وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" زنجیرەی گۆڕاوی کۆرۆنای ناسراو بە ( کۆرۆنای هیندی) لە کوردستاندا تۆمار نەکراوە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکان، د.خاڵس قادر بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاندووە" لە هەرێم توشبوون بە کۆرۆنای گۆڕاوی هیندی لە هەرێم تۆمارنەکراوە و ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە جۆرە هەواڵێکی لەو شێوەیە دەکەن".
لەبارەی ترسی گواستنەوەی کۆرۆنای هیندی بۆ کوردستان، خاڵس قادر ئاشکرای کرد، لە پێناو رێگری کردن لە گواستنەوەی ئەو زنجیرە نوێیەی کۆرۆنا، لە ئێستادا گەشتەکانی نێوان هەرێم و هیندستان راگیراون.
ئەو بەرپرسەی تەندروستی هەرێم باس لەوەش دەکات کە توشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێم بەرزبووەتەوە، بەو هۆیەشەوە رۆژانی جەژن قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە لە پێناو رێگری کردن لە دروستکردنی قەرەباڵغی.
د. خالس قادر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە ئێستادا ناتوانن دەرگای خوێندنگاکان بکەنەوەو خوێندن لە ناوهۆڵەکانی خوێندنگاکاندا بەردەوامبێت، بەڵام چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ دوای جەژن".