حكومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە و بژێوی خەڵک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوكردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و ڕایگەیاند" كە كاری لەپێشینەی حكومەت، دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە". 

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و ڕێكخستنەوەی داهاتی گشتی و باشتركردنی بژێوی هاووڵاتیان تاووتوێ كرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، سەرۆكی حكومەت جەختی لەوە كردەوە، كە كاری لەپێشینەی حكومەت، دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەت هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ لە پێناو برەودان بە داهاتە گشتییەكان و كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان بۆ ئەوەی بتوانێت هاوكات لەگەڵ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران، بەردەوامیش بێت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و ئەنجامدانی پڕۆژەكان و ڕەخساندنی هەلیكار بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ڕێكخستنەوەی باج و ڕسومات و میكانیزمی كۆكردنەوەی باجەكان تاووتوێ كرا و بڕیاردرا ، جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی پرۆسەی ڕێكخستنەوەی باج و ڕسومات بكات.

دووپاتیشكرایەوە، كە كابینەی نۆیەم هیچ باجێكی زیاد نەكردووە، بەڵكو تەنیا شێوازی كۆكردنەوەی باجەكانی ڕێكخستووەتەوە و ئەو باجانەی پێشتر بە پێی یاسا دانراون، كۆیان دەكاتەوە بە بێ ئەوەی كاریگەرییەكی نەرێنی لە سەر بژێوی هاووڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژار و مام ناوەندی كۆمەڵگە و جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبێت.

لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها جەخت لە دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و دیاریكردنی نرخ و ڕێگریكردن لە قۆرخكاری و بەرزبوونەوەی نرخ كرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردران بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێنماییانە بە ڕەچاوكردنی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەكاربەرانی هەرێمی كوردستان

لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا و لە پێناو كارئاسانیكردن بۆ وەبەرهێنەران و نەهێشتنی ڕووتین و لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا، بڕیاری دابەزاندنی دەسەڵاتەكانی تایبەت بە كەرتی وەبەرهێنان ومۆڵەتدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، بۆ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان درا.



PM:08:01:04/07/2021