هەپەگە: گیان له‌ده‌ستدانی‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ی‌ ئەمڕۆی ناوچەی دەركار هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە

ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوەکەی ئەمڕۆی ناوچەی دەرکار بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەدەکات، ڕووداوەكەی ئەمڕۆی ناوچەی دەركار، هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە، ‌و دەشڵێت" سوپای تورکیا لە هێرشە داگیركارییەكانی ‌و بۆردومانی باشووری کوردستاندا، تەنانەت زیان بە ڕەز و باخی هاوڵاتییانی مەدەنی دەگەیەنێت ‌و ناوچە مەدەنییەكانیش، بۆردومان دەكات". 

هەپەگە، ئەم زانیارییانەیشی لەبارەی هێرشەكانی سوپای توركیا بڵاوکردۆتەوە:

"ڕۆژی ٧ی حوزەیران، کاتژمێر ١١:٠٠، دەوروبەری گوندی ئۆرێی هەرێمی مەتینا، لەلایەن بنكەكانی سوپای تورکەوە لەسەر سنوور، بە چەکی قورس، تۆپباران کرا ‌و بەوهۆیەوە زیان بە ڕەز و باخی هاوڵاتییانی مەدەنی گەیشتووە و ئاگریش لە ناوچەكە كەوتووەتەوە ‌و تائێستا بەردەوامە.

ڕۆژی ٧ی حوزەیران، لەنێوان کاتژمێر ٢٢:٠٠ بۆ ٢٣:٠٠، کۆپتەرەکانی سوپای تورک، ناوچەكانی چیای زەندوورا، کێستێ و داراری مەتینایان لەگەڵ گوندی هرۆر ‌و دەوروبەری، بۆردومان کرد.

ڕۆژی ٧ی حوزەیران، لەنێوان کاتژمێر ١٢:٤٠ بۆ ٢٢:٥٠ فڕۆکە جەنگییەکان، ناوچەی وەرغەلیان لە ئاڤاشین بۆردومان کرد.

ڕۆژی ٧ ی حوزەیران، کاتژمێر ١١:١٠-٠٠:٢٠، کۆپتەرە جەنگییەکان، ناوچەکانی مام ڕەشۆ و مەرڤانۆسیان بۆردومان کرد.

ڕۆژی ٧ی حوزەیران، کاتژمێر ١٣:٢٠ فڕۆکە جەنگییەکان، ناوچەی کورۆژێهرۆی زاپیان بۆردومان کرد ‌و بەوهۆیەوە ئاگر كەوتەوە ‌و تائێستا بەردەوامە.

ڕۆژی ٨ی حوزەیران، کاتژمێر ٠٧:٣٠ فڕۆکە جەنگییەکان، گوندی شكێفی ناوچەی میرۆکی سەر بە دهۆکیان بۆردومان کرد.

لەو بۆردومانانەدا هیچ زیانێک بە هێزەكانمان نەگەیش”.



PM:06:42:08/06/2021