نوجێفی هەوڵدەدات پارەی فەرمانبەرانی نەینەوا بنێردرێت بۆ كوردستان
ئاوارەکانی موسڵ
حكومەتی مالیكی بڕیاریدا موچەی ئەو فەرمانبەرانەی ناوچەكانیان كەوتووە ژێر دەسەڵاتی داعش، بیبڕێت. ئەسیل نوجێفیش دەیەوێت كە ئەو پارەیە بنێردرێت بۆ هەولێرو سلێمانیو لەوێ دابەش بكرێت بەسەر فەرمانبەراندا.
ئەسیل نوجێفی پارێزگاری نەینەوا بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزی راگەیاند كە لەهەوڵداین بۆ ئەوەی قەناعەت بە حكومەتی ناوەندی بكەین تا پارەی فەرمانبەرانی پارێزگاكە بنێردرێت بۆ هەولێرو دهۆكو لەوێ دابەش بكرێت.
هەروەها سەبارەت بە خزمەتگوزارییەكان وتی تەنها 100 مێگاوات كارەبا لە هێڵی توركیاوە دەچێتەسەر ئەو 100 میگاواتەی لەهەرێمەوە دەنێردێت بۆ موسڵو كارەبای ئەو پارێزگایەی پێ دابین دەكرێت، ئێستا حكومەتی فیدڕالی لەو 500 میگاواتە كە جاران دەیدا بە موسڵ، لەئێستا تەنها 200 میگاوات دەنێرێت.
ناوبراو دەڵێت: چواردە ناحیە لەژێر دەسەڵاتی پارێزگاری موسڵدایە لە دەرەوەی ئەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعشدایە، لەو ناحیانەش نوسینگەی پارێزگا كراونەتەوەو كاروبارە ئیدارییەكان بەڕێوەدەبەن.
سێشەممەی رابردوو حكومەتی ناوەندیی بڕیاریدا موچەی ئەو فەرمانبەرانەی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی داعش ببڕێت.
PM:04:27:26/06/2014