سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە دەكات، كە لە ڕووداوەكەی دوێنێی چیای مەتین شەھیدبوون و هەڕەشەی ئەوەش دەكات ئەوانەی تاوانی شەھیدكردنی پێشمەرگەكانیان ئەنجامداوە بە سزای خۆیان دەگەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ یەك شەممە مەسعود بارزانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە خانەوادەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد، كە لە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ئەركی ئاسایی خۆیان لە ئەنجامی ھێرشی چەكدارانی پەكەكە شەھیدبوون.
بارزانی بە خانەوادەی ئەو شەھیدانەی ڕاگەیاندووە" پرسەی ئەو شەھیدانە پرسەی منە و ئینجا ھی ئێوەیە و ھاوسۆزی و ھاوخەمی خۆی پێگەیاندن و وتی ئەوانەی تاوانی شەھیدكردنی پێشمەرگەكانیان ئەنجامداوە بە سزای خۆیان دەگەن".
ئاشكراشیكردووە، دوای ئەو پەیوەندییانە بارزانی ھەر لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە یەك بەیەكی ئەو پێشمەرگانەش كرد، كە بەھۆی ھێرشەكەوە برینداربوون و ھیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ خواستن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد" رۆژی شەممە، هێزێکی پێشمەرگە لەلایەن هێزێکی (پەکەکە)وە بۆسەیەکیان بۆ دانراوە، لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون".
لای خۆشیەوە، هەپەگە، باڵی سەربازی پەكەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا جەختی كردەوە، كە بەهیچ شێوەیەك ئەوان ئەو هێرشەیان ئەنجام نەداوە و تا ئێستا بۆیان ڕوون نەبۆتەوە، كە بۆمب بووە یان هێرشی فڕۆكەی توركیا.