بەهۆی پابەندنەبوون بە ئەرکەکانی سەرشانی، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرای کرد، کە ڕێوشوێنی سزادان بەرامبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەگرنە بەر.
ئەمرۆ ٢٣ ی حوزەیران دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە راگەیاندنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بۆ پابەندبوون بە ئەرکە یاسایی و هونەریی و داراییەکانی کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوون، کۆمپانیای ناوبراو ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە.
لە راگەیاندنی دەستەکەدا هاتووە " لە ڕێگەی پابەندبوون بە کاتە دیاریکراوەکانەوە کە لە گرێبەستی ڕێگەپێداندا هاتووە و بەپێی مادەکانی یاسای بودجە کە کۆمپانیاکانی پابەند کردووە بە بەجێهێنانی ئەرکەکانیان کە تا ئەم ساتەش هیچ جدییەتێکی پیشان نەداوە، بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی دەستەکە ژمارە ق٦٦ ی ٢٠٢١ ی ڕۆژی ٢١ ی حوزەیران، بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی تر تا سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانەی لە دەقی گرێبەستەکەدا هاتووە، بە جۆرێک کە پارەی گشتی بپارێزرێت. "
" بۆ پاراستنی مافی بەکارهێنەر و بەشدارانی کۆڕەک تیلیکۆم، سورین لەسەر ئەوەی سەرجەم ڕێوشوێنەکان بەپێی گرێبەستەکان بێت، بەشێوەیەک کە گرەنتی ئەوە بکات بەشداران خزمەتگوزاری پەیوەندییان هەبێت لە عێراق". وەک دەستەکە دەڵێت.
لە کۆتاییدا دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت" لێرەوە بە بەشدارانی کۆڕەک ڕادەگەیەنین ئەم بەیاننامەیە بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتییە لە شەفافیەت و ڕوونی ڕێوشوێنەکانە کە بەرامبەر کۆمپانیاکە دەگیردرێتە بەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئەوەش لە چوارچێوەی پابەندبوون بە یاسا و پاراستنی مافی گشتی و بەکارهێنەر".