میدیا فەرمییەکانی یەکێتی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی-یان بڵاونەکردەوە

شەوی ڕابردوو لەدوای کۆبوونەوەی لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دا لە دەباشان، پەیامێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە لە میدیا فەرمییەکانی یەکێتی ئەو پەیامە بڵاونەکرایەوە.

ئەمڕۆ کە چەند کاتژمێرێک تێدەپەڕێت بەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی، کە دوێنێ شەو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە میدیا فەرمییەکانی (PUK و میدیای گەلی کوردستان) بڵاونەکرایەوە.

بڵاونەکردنەوەی ئەو پەیامە لەلایەن ئەو میدیانەوە کە پێشتر گرنگییەکی زۆر دەدرا بە هەواڵ و چالاکییەکان و لێدوانەکانی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم میدیانەش نزیکن لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و سیاسەتی ئەو پەیڕە دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی ڕابردوو لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى په‌یامێکی توندی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" یەکێتی نە بەکارەساتی هەکاری‌ و نە بەخەنجەری ژەهراوی ئاڵای شۆڕش‌ و نە بەخیانەتی ٣١ى ئاب‌ و نە بەپیلانگێڕییەکەی ڕیفراندۆم‌ و دواجاریش بەگەلەکۆمەکی نێوخۆیی‌ و ئیقلیمی‌ و عوسمانی‌ و چەند ڕۆژی ڕابردوو نەڕوخا". 



AM:10:29:12/07/2021