گۆڕان: چیدی دەستەواژەی "ناوچە كێشەلەسەرو دەرەوەی هەرێم" بەكارنەهێنرێت
ژووری توێژینەوەی كارگێڕیی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا كۆمەڵێك پێشنیاز دەخاتە بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ناوچە دابڕاوەكان، یەكێك لە پێشنیازەكان لێدانی خەندەقە.
راگەیەنراوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان 10 خاڵ لەخۆ دەگرێت بۆ ئەو ناوچانە، كە بە "ناوچە ئازادكراوەكان" ناوی بردووە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
1-هەموو دەستەو فەرمانگەو دامەزراوەی پەیوەندیدار بە ناوچە كێشەلەسەرەكان و دەرەوەی هەرێم و ئەوەی پەیوەستە بەو دەستەواژانە، هەڵبوەشێنرێنەوە و هەموو كەناڵەكانی راگەیاندن (بینراو، بیستراو، نووسراو) و دامودەزگا پەروەردەیی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، ئاگاداربكرێنەوەو دەستەواژەی ناوچەی كێشەلەسەرو دەرەوەی هەرێم، بەكارنەهێنن.
2- لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمانی كوردستان، كار لەسەر دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ چۆنێتیی رەفتاركردن لەگەڵ كەیسی نەوتی ناوچە ئازادكراوەكان بكات و لە وەزارتەكانی هەرێمدا، لیژنەی تایبەت بۆ پێویستەكانی ئەو ناوچانە دروست بكرێت.
3- ڕووپێوییەكی تەواوەتی ئەو ناوچانە بكرێت لەڕووی كشتوكاڵی و جوگرافی و پێكهاتەی دانیشتوانەكەی و سنوری هەرێمی كوردستان، بەهێزو قایم بكرێت و خەندەقی باش و حەشارگەی مەحكەمو سەنگەری خۆپاراستن دروستبكرێت.
4- هەموو فەرمانبەران بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان و بە چاوێكی یەكسان و بەبێ جیاوازیی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییاندا بكرێت و گیان و ماڵ و بەرژەوەندییەكانیان پارێزراوبن و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان بكرێت.
5- بۆ لەخۆگرتنی گەنج و لاوەكانی ئەو ناوچانە، دەبێت خوێندەكارانیان لە كۆلیژو پەیمانگاكانی هەرێم وەربگیرێن و ژمارەیەكیشان لە كۆلیژەكانی پۆلیس و سەربازی و پێشمەرگایەتی وەربگیرێت.
6- ڕێگاوبانەكانی ئەو ناوچانە بە شارو شارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستانەوە، ببەسترێنەوەو وەزارەتی پەروەردە لەم هاوینەدا، خێوەتگای چالاكی بۆ قوتابخانەكانیان بكاتەوەو بیانبات بۆ شارەكانی تری هەرێم بە مەبەستی گەشت و مەشق و ڕاهێنان.
7- وەزارەتی تەندروستی، هەڵمەتێكی پشكنینی نەخۆشییە جۆراوجۆرەكان ئەنجامبدات و حكومەتی هەرێم هەوڵی سەوزكردنی ئەو ناوچانە بدات.
8- وەزارەتی رۆشنبیری، نیشانەو جێدەستی بەعەرەبكردن لەسەر شوێنەكان بسڕێتەوەو یاسایەك دەربكرێت بۆ بوژاندنەوەو نوێكردنەوەی سیما كوردستانییەكانی ناوچەكە.
9- كۆمپانیاو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، هان بدرێن و كارئاسانییان بۆ بكرێت بۆ ئەوەی لەو ناوچانەدا كاربكەن.
10- بانگەواز بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە كوردانەی لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی تەعریبەوە ئاوارەكراون و هەموو پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت.
PM:01:56:29/06/2014