لەسەرەتای ئەم مانگەوە كار بە كۆبوونی بەنزین دەكرێت

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت لەماوەیەكی نزیكدا كار بە كۆبوونی بەنزین دەكرێت‌و تائێستاش نزیكەی 1 ملیۆن لیتر بەنزین لە وڵاتی توركیاوە گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان.
لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی PUKmedia، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان شێركۆ جەودەت رایگەیاندوە، بڕیارە لە بەرواری 1/7/2014وە لە هەرێمی كوردستان كار بە كۆبوونی بەنزین بكرێت، بۆ مەبەستی كەم كردنەوەی ئەزمەی بەنزین.
هاوكات هۆكارەكانی ئەزمەی بەنزین لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات‌و دەڵێت "هۆكاری یەكەم لە ئێستادا ئەوەیە كە بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەو ناوچەیەوە نایەت بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگەش لە شەڕدان‌و بڕێكی زۆر بەنزین بۆ ئەوان رەوانە دەكرێت بۆ جموجۆڵەكانیان، هۆكارێكی تر ئەوەیە بڕێك لەو بەنزینەی كە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێندرێت بە قاچاغ دەبرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان".




AM:11:24:25/06/2014