨ تا ٦ی ئەیلوول بۆسه‌ر ناوچه‌ی بادینان و سه‌رجه‌م ئه‌م قۆناغانه‌ش پاش رووخاندنی هه‌موو گونده‌كانی كوردستان له‌ به‌رواری ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ به‌ ره‌سمی كۆتایی پێهات.



PM:01:32:14/04/2021