لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ڕێژەی بەڕزبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لەشاری سلێمانی سێ نەخۆشخانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا داخران کە لەسەرەتای سەرھەڵدانی ئەو ڤایرۆسەوە تایبەت کرابوون بە توشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، لەم ڕۆژانەی دوایدا بەپێی ڕاگەیاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر ھەڵکشانی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە تایبەت جۆری نوێی کە بە دەلتای ھندی بەناوبانگە، بەجۆرێک ئاستی مەترسی توش بونی زۆرترە، بەڵام لەشاری سلێمانی سێ نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆڕۆنا داخران کە سەرجەمیان لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەھەرێمی کوردستان کاریگەری و گرنگی خۆیان ھەبوە بۆ توشبوانی ڤایرۆسەکە، ئەوانیش نەخۆشخانەی ئاسا لە گەرەکی قرگەی شاری سلێمانی و نەخۆشخانەی عەلی ناجی لە شاڕێی سالم و لە ھەفتەی ڕابردوشدا نەخۆشخانەی شەھید ئاسۆ گەڕەکی کانی با.
ئەمەش لەکاتێکدایە ھیچ بەرپرسێکی کارگێڕی و ئیداری سلێمانی ھۆکاری داخستنی ئەو نەخۆشخانەی ڕون نەکردۆتەوەو پاڕێزگارو ئەنجومەنی پارێزگار بەدواداچونی بۆ کێشەی ئەو نەخۆشخانەیان نەکردوە.
ماڵپەڕی (سپی)، چەند جارێک پەیوەندی بە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی کرد، بەڵام هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوت.