وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم بڕیاری دا لە دوو ڕۆژدا جارێک و بۆ ماوەی دوو تاوەکو ٦ کاتژمێر ئاو بۆ ھاووڵاتیان بەربدرێتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم ڕایگەیاند " ڕۆژانە ملیۆنێک و ٩٠٠ بۆ ٢ ملیۆن و ١٥٠ مەتر سێجا ئاو بۆ ھاوبەشانی ئاو بەردەدەنەوە".
ناوبراو نیگەرانە لە هۆشیاری و گرنگی نەدانی هاوڵاتیان بەدەستگرتن بە ئاوەوە و دەڵێت" ھۆشیاری پاراستنی ئاو لەناو ھاووڵاتیاندا کەمە و ھەندێک جار تانکی ئاوی ماڵان دوای پڕبوونی بۆ ماوەیەکی زۆر ئاوی لێ دەڕژێت و بە چەند شێوەیەکی تریش ئاو بە ھەدەر دەدرێت".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاری ئەحمەد وتیشی" ئەو ماڵ و شوێنانەشی لە ڕابردوودا ١٢ تاوەکو ٢٤ کاتژمێر ئاویان ھەبووە، ئەوانیش لە ڕۆژێکدا ٦ کاتژمێر ئاویان بۆ دابین دەکرێت، داواش لە ھاووڵاتیان دەکات ئەگەر پێویستیان بە ھەر بڕە ئاوێک نەبوو بەفیڕۆی مەدەن".
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە حاڵەتی ئاسایی و بێ روودانی وشکەساڵی لە هەندێک شوێن و ناوچەی هەرێم بە چەند رۆژ جارێک ئاو دراوە بە ماڵان.