وەزارەتی تەندروستی لەبارەی سەفەرەوە بۆ کوردستان رێکاری نوێ دەگرێتە بەر

لەگەڵ باشبوونی دۆخی کۆرۆناو کردنەوەی رێگای گەشتەکانی بۆ هەرێم، وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەک رێوشوێنی نوێ دەگرێتە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی سەفەر دەکەن و بۆ هەرێم.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند" پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، هەروەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو بۆ پێداچوونەوە بە ڕێکارەکان و گونجاندنی لەگەڵ هەڵومەرج و بارودۆخی ئێستای کۆڕۆنا لە جیهان و هەرێمی کوردستان".

لە درێژەی راگەیاندنەکەیدا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت : دوابەدوای ڕەچاوکردنی ئاستی ڕەوشی تەندروستی و ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆ و گەشتکردن و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان لە گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی و وەرگرتنی نموونە بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بڕیاردرا بە:

وەرگرتنی نموونە و پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان كە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە لەڕێگەی دەروازە سنووریەكان و فرۆكەخانەكان ئەنجام دەدرێت جگە لە:

١- ئەو هاوڵاتیانەی کە دەرەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت كەمتربێت لە ٤٨ كاتژمێر لەكاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.

٢- ئەو هاوڵاتیانەی بڕوانامەی وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت لەکاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.





PM:04:57:15/06/2021