حاکم شێخ لەتیف رایدەگەیەنێت، باڵی ھەڵۆی پارتی ئەگەر بیەوێ شتێک لەبەرژەوەندی خۆی بکات حیسابیان بۆناکات و ئەوەی دەیەوێ دەیکات، دەشڵێت" ئەوەتا نێچیرڤان بارزانی دەنێرێ لەدەرگایان دەدات، ئەگەر تۆزێک پرنسیپەکانی حیزبیان تێدا ماوەو رێز لە لایەنگرو خەلکی خۆیان دەگرن دەبوایە ئەسلەن ئەمڕۆ دەرگای لێ نەکەنەوە".
حاکم لەتیف شێخ مستەفا پسپۆڕی یاسای دەستوری لەبارەی سەردانەکەی نێچرڤان بارزانی لە نوسینێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بەناونیشانی (ئەرێ ئەوە یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ شەرم ناکەن تەریق نابنەوە) دەڵێت" باڵی ھەڵۆی پارتی ئەگەر بیەوێ شتێک لەبەرژەوەندی خۆی بکات حیسابیان بۆناکات و ئەوەی دەیەوێ دەیکات ، ئەگەر بیشیەوێ بەکاریان بێنێ لەڕێی باڵی کۆترەوە دەیەوێ رازیان بکات، دیارە باڵی كۆتر خۆشی بێ دەسەلاتەو ھیچی وای بەدەست نەماوەو ئەویش ھەر لەبەرژەوەندی باڵی ھەڵۆ بەکار دەھێنرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەوەتا نێچیرڤان بارزانی دەنێرێ لەدەرگایان دەدات و بەمجامەلەیەکی بێ ناوەرۆک و وێنەگرتنێکی بەر تەلەفیزۆن لە خشتەیان دەبات، ئەگەر تۆزێک پرنسیپەکانی حیزبیان تێدا ماوەو رێز لە لایەنگرو خەلکی خۆیان دەگرن دەبوایە ئەسلەن ئەمڕۆ دەرگای لێ نەکەنەوە ، ئەگەر بەناوی پارتیەوە ھاتوە دەبێ دەسەلاتیشی ھەبێ ، ئەگەریش دەسەلاتی نیەو بەکار دەھێنرێ ئیتر چ پێویست دەکات لەگەلی دابنیشن، ھاتوە بۆچی ؟ بۆ دەستور ؟ چۆن دەستورێک ، دەستورێک بەخواستی باڵی ھەڵۆ ، کە دوبارە سەردەمی بەعس و قائیدی زەرورەو دادگای شۆرش بھێنێتەوە؟ یان دەستورێکی مەدەنی".
ئەو دادوەرە لەبەشێکی تری پەیامەکەدا باسی لەوەشکردووە، دەستور زامنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤە، دەبوایە پێی بلێن ئەم حوکمەی ئەمڕۆ پەلەی رەشەو قابیلی قبول کردن نیە و لە ھەموو دەستورو کارێکی تر گرنگترە و خاڵی وەرچەرخانە و ئێمە ناتوانین لەگەل عەقلیەتێکی وادا ھەلکەین و بوکەشوشەنین ھەموومان زەلیلی دەستی بالێک و کەسێک بین.
جەختیشکردەوە، دەبوایە پێی بلێن فەرموو ئەگەر سەرۆکی ھەرێمی دەسەلاتی خۆت بەکار بێنەو ئەم حوکمە زالمە ھەلوەشێنەوە ، ئەگەرنا تۆش وەک ئێمە ھیچ بەدەستەی و لەگەلت دانانیشین، بەلام ئەم حیزبانە کەی خەمی خەلک و ماف و ئازادیانە ھەموویان سەرقاڵی سەفەقاتە سیاسی و بازرگانی و پۆستەکانی خۆیانن و لەبەردەمی میدیاکانیش بە پێکەنینێکی درۆزنانەوە وا خۆپیشاندەدەن کە ھەمیشە لەخەمی خەلکدان و لەبەر خەمەکانی خەلک خەویان لێ ناکەوێ.