پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەیەنێت بەم دواییانە داهاتی هەردوو دەروازەی فەرمی باشماخ و پەروێزخان ٧٥٪ کەمی کردووە.
عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت " داھاتی خاڵە سنوریەکانی ھەرێم بۆ خەزێنەی گشتی لەبەردەم مەترسی گەورە دایەو، داھاتی باشماخ و پەروێزخان بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر کەمیان کردوە".
وردەکاری زیاتر دەدات" پێشتر داھاتی پەروێزخان ٢٦ ملیار دیناری مانگانە بوو، باشماخ ٢٢ ملیار دینار بوو.. بەپێی ئەم حەوت ڕۆژە نزیکەی ٧٥٪ ئەم داھاتانە کەمی کردووە".
ئەوەش دەخاتەڕوو، پێشتر لە پەرێزخان ڕۆژانە تێکڕا نزیکە ٨٠٠ بارھەڵگر گومرگ دەکرا.. ئێستا بوە بە ٨٠ بارھەڵگر ! بەلێکدانەوەی ڕۆژانە گومرگ ٨٥٪ بۆ ٩٠ ٪ کەمیکردوە!
هەروەها دەشڵێت "پێشتر ڕۆژانە جگە لە ڕێگای قاچاخ، لە باشماخ تێکڕا نزیکەی ٧٠٠ بارھەڵگر گومرگ دەکرا، بەڵام ئێستا نزیکەی ٣٠٠ بارھەڵگرە ، بەمەش داھاتی گومرگ بەرێژەی لە ٥٠٪ کەمیکردوە".
دەربارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتی ئەو دوو دەروازە فەرمییە، عەلی حەمە ساڵح "عێراق بەپلانێکی تۆکمە کار بۆ ڕاگرتنی جوڵەی بازرگانی ھەموو مەرزەکانی ھەرێم دەکات، چاوپۆشی و ئاسانکاری زۆر دەکات و ئێستا بازرگانەکانی ھەرێمیش دەچن بۆ مەرزەکانی تر لە مونزریەوە تاوەکو ئوم قەسر.
بۆنمونە
-لە عێراق ئاساییە سەرو ٤٠ تەنیش لە بار ھەڵگرێکدا باردەکرێت .. چاوپۆشی لە ئۆتۆمبیلی لێدراو دەکرێت!
-لە عێراق کار بە تەعریفەی گومرگی ناکرێت، بارێک گومرگی لە باشماخ ٧٥٠٠ دۆلار بوە لە ئوم قەسرەو ھێناویانەتە سلێمانی بە ٢٥٠٠ دۆلار..
-ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا بە ١٣ ناوی جۆراوجۆر پارە وەردەگرن لە خاڵە سنوریەکانو ئەمەش بوە بەکولفە لەسەر بازرگان و دەیەوێت لێی دەرباز ببێت، تەنیا سکانەر لە خاڵی سنوری و بازگەکان لە پار ساڵدا نزیکەی ١٠٥ ملیۆن دۆلار بوە!!! ".
ئەو پەرلەمانتارە چارەسەرێش دەخاتەڕوو و دەڵێت "عێراق خۆی کار بەتەعریفە گومرگی ناکات.. ھەرێمیش دەبێ ھەندێک پێداچونەوە بکات..
یەک: پیداچونەوە بە لیستی ئەو کاڵانەدا بکرێت کە قەدەغەکراوە بە فەرمی و گومرگ بێت ئێستا بە قاچاخ دێت، وەک ھێلکەو خورما...
دوو: پیداچونەوە بە نرخی گومرگی ئەو کاڵانەدا بکرێت، بەھۆی گرانیەوە بە قاچاخ دێت، وەک جگەرە کە ٩٥٪ ی بەقاچاخ دێت..
سێ: پێداچونەوە بە لیستی ئەو کاڵایانە بکرێت حیمایەی ئینتاجیان لەسەرەو لەھەرێمەوە داخڵ نابێت و لە ناوەڕاست و خواروی عێراق دێت..
چوار: خۆگونجاندن و ١٠٠٪ کار بە تەعریفەی گومرگی نەکرێت...
پێنج: پێداچونەوە بەکاری ئەو کۆمپانیانەدا بکەێت لە خاڵە سنوریەکان کە بە ١٣ ناوی جیاواز پارە وەردەگرن و ساڵانە نزیکە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە! حکومەت پازدە مانگە بڕیاری بۆ دەرکردوەو جێبەجێنەکراوە".
عەلی حەمە ساڵح هۆشداری دەدات و دەڵێت "ئەم سەرنجانە بایەخی پێنەدرێت ئەو خاڵە سنوریانەی ھەرێم تووشی زیانی گەورە دەبن".