"زۆرجار هەواڵی میدیاكان بووەتە سەرچاوەی زانیاریی تیرۆریستان"

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن لەكاتی رووماڵكردنی رووداوەكان و پرسیاركردن لەبەرپرسانی  پێشمەرگە دووربكەنەوە لە پرسیاری تایبەت بە نهێنیەكانی سەربازی ، چونكە كاریگەری لەسەر  بارودۆخە هەیە .

لە میانەی بەرێوەچوونی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی لەشاری هەولێر لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەی راگەیاندن لەبارەی رەوشی ئەمنی  هێزەكانی پێشمەرگە جەبار یاوەر رایگەیاند: بە درێژایی سنوری ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرگری لەخاكی كوردستان  و هیچ جیاوازیەك لەنێوان ئەو ناوچانە نەكراو، بەڵكو شەڕ و قوربانیدان لەهەموو ئەو ناوچانە هەبووە .

ئەمیندار و وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لەكونگرە رۆژنامەنوسیەدا كە وەزیری رۆشنبیری و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و ئەوقاف ئامادەی بوون  راشیگەیاند: پێشمەرگە لە نێوان پێش 10/6 و دوای ئەو بەروارە هیچ پێشڕەویەكی نەكردووە ، بەڵكو ئێستاش لەهەمان ئەو شوێنانەن كە پێشتر بە رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەوناوچەنان جێگیر كراون، بەڵام ئێستا ئەو بۆشاییانەشیان پركردۆتووە كە سوپای عیراقی لێبوو .

لەبارەی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ پێشمەرگە جەبار یاوەر وتی: كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ پێشمەرگە مانای ئەوە نییە پێشمەرگە  كەموكوڕی هەیە و پێویستی بە هاوكاریە ، بەڵكو ئەوە تەنها  دروستكردنی هەستی نیشتیمانی و نەتەوایەتیە  لەلای هاوڵاتی كاتێك  كۆمەك دەبەخشێت مانای ئەوە بە بەشدارە لە پاراستنی خاكی كوردستان .

 هاوكات جەبار یاوەر  ئەوەشی خستەروو: پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن لەكاتی رووماڵكردنی رووداوەكان و پرسیاركردن لەبەرپرسانی  پێشمەرگە دووربكەنەوە لە پرسیاری تایبەت بە نهێنیەكانی سەربازی ، چونكە كاریگەری لەسەر  بارودۆخە هەیە .

وتیشی:  زۆرجار بە هۆی ئەو هەواڵانەی لە هەندێك دەزگای راگەیاندن بڵاودەكرێتەوە  پێشمەرگە شەهید بووە و ئەو هەواڵە  بۆتە سەرچاوەی زانیاری تیرۆرستان  تاكو ئەوناوچانە بكەنە ئامانج.




PM:02:44:27/06/2014