لە هەرێمی کوردستان ٤٤ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە ٧ هەزار خێزان هەڵوەشاوەتەوە

ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی ساڵی ٢٠٢٠ ی رایگەیاند کە زیاتر لە ٤٤ هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجامدراون و، ٧ هەزار خێزان هەڵوەشاونەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، رێژەی هاوسەرگیری بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ زیادیکردووە، لە پارێزگای هەولێر ١٦ هەزار و ٨٠٣ گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراوە و لە پلەی یەکەمدایە و سلێمانیش بە پلەی دووەم دێت، کە ١٥ هەزار و ٨٦٢ گرێبەستی هاوسەرگیری بووە و دهۆکیش لە پلەی سێیەمدایە بە ١١ هەزار و ٧٤٥ گرێبەست.

دەربارەی رێگا دان بە هاوسەرگیری پیاوان بۆ جاری دووەم، ئەنجومەنی دادوەر ئاشکرای دەکات لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە دادگاکانی هەرێمدا ٦٦ رێگەپێدان بۆ ژنی دووەم تۆمارکراوە، کە ٣٦یان لە پارێزگای هەولێر و ١١یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٩ رێگەپێدانی ژنی دووەمیش لە پارێزگای دهۆک بوون.

دەربارەی حاڵەتی جیابوونەوە لەو راگەیاندنەدا هاتووە لەسەر ئاستی هەرێم ٧ هەزار و ٥٦٦ خێزان هەڵوەشاونەتەوە، بەشێوەیەک لە پارێزگای هەولێر ٣ هەزار و ٢٦١ خێزان لێک جیابوونەتەوە، لە کاتێکدا لە پارێزگای سلێمانی ٣ هەزار و دوو خێزان لێک جیابوونەتەوە و لە پارێزگای دهۆکیش هەزار سێ سەدو سێ  حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە.





PM:03:40:17/05/2021