بانکی لەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دڵنیای دەدات

بانکی ناوەندیی عێراق جەخت دەکاتەوە، نرخی فرۆشتنی دۆلار نەگۆڕە و هیچ نیازێک بۆ گۆڕینی نییە. 

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە، بانکی ناوەندیی عێراق، دەڵێت "نرخی فرۆشتنی دۆلار نەگۆڕە و هیچ نیازێک بۆ گۆڕینی نییە، ئەو دەنگۆیانەش راست نییە".

بانک ناوەندی جەخت دەکاتەوە، ئەو نرخەی کە لە کۆتایی ساڵی 2020 دا بۆ دۆلار دیاریکرا بە پشتبەستن بە توێژینەوەی قووڵ و پێویستیی دۆخی ئابووری و دارایی دیاریکرا بۆ ئامانجەکانی سیاسەتی نەختینەیی".
 
هەروەها دەشڵێت "زیادکردنی فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانکەکەمان بەهۆی زیادبوونی یەدەگی دراوی بیانیمانە بۆ دابینکردنی دراو بۆ هەموو ئەو داواکارییە یاساییانەی پێشکێشمان دەکرێن، بۆیە لە ئەنجامی رێکارەکانی ئەم دواییەی بانکی ناوەندی و رێکارەکانی لە ئایندەدا نرخی دۆلار جێگیر دەبێتەوە".
 
لەو راگەیاندراوەی بانکی ناوەندی عێراق ئەو هەواڵە رەتکراوەتەوە کە لە زاری ئیحسان یاسری، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە، ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە کە گوایە بەهای راستەقینەی دینار بەرامبەر یەک دۆلار ٢٤٠٠ دینارە. 

ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی دەفرۆشرێت. بانکی ناوەندیی عێراق، لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا بڕیاری دا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرزکردەوە بۆ ١١٤٨ دینار.




PM:07:13:11/06/2021