ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لهسەر حوکمدانی رۆژنامهنووس و چالاكوانانی بادینان ڕایدەگەیەنن" لەخراپترین و زاڵمترینی کاربەدەستەکان لەکاتی نزیکبوونەوەی جەژن و بۆنەکان بڕیاری لێبوردن بۆ تاوانباران دەردەکەن".
ئەمشەو لە راگەیاندنێکدا کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی (سپی) نێردراوە، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن" وەک هەمووان ئاگادارن دادگای تەمیز بڕیارێکی ستەمکارانەی دەرحەق بەدەستگیرکراوانی بادینان پەسەندکرد، خراپترین و زاڵمترینی کاربەدەستەکان لەکاتی نزیکبوونەوەی جەژن و بۆنەکان بڕیاری لێبوردن بۆ تاوانباران دەردەکەن، بەو بڕیارەیان بەرامبەر بە ژمارەیەک مرۆڤی بێتاوان، دەسەڵاتداران سەلماندیان لە زاڵمترینی سیستەمی حکومڕانی سەرزەوی خراپترن".
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا داوا دەکەن، کە بڕیاری ستەمکارانەی دادگای تەمیز دەرحەق بە دەستگیراوانی بادینان هەڵبەوەشێتەوە و دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن.
هاوکات داواکارن ئەو دەستگیرکراوانەی دادگایی نەکراون، لەگەڵ مامۆستا بەدەل بەرواری، پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز ئازاد بکرێن ئەگەر بە کەفالەتیش بێت بۆ ئەوەی جەژن لەناو ماڵ و منداڵیاندا بکەن.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان و ئازادنەکردنی دەستگیرکراوان، ئێمەش یەکەم رۆژی جەژن کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان لەسەر شەقام دەبین.