فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کە باڵاترین دیپلۆماتکاری وڵاتەکەیەتی دەڵێت" عێراق توانای نییە بە چەک ڕێگری لە هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر خاکەکەی بکات".
لە دیدارێکی تایبەت کە رادیۆی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵیدا سازیکردووە، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، دەڵێت "عێراق بڕوای نییە بەهێز بەرامبەر هێزێکی تر راوەستێت و تواناشی نییە."
وتەکانی فوئاد حوسێن، کە وەزیرێکی کوردە، لە وەڵامی پرسیارێکدا هات لەسەر بۆمبارانەکانی تورکیا بۆ سەر چەکدارەکانی پەکەکە کە زیانی گیانی و مادی بە هەرێمی کوردستان لە باکوری عێراق گەیاندووە.
ئەم ڕادە راشکاوییە لە وتەکانی وەزیرە عێراقییەکدا دەریدەخات ١٨ ساڵ دوای رووخانی حکومەتی سەدام حسێن لەلایەن ئەمریکاوە، عێراق هێشتا ماویەتی ببێتە خاوەنی دامەزراوەیەکی سەربازی بەهێز کە بتوانێت بەرگری لە سەرەوەری خۆی بکات.
فوئاد حسێن لە واشنتنە وەکو بەشێک لە شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران موستەفا کازمی کە بڕیارە رۆژی دووشەممە لە کۆشی سپی لەگەڵ سەرۆک جۆ بایدن کۆببێتەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق، دەشڵێت " تورکیا رەزامەندی وڵاتەکەی وەرنەگرتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر پەکەکە".
هەروەها وتووشیویەتی "هیچ ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی نییە لە نێوان عێراق و تورکیادا کە ڕێگە بە تورکیا بدات بێتەژوورەوە."
فوئاد حسێن لە قسەکانیدا لەسەر کێشەی دەیان ساڵەی نێوان پەکەکە و تورکیا - کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە چل هەزار کەس کە زۆربەیان کورد بوون -گەڕایەوە بۆ زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر و وتی ئەو کات تورکیا دژی کوردی عێراق دەجەنگا.
فوئاد حسێن وتی، "ئێمە باسی کەی دەیکەین باسی ساڵی ١٩٨٠. ئەمە دژی کێبووە؟ ئەو کاتە پەکەکە هەر نەبوو. پەکەکە وەکو تەنزیمی سیاسی هەبوو. پەکەکە شەڕی چەکداری لە ساڵی ١٩٨٤ راگەیاند. ئەو کاتە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوێ بوو. ئەمە دژی کوردی عێراق بووە."
وەزیرە عێراقییەکە داوای لە تورکیا کرد واز لە ڕێگەی سەربازی بهێنێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە.
ئامانجی رەخنەکانی فوئاد حوسێن تەنیا تورکیا نەبوون. بەڵکو پەکەکەشی تۆمەتبار کرد کە "کێشە"ی بۆ عێراق وهەرێمی کوردستان دروستکردووە.