قەرەیلان: لەمساڵدا چارەنووسی گەلەکەمان دیاریدەکرێت

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، دەڵێت "  چارەنووسی گەلەکەمان، لەم ساڵانەدا، دیاری دەکرێت "، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر بدات.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، بەشداری بەرنامەی تایبەتی ڕادیۆ نزیک پەکەکە، دەنگی وڵات رایدەگەیەنێت"
 لە عەقڵییەتی داگیرکەریی تورکدا، قبووڵکردنی کوردان، ژیانێکی یەکسان و پێکەوە لەگەڵ کورداندا نییە. ئەوان دەیانەوێت کورد بتوێننەوە و بیکەن بە کۆیلە و لە دوایشدا بیکەن بە تورک و لە ناوی ببەن. ئەوان هەموو کات بەو عەقڵییەتەوە دەجوڵێنەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا فەرماندەی هەپەگە دەشڵێت "  لەسەر کوردستان پلانی شاراوەیان هەیە. ئێستاش لە ناو دەوڵەتی تورکدا ئەو هێزانە، کە هەرگیز لەگەڵ یەک ناگونجێن و ڕێک ناکەون، بۆ دژایەتیکردنی کوردان لەگەڵ یەکتر کۆبوونەتەوە و هاوپەیمانییان ئەنجام داوە، بەڵام ئەمجارە بە جوڵە و دیدیکی بەرفراوانترەوە نزیک دەبنەوە. ئەمجارە ڕێککەوتوون، کە نەک تەنها پاکتاوکردنی پەکەکە، بەڵکو دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان پاکتاو بکەن".

قەرەیڵان پێێوایە" تەنها یەک ڕێگا هەیە، کە دەوڵەتی تورک لەو تەنگاویی ڕزگاری ببێت. ئەوە چ ڕیگایەکە؟ ئەو ڕێگایەیە، کە دەبێت کێشەی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورک و هێزە نێونەتەوەییەکانەوە قبووڵ بکرێت. گەلی کوردستان ڕاستییەکی ئەم خاکەیە. ناتوانرێت کۆیلە بکرێت و لە ناو ببرێت. مافی گەلەکەمانە، کە بە شێوەیەکی ئازاد لەسەر ئەم خاکە بژی. گەلانی تورک، عەرەب و فارس چ مافێکیان هەیە، گەلی کوردیش هەمان ئەو مافانەیان هەیە.  دەبێت ئەوە قبووڵ بکرێت". 




PM:10:44:01/06/2021