کەسایەتی سیاسی سەربەخۆ، دکتۆر مەحمود عوسمان رەخنە لە ئەمریکیەکان دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر ئەمریکییەکان ناتوانن لەکاتی هێرشکردنە سەریان بەرگری لە خۆیان بکەن، پێویستە ناوچەی دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بەجێبهێڵن".
مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری سەربەخۆی کورد و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی نوسینێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوە کردووە" ئەگەر ئەمریکییەکان ناتوانن لەکاتی هێرشکردنە سەریان بەرگری لە خۆیان بکەن، پێویستە ناوچەی دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بەجێبهێڵن،
بۆئەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی بریندار نەبن".
لە بەشێکی تری تویتەکەیدا نووسەر دەشپرسێت، بۆچی دەبێت ئێمە باجی کەمتەرخەمیان لە کارەکانیاندا بدەین؟.
ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی ١٤ی نیسان هێرشی موشەکی کرایەوە سەر فڕۆکەخانەى هەولێرو لەوبارەیەوە وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى هەرێمیش رایگەیاند" هێرشەکە بە ڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە، لێکۆلینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی درۆنەکە".